سەعات (11)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی هەڤاڵ #کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی# جێگری سکرتێری گشتی، کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە شاری #سلێمانی# بەرێوەچوو.
کۆبونەوەکە، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی ماڵئاوایی ڕابەرو سکرتێری گشتی سەرۆک #مام جەلال#، بە دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال و شەهیدان دەستی پێکرد، دۆخی سیاسی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەتایبەتی تاوتوێکراو و هەڵسەنگێندرا.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەختیکردەوە، لە پێویستی تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بەشێوەیەکی بێلایەنانەو لەسەر بنەما یاسایی و دیموکراسیەکان و هەموو جۆرە ساختەکارییەک بە کارێکی نایاسایی و دژ بە بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەزانین، لەهەمان کاتدا هەموو جۆرە چەواشەکارییەک بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و هەموو پەلاماردانێک بۆ سەر یەکێتی بەتوندی ڕەتدەکەینەوە.
دووپاتیشی دەکەینەوە، کە یەکێتی لە ڕێگای کەناڵە یاسایی و ڕەسمیەکانەوە، هەوڵی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی متمانە و دەنگی دەنگدەران دەخاتەگەڕ، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانیش هەڵوێستی کۆتایی خۆی ڕادەگەیەنێت.
کۆبونەوە، لە ڕوانگەی پەرۆشی یەکێتی بۆ پاراستنی یەکریزی و ئارامی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان، جەختیکردەوە، لە پەنابردن بۆ ڕێگای گفتوگۆی بەرپرسیارانەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەئامانجی ڕەخساندنی زەمینەیەکی ئارام بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پیرۆزبایی لە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بەسەرۆک کۆماری عیراق و پشتیوانی سەرکردایەتی یەکێتی-یشی بۆ سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیاندا دووپاتکردەوە.
هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی پیرۆزبایی لە کچە کوردی ئێزدی خاتوو #نادیە موراد# کرد، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆ ساڵی 2018.
سەبارەت بە دۆخی عیراق، پێکهێنانی کابینەی حکومەت، یەکێتی سوورە لەسەر مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان و ئاساییکردنەوەی دۆخی #کەرکووک# و #خانەقین# و ناوچە کوردستانیە جێناکۆکەکان و پێکهێنانی حکومەتێک، کە ڕەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت و هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
لەسەر ئاستی عیراق و کوردستانیش، ئەنجومەنی سەرکردایەتی، پرسی شەراکەتی ڕاستەقینە لە حوکمڕانی و بەرپرسیارێتی هاوبەش بەگرنگ دەزانێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئارامی لەپرۆسەی سیاسی.
لە کۆبونەوەکەدا، جۆش و خرۆشی جەماوەری دڵسۆزی یەکێتی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و ئەندامان و دۆستان و تێکۆشەران و #پێشمەرگە# و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ و کەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی و ڕێکخراو و کۆمەڵە و ئۆرگانەکان و ژنان و گەنجان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردەواری، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕۆژی دەنگدان بە بەرزی نرخێندراو سوپاسی و پێزانینی ئاراستەکردن، کە بەشێوەیەکی ئارام و شارستانیانە پشتیوانیان لە لیستی (105)ی یەکێتی کرد.
بۆ قۆناغی نوێی خەباتی سیاسی و پەرلەمانی، لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەخوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنانەی دۆخەکە و پێویستیەکانی قۆناغەکە، خۆی سازدەدات و درێغی ناکات لە سەلماندنی مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی یەکریزی نیشتمانی و باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی ئامانج و بنەما لە مێژینەییەکانی یەکێتی.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#06-10-2018#