بە بارێک ڤۆدگاوە دەچێ و سەری بچێ نوێژی ناچێ!
لە نووسینی #کەریم سمکۆ#
ڕێگایەکی پڕ لە چاڵ و هەوراز و نشێوێکی سەخت دەبڕین، وردەوردە لە قەڵا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیک دەبینەوە، قەڵایەک لەوێوە گیانی زۆرێک لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخەنە بازنەی ئامانج و ژیانیان لێ سەندراوەتەوە. لەناو دۆڵێکی قووڵ و بە لووتکەچیا داپۆشراو مەیدانی ئەسپەکان و شوێنکاری کوردە کاسبکارەکان دەردەکەوێت، ڕەنگە لەبەر هەندێک ئەو شوێنە سەختەیان بۆ مانەوە و هەڵبەستنی بارەکانیان هەڵبژاردبێ، تا لە تۆپباران و مەترسی پاسدارانی ئێران پارێزراو بن.
بە پێچەوانەی شلکەرێواس و گوڵەشلێرەکانی ئەم سنوورە، ڕەنگی ڕەشهەڵگەڕاوی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەیدانەکە سەرنجم ڕادەکێشێ، بەرهەمی گۆرانی (گەنجی پیر)ی زەکەریام بیر دەکەوێتەوە. هێندێک تازە لە کەمینی پاسدارانی ئێران ڕزگاریان بووە و گەڕاونەتەوە شوێنەکە، بۆیە لە تەنیشت ئەسپەکانیان لەناو خیز و بەرد و پەتۆ تۆزاویەکاندا چوونەتە ناو خەوێکی قووڵ.
حیلەحیلی ئەسپ و ڤڕەی مێکزەمینەکان لە هەورازەکەدا تێکەڵ بە ترسی سنوورەکان دەبێت، کوردە کاسبکارەکان هەر یەکەی بە کۆمەڵ خەریکی چالێنان و خواردنی نانی بەیانین، لەبەر کەشی ساردی سنوورەکان منیش خەوتانی خۆم کردووە، پێچەوانەی ئەوان کە پاڵتۆ و جلی #گەرمیان# لەبەردایە.
ڕزگاربووانی کەمینی پاسداران
مام برایم تەمەنی هەڵکشاوە بۆ سەرووی شەست ساڵی و نیوەی تەمەنی خۆی لە سنوورەکان بەڕێکردووە، ئەو یەکێکە لەوانەی شەوی ڕابردوو لە بۆسەی هێزەکانی ئێران ڕزگاری بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمیشە زیندەگی بەم جۆرە بووە، دەڵێت: بە خەیاڵمدا نایە، چوون ئەوە کاری ئێمەیە کە هەمیشە لە بۆسەی ئەو دوژمنانە هەڵێین و ڕزگارمان بێ. مام برایم لەگەڵ هاوەڵەکانی خەریکی چاخواردنەوەیە و دەڵێت: شەوی ڕابردوو کاروانەکەمان نزیکەی سەد ئەسپ دەبوو، لە شەودا بەڕێ کەوتین، تا نزیک ئاواییەکان، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئێران تەقەمان لێ کرا و هێندێک لە ئەسپی هاوەڵەکانمان بەر گوللە کەوتن و بە بارەوە بەجێمان، هەندێکیشمان دوای پەرت و بڵاوبوونەوەمان یەکتریمان گرتەوە و بەناچاری بەناو ئەو شاخانەدا گەڕاینەوە ئێرە.
بەقسەی ڕۆستەمی کە خەڵکی شاری #مەهاباد#ە، نزیک بە چوار شەوە ناتوانن دەربازی گوندەکانی ئەودیو بن و هەر شەوێک بارەکانیان بپێچن و وەڕێ بکەون، دەکەونە نێو بۆسەی پاسدارانی سەرسنووری ئێران و ئەوانیش ڕەحمیان پێ ناکەن.
ڕۆستەمی زیاتر دەڵێت: ئەو ئەسپانەی دەکەونە ناو بۆسەکە بەشێکی کەمیان هەڵدێن و دەچنەوە تەویلەکان، ئەگینا ئەوانی تر دەکوژرێن و بارەکانیان دەبردرێت، خولاسە سەرانی ئێران دەڵێن مەی حەرامە و قەدەغەکراوە، بەڵان بارەکان نە دەشکێندرێن، نە دەشماندەنەوە، ئەی کەواتە بۆ کێیانە؟. ڕۆستەمی بە دەستە شەقاڵ شەقاڵ و ڕوخسارە ڕەشهەڵگەڕاوەکەی تێم دەگەیەنێ کە چ سەختییەکی چەشتووە لەم سنوورانە بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک بۆ خێزانەکەی.
دوا تەلەفۆن
میرزا قادری، چایە زەردەکەی هەڵقۆڕاند و هەرایەکی کردە هاوەڵەکەی: جەوان کا ئەو گووشییەم بۆ بێنە، بابچمە هۆوەی تیلیفۆنێک بکەم، بزانم چ باسە. منیش بە هەلم زانی لەو کاسبکارەی تەنیشتەخۆم بپرسم: ئەرێ خانەوادەکەتان ئاگادارن کە چەند شەوێکە لە گەمارۆدان و ناتوانن لەبەر دەستڕێژی گوللەی پاسدارانی سنوور بگەڕێنەوە؟ ڕەحیم کە بە قسەی ئێمە لە خە و هەستابوو دەنگی هەڵبڕی: کاکە دوێ شەو کە تێمانهەڵێنا بۆ دواجار زەنگێکم بۆ دایکم لێ دا، نەکات نەمبینێتەوە و دوا قسەم پێ کوت، ئیدی ئەوە ژیانی ئێمەیە ئاخر هەمیشە (دایکم) تەنیا منی بۆ ماوەتەوە، ئەگینا برایەکم هەر بە دەستی پاسداران شەهید بوو لەسەر ئەو کاسبیە.
ڕەحیم، زیادی دەکات: هەر کەسێک لەو مەیدانەدا قامکی لەسەر دانێی شەو نییە بۆ دواجار زەنگ بۆ ماڵەوە لێ نەدا، هەیانە تیلیفون بۆ دۆستەکەی دەکا، هەیانە بۆ باوکی، هەیانە بۆ دایی، هەیانە بۆ هاوڕێیەکی عەزیزی، چونکە پارساڵ هاوڕێیەکم لەدەستدا خانەوادەکەیان زۆری بۆ پەرۆش بوون، دایی بە هاوارەوە دەیکووت: خۆزگە جارێکی تر قسەم دەگەڵ بکردیتایە.
ڤۆدکا و نوێژ
ئەو کاسبکارانە ماددە کحولییەکان بە ڕێگای قاچاغەوە دەگەیەننە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەقسەی سەرکارەکەیان: هەموو بارەکە ڕەوانەی عەجەموستان دەکرێت و لەوێ ڕەواجی زۆری هەیە و پووڵی باش دەکات!.
کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لەو وڵاتە ئیسلامیانەی کە لە سنوورەکانەوە زۆرترین ماددەی کحولی بۆ دەچێت، وەک سەرکارەکە دەڵێت: زۆر جار ڕێگا دەکڕین بە پووڵ یان بە ماددەی کحولی.
موحسین ڕەزایی، بە ڕیشە دان و ماشییەکەی نیشانی دەدا تەمەنی زۆری لەو کارە خەرج کردووە، ئەو کە سێ منداڵی لە دانشگا دەخوێنن، دەڵێت: ژیانمان بۆ ناگوزەرێ ئەگەر دەست بۆ ئەو کارە نەبەین، هەر جارەی نزیک بە 500 هەزار تمەنمان بۆ دەمێنێتەوە تەنیا لە کرێبارەکەی، چوون بارەکە هیی خاوەنەکەیەتی و ئێمەش تەنیا بۆی دەگوازینەوە.
ڕەزایی، کە سەروسەودای لەگەڵ پەیوەندیی ئایین بە کار و کۆمەڵگەوە هەیە و پتر باس دەکا: ئایین کاریگەریی لەسەر کاری ئێمە هەیە، هێندێک کەس بەهۆی ئایینەوە ناتوانن بەلاشماندا تێپەڕن و سڵاویشمان لێ بکەن، کەچی ئێمە مەی بەکار ناهێنین و نایخۆینەوە، من بۆخۆم سەرم بچێ نوێژم ناچێت و کاسبی خۆشم دەکەم، پەیوەندیم بە خەڵکییەوە نییە چ دەڵێن و چی ناڵێن، گرنگ ئەوەیە بۆ دۆڵارێک سەری خۆم شۆڕ نەکەم و خۆم نەفرۆشم.
شامپانیا و ڤۆدکا و ئیفێس و جۆرەکانی مەی لەناو بارەکاندا شڵقە شڵقیان دێت و جارجارەش کاسبکارەکان لەناو مەینەتی سەختی ژیان و ترسی کەوتنە بەر گوللەی هێزەکانی ئێران، بۆکسێک بیرە و کحول تێکەڵ بە یەکتری دەکەن و لەبن شاخەکان تاڵی ژیان لەبیر خۆیان دەبەنەوە.
جەوانێک جلێکی خاکی پۆشیوە، لەگەڵ بەستنی بارەکەی گۆرانییەکی ڕەزازی لێ دەدا و جارجارەش مەی دەنۆشێ، ئەو دەڵێت: سەروبنی ئێران بگەڕێم کارم دەست ناکەوێ، منداڵەکانم چاوەڕێی دەستی منن پووڵێکیان بۆ بەرمەوە، ئیدی خودا ئەو کارەی بە قسمەت کردووم و دەبێت پێیەوە خۆشبەخت بم.
چەتە و ڕێگر
ڕۆژانە نزیک بە دوو سەد ئەسپ و بارگیر دەگەنە ئەم مەیدانە، بارەکانیان لە دیانای سەربە پارێزگای #هەولێر# بۆ دەچێت و لەوێش بەناو کێڵگە بەمینچێندراوەکان و مەترسی هێزەکانی ئێران دەگەنە ئاواییەکانی نزیک #پیرانشار# و #شنۆ#. سولێمان ڕەسوڵی لەناو کۆمەڵێک کاسبکار بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە: دەفعەیەک تێمان هەڵێنا تا نزیک گوندی زێوکەی سەربە پیرانشار، بەڵان لەلایەن پاسدارانەوە تەقەیەکی زۆرمان لێ کرا، ئەوان بە سێ ئێف و شاباز و جیپ و ماتۆڕسکیل بەدواماندا دێن، بەڵام ئەو شەوە هەر لەسەر گردەڵۆکەیەک مانەوە و تەقەیان دەکرد، دواتر کە ڕێمان گوم کرد و گەڕاینەوە سنوور، زەنگمان بۆ هەندێک هاوەڵەکانمان لێ دا و ئەوانیش وتیان ئەوە چەتە بوون.
مام کەریم کە قسەکەی لە سولێمان ڕەسوڵی وەرگرتەوە دەڵێت: هەندێک جار کەسانی چەکداری حکوومەتی بە شەراکەت لەگەڵ بەپرسە سەربازییە باڵاکاندا، لە سنوورەکە ڕێگری و کاری چەتەیی دەکەن، ئەوان دەگەڵیان ڕێک دەکەون کە هەر بارێکیان دەست بەسەردا گرت لەگەڵیان بەش بکەن، ئەوەی کوشتیشیان ئازادن، ئیدی چەتەکانیش دەست ناپارێزن، ئەگینا خۆ سوپاش دەتوانن چەتەکان دەستگیر بکەن و بەکەیفی خۆیان تەراتێن بە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەکەن.
هەواڵە ناخۆشەکە
دەمە و ئێوارەیە کاروانەکە بەهەمان تاس و گەرماوی ڕۆژانی پێشووتر خۆیان ڕێک دەخەنەوە و بارەکانیان وەردەپێچن، هەموویان کەیفساز و دەم بەخەندەن گوایە ئەمشە و دەگەڕێنەوە باوەشی خێزانەکانیان و لەگەڵ جگەرگۆشەکانیان وازی دەکەن، هەر کەسەی پەلەپەلیەتی بارەکەی تاقەت دەکات و ئەسپەکەی تێراو دەکات و ڕێکی دەخا، کاروان وەڕێ دەکەوێ، ئێمەش بە تۆمارکردنی بەسەرهاتەکانیان خۆمان ڕێک دەخەینەوە بۆ ئەوەی دوا وێنە بگرین و هەر کاسبکارێک بەلاماندا تێ دەپەڕێ دەڵێت: نیشانی دەن هەتا پێتان دەکرێت لە وڵاتان پەخشی کەن، با ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ بزانێت چ زیندەگییەکی تاڵمان هەیە، ئەوەیە ژیانی ئێمە بە تەمای چوونەوە نین و گیانمان بە خودا دەسپێرین.
پەیداکردنی پارووەنانێک لای ئەو کاسبکارانە مانای تایبەتیی خۆی هەیە، بە تێڕامان و وەرگرتنی فۆکسی ڕوخسار و کار و کەسابەتیان هیلاکی ئەو ڕۆژەمان بیر دەچێتەوە، ڕۆژ لە لووتکەچیاکان بە ئاوێتەبوونی وێنەی ئەسپەکان ئاوا دەبێت، ئێمەش وەک پێچەوانەی بەیانی تا دێت لێیان دوور دەکەوینەوە.. لەگەڵ گەیشتنەوەمان بۆ ماڵەوە خەوێکی خۆش چاوەکانی گەرم کردم، زەنگی تەلەفۆن ڕای چڵەکاندم: سڵاو.. ئەو کاروانەی ئەمڕۆ چوونە لایان لەسەر سنوور، دیسان لە نزیک گوندەی فڵان کەوتوونەتە بۆسەی پاسدارانی ئێران و بەشێکیان بەبێ ئەسپ گەیشتوونەتەوە سنوور، ئەوانی تریش پەرش و بڵاو بوونە، ڕەنگە زیانی زۆریان لێ دابن. سەرچاوە ئەمنییەکە زەنگەکەی داخست، سەیری کاتژمێر دەکەم کاتێکەی یازدەی شەو نیشان دەدا.