شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی داقووق یەکێکە لە دوو شارەدێی شارۆچکەی داقووق لە پارێزگای #کەرکووک# لە باشووری کوردستان.
$ناو$
ناوی ئەم شارەدێیە لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە ئەویش شارۆچکەی داقووقە:
لە (القاموس المحیط) و لە (تاج العروس)دا باس کراوە: بە (دقوق) لەنێوان #بەغدا# و #هەولێر#، لە فەتحەکاندا باسی لێوە کراوە، و شەڕێک بۆ خەواریجەکان ھەبووە، و بە سێ شێوە نووسراوە: (دقوق، #داقوق#، دقوقاء)، ئێستاش پێی دەوترێت داقووق.
ھەندێکیان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کاتێک قابیل ھابیلی برای کوشت، ھات و لەم خاکەدا نیشتەجێ بوو، بۆیە ناوی لێنرا (داقوق) لەبەر ئەوەی قابیل براکەی کوشت بە لێدانی (دق) سەری بە بەرد. لەمەوە بە ماڵی دقوق یان خاکی دقوق ناودەبرا، ئەم وتەیە وا دیارە تەنیا لێکدانەوەیەکی زمانەوانی بێت کە بەڵگەی مێژوویی تێدا نییە.
سەبارەت بە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن (طاووق یان طاوغ) کە وشەیەکی تورکییە و بە واتای (مریشک) دێت، پێشتریش لەلایەن خەڵکی شارەکە خۆیانەوە بەو شێوەیە ناویان دەبرد کە زۆربەیان تورکمانن. وەک گاڵتەجاڕی یان بەجدی گوندێکی نزیکی ناوی (خۆرس) بوو، کە بە زمانی تورکی بە واتای (کەڵەشێر) دێت.
سەبارەت بە زانا پڕۆفیسۆر #تۆفیق وەھبی#، سەبارەت بە وەرگرتنی ناوی (داقوقا) دەڵێت: وای بۆ دەچم کە ناوی (داقوقا) بە لکاندنی پاشگری ناسراوی ھیندی-ئێرانی (k) لە وشەی ڕەسەنی (دە، دھە) درووست بووە، بە واتای گوند دێت: مانای ناوی (دھە) کەم بووەوە، یان بە زیادکردنی پاشگری بچووککراوی (K) یان (AK) بۆی و دانانی بە شێوەی (دەھەک)، مانایەکەی بوو بە (گوندی بچووک). وشەی دێ لە ئێستای زمانی کوردیدا لە وشەی ھیندۆ ئێرانی (دە)ەوە ھاتووە. بۆ نموونە ناوی شاری (#دھۆک#) لە باکووری ھەرێمی کوردستان بە زیادکردنی پاشگری بچووک (وک) بۆ (دە) درووست بووە و مانای (دھۆک) گوندی بچووکە، پاشان ئەم ناوە بچووککراوەی (دەھک) دیسان بە زیادکردنی پاشگری (Uka) بچووکتر کرایەوە بۆی، و بوو بە شێوەی (دەھلووک) (دەھکوکە). و پاشان بە پێی کات بووە دھۆک.
کاتێک کورد لە زاراوەی کوردی خۆجێی دەنگی “ھا”یان لە ناوی (دە) (گوند) دابەزاند، ناوەکە بە (د)ی کراوە دەستی پێ کرد و بوو بە (دکوک) بۆ ئەوە زیادکرا، عەرەبەکان لە دوای فتوحاتەکان کە ناوچەکانیان گرت زۆرینەی پیتی (ک)یان گۆڕی بە پیتی (ق) وەک (سلوکس-سلوقس، کلیکیا-قلیقیا، #کرماشان#-قرمیسین)، پێدەچێت ناوی داقوق لەو سەردەمانەدا دەھکوک بوو بێت و واتای گوندی بچووک بووبێت و پیتی (ک)یان گۆڕیبێت بە پیتی (ق)، و ناوی دەھکوک بوو بێتە ( دەھقوق، داقوق).
$جوگرافیا$
شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی داقووق ھاوسنوورە لەگەڵ؛
لە باکوورەوە شارەدێی #لەیلان# و شارەدێی تازە#خورماتوو#.
لە باشوورەوە شارەدێی #حەمرین# و شارەدێی ئامرلی.
لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی دووزخورماتوو.
لە ڕۆژاواوە شارەدێی ڕەشاد.
$ڕووبەر$
ڕووبەری ئەم شارەدێیە (1279کم2)یە لە (12٫3٪) پارێزگای کەرکووک پێکدەھێنێت و (49٫5٪) شارۆچکەی داقووق پێکدەھێنێت.
$دانیشتووان$
دانیشتووانی ئەم شارەدێیە لە کورد، تورکمان و عەرەب پێکھاتووە، بە پێی پێشبینی دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ئێراق بۆ ساڵی 2021 دانیشتووانی ئەم شارەدێیە (71.778)کەسە. لە (4٫1٪)ی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک و (70٪)ی دانیشتووانی شارۆچکەی داقووق پێکدەھێنێت.[1]