کەسوکاری شەهیدان!
پێشمەرگە کۆڵنەدەرەکان!
گەلی ئازادیخوازی کوردستان!
لەهەلومەرجێکدا ناوچەکەو عیراق و سەرانسەری کوردستان، بەدۆخێکی هەستیاری پڕ لەپرسیاری جۆراوجۆردا تێدەپەڕێو، جۆرەها نیگەرانی و ناڕەزایی ئابوری، سیاسی، حوکمڕانی و دەستوری لای ڕای گشتی سەریهەڵداوە، یەکێتی، وەکو هەمیشە، سەرباری کێشە گشتی و تایبەتییەکان، بەرپرسیارێکی بنچینەیی چارەسەرکردنی کێشەکانە. بۆیە، گەیشتینە ئەو باوەڕو بڕیارە کە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کۆبونەوە ئاساییەکانی، بەئامادەبونی تەواوی ئەندامان، بکەن و بڕیارە ڕەسمیەکانی، دوور لەبۆچونی لابەلا سەبارەت بەدۆخەکە، ڕابگەیەنێت.
سەعات (11)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (11-02-2017)، مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی جێگری سکرتێری گشتی هەڤاڵ #کۆسرەت ڕەسول# عەلی، سەرەتا سەردانی جەنابی سکرتێری گشتی (#مام جەلال#)مان کردو بە بەرێزی ڕاگەیەندرا، کە لەمەودوا، بەردەوام کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسی ئەنجامدەدرێ، هەتا یەکێتی، لەسەر ڕێبازەکەی مام جەلال، درێژە بە خەبات و کاریگەرییەکانی بدات و بەردەوام وەکو بەشێکی چارەسەری کۆی کێشەکان، لەبەشەکانی کوردستان، پەرلەمان، حکومەتی هەرێم، عیراق، پرسی سەرۆکایەتییەکان و ناوچەکە، بمێنێتەوە. مام جەلال، خۆشحاڵ بوو بە سەردانەکەو کۆبونەوەکان و ڕۆڵی یەکێتی.
پاشان مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ کۆسرەت، لەسەر ئەم بڕگانە کۆبوەوەو بڕیارەکانی پەسەند کران.
یەکەم: گۆڕانکاری لەپشکی پۆستەکانی حکومەت بە ڕاوێژ لەگەڵ حکومەت بکرێ، هەروەها ئاڵوگۆڕ لەئۆرگانەکانی ناو یەکێتیشداو دانانی پۆستەکانی تریش لەبەغدادو هەولێردا، پەسەند کرا.
دووەم: کۆبونەوە، دوا کۆبونەوەی وەفدی باڵای یەکێتی لەگەڵ #پارتی دیموکراتی کوردستان#، بەئەرێنی هەڵسەنگاند. درێژەپێدانی کۆبونەوەکانیشی لەگەڵ پارتی و #گۆڕان# و لایەنەکانی دیکەش، بەپێی نەخشەرێگای یەکێتی، بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، لەعیراق و کوردستان و پرسە دەستوری و یاسایی و ئابورییەکان بەگرنگ زانی.
رۆژی پێنج شەممەی ئاییندەش (16-02-2017) مەکتەبی سیاسی بۆ دوا تاوتوێی نەخشەرێگاکەی یەکێتی کۆدەبێتەوەو بڕیاری کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیش، بۆ هەمان ئامانج دەدرێ. پرۆژەو بڕیارەکانیش، پێش دوا پەسەند، دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی ناوەند.
مەکتەبی سیاسی
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
#11-02-2017#