ئاستی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە بەراورد بە دوو مانگی ڕابردوو بۆ 16 هەزار بەرمیل زیادی کردووە. بەهۆی پەیوەستکردنی بۆریی بیری حاجی عەواد بە بیری ژمارە یەکی کێڵگەی نەوتی حەسیرەوە، ڕۆژانە زیاتر لە سێ هەزار و 110 تۆن نەوتی خاو دەردەهێنرێت.
رامیار عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری شارەدێی سەرقەڵا دەڵێ پێشتر ڕۆژانە نۆ هەزار و 500 بەرمیل دەردەهێنرا، ئێستا بەبەردەوامی 120 تەنکەر دەچێت و دەکاتە نزیکەی 25 هەزار بەرمیل ڕۆژانە. ئەمەش وای کردووە خەڵکی ناوچەکە داوای پترۆدۆلار بکەن بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە.
لە باشووری کوردستان تەنها گرنگی بە نەوت نادرێت، ئێستا حکومەت دەیەوێ لەڕێگەی بەرهەمهێنانەوە لە کێڵگەی نەوتی کوردەمیر، غازیش بەرهەمبێنێت بۆ ئەوەی بەشێکی بفرۆشێت و بەشەکەی دیکەشی وزەی کارەبای پێ بەرهەمبێنێت.
شاهۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناوەندی حەمرین بۆ توێژینەوە دەڵێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە لیژنەی ناردووە بۆ ئەوەی بزانن چەند غازی هەیە، تاوەکو وێستگەی کارەبای #گەرمیان#، کە بڕیارە لە گەرمیان دروستبکرێت، بە غازی سرووشتی کاربکات، ئەو غازەش توانای بەگەڕخستنی وێستگەیەکی 700 مێگابایتی هەیە.
ئەو نەوتەی لە کێڵگەی حەسیرە دەردەهێنرێت، ڕۆژانە لەڕێگەی تانکەرەوە دەبرێتە خورمەڵە و لەوێ لەگەڵ نەوتی کێڵەگەکانی خورمەڵە #تەقتەق# تێکەڵ دەکرێت و دووبارە لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان جەیهان ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێت.
ئه و کۆمپانیایانەی لە باشووری کوردستان کاری دەرهێنانی نەوت دەکەن، دەیانەوێت ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بکەن، بۆیە لە گەرمیان تاوەکو پارێزگەی #دهۆک#، گەڕان و پشکنینەکانیان بۆ دۆزینەوەی نەوت چڕتر کردووەتەوە.[1]
#07-08-2018#