[1]
جوانوو
شێرکۆ بێکەس
بۆ شەهید فەرهاد
تشرینی دووەمی /1986
جوانوویەک بوو
وەکوو شەفەق حیلەی سوور و
وەکوو کولوو گیانی سپی.
نە ترس و بیم ڕەنگی حیلەی سووری گۆڕی و
نە دووکەڵی پایتەختێکیش گیانی سپی.
سنوورەکان هەرچەندیان کرد ڕامیان نەکرد.
کەچی زارۆکی کوردستان
کامیان وەک قامیش لاواز و
کامیان ئێجگار برسی و ڕووت بوو
ئەیان توانی، لە ترۆپکی هەڵەمووتدا
بە ئاماژەیەک ڕایگرن...
خۆ بە یاڵیدا هەڵواسن و
باڵی فڕینی پێ بگرن.
جوانوویەک بوو، چوارپەل ئاگر
دابین نەبوو، وەکوو عەشق
وەکوو قوڵنگەکەی فەرهاد.
تەنها ئەو وەختە دابین بوو
کە لە سمکۆڵانی چیا و وەرزی گڕدا
بە بڵێسەی، دەست و پلی خۆیەوە بوو!