ئەمرۆ شەممە 6/10/2018 ئەنجومەنی سەرکردایەتی #یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان# بە ئامادەبوونی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازکرد بە مەبەستی تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 30/9 دا ئەنجام درا..
سەرەتا کۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم ڕێکخستنەکان و ئۆرگانەکانی حیزب و کاندیدە بەرێزەکان و دەنگدەرانی لیستی (بەرەو ئیصلاح) کرد و هەوڵ و ماندووبوونەکانیانی بەرزنرخاند.
پاشان کۆبوونەوە هەڵوەستەی کرد لەسەر ئەنجامە بەراییە ڕاگەیەنراوەکان و نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر ئەو پێشێلکاری و ساختەکاریانەی کە لایەنەکانی دەسەڵات ئەنجامیان داوە و بووەتە هۆی ناشیرنکردنی پرۆسەکە و زیادکردنی ڕێژەی دەنگی لایەنەکانی دەسەڵات بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە پێوەرەکانی دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ.
لەوبارەیەوە کۆبوونەوە بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوەی دەرئەنجامە سەرەتاییە ڕاگەیێنراوەکانی هەڵبژاردنەکە، بەهۆی ئەو هەموو پێشێلکاری و ساختەکاریانەی کە ڕووبەرووی پرۆسەکە بووەتەوە.
لە تەوەرەیەکی تردا کۆبوونەوە ڕاوەستا لەسەر دابەزینی ڕێژەی دەنگەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکرا و، لەو بارەیەوە کۆبوونەوە ڕایگەیاند کە سەرکردایەتی یەکگرتوو ڕاشکاوانە داندەنێت بەو پاشەکشە نەخوازراوەدا و ئامادەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی هەر بەرپرسیارێتیەک لەو بارەیەوە ڕووی تێبکات.
بۆئەو مەبەستە سەرکردایەتی بڕیاریدا هەموو هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی دەرهاویشتەکانی ئەم پاشەکشەیە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری پێویست لە تێکڕای ئۆرگانە حیزبیەکان و دانانی پلانی پێویست بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆنوێکردنەوە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە خراپە و گرێدانی کۆبوونەوەی گشتی لە زووترین کاتدا.
سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، هەر لە بایکۆتکردنی تێکڕای پرۆسەی سیاسی یان هەر هەڵوێستێکی تر، کۆبوونەوە بڕیاریدا بە ئەنجامدانی ئەو ڕێکارانەی کە لە پێرەوی ناوخۆی حیزبدا دیاریکراوە و هەرچی زووە بڕیار و هەڵوێستی ڕۆشن لەو بارەیەوە ڕابگەیەنێت.
لەکۆتاییدا کۆبوونەوە داوای کرد کە ڕێکخستنەکان و ئۆرگانەکانی حیزب هەموو پێکەوە بە گوڕ و تینەوە پێشوازی لە قۆناغی نوێ بکەین و ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکان جێبەجێ بکەین و بەشکۆ و هیمەتی بەرزەوە پەیام و ئامانجەکانی یەکگرتوو بە ئەنجام بگەیەنین.
#06-10-2018#