هاونیشتمانیانی کوردستان
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 تێدەپەرێت، کە هەردوو هێزە شکستخواردووەکەی هەرێم (یەکێتی و پارتی)، کارەساتێکی گەورەیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناو، شاری #کەرکووک# و تەواوی ناوچە کوردستانیەکانیە دابڕێنراوەکانیان تەسلیمی دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد!
رووداوی 16ی ئۆکتۆبەر، لە حەقیقەتدا دوو ڕووداوی لەدوای یەکە؛ یەکەمیان سیاسییە بە سەرکردایەتی پارتی کە بریتییە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەکاتیکی نەگونجاودا. دووەمیشیان هێرش و پەلاماری هێزەکانی عێراقە بۆ سەر هێزی #پێشمەرگە# و ڕێککەوتنی تاکلایەنەی نهێنی نێوان یەکێتی و حکومەتی بەغدایە. ئەم یادە زامی ڕادەستکردنی شەنگال و خوشک و برا یەزیدییەکانمان وەبیردێنێتەوە لە جەستەی شەکەتی گەلەکەمان لەسەر دەستی ئەو دوو حیزبە.
پێشتر کورد دەسەڵاتی ئەمنی و تاوەکو ئاستێکی زۆری ئیداری شاری کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی تری بەدەستەوەبوو، کە بەخوێنی دەیان هەزار شەهیدی خەباتی شاخ و زەمانی ڕووخانی بەعس و شەڕی تیرۆریستانی #داعش# هاتبوونەدی، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سەفقەیەکی حیزبی و سیاسیدا تەواوی ئەوناوچانەیان، کە نزیکەی 51%ی سنووری خاکی باشووری کوردستانە، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمە بێ بەرنامەیەی پارتی و یەکێتییەوە ئەو دەسکەوتانەیان لەدەستدا. کە بەرپرسیارێتی ئەم کارەساتەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە خوێن و فرمێسکی گەلەکەمانیان بۆ بەرژەوەندی کەسی و حیزبی خۆیان بەکارهێنا.
لەم ساڵڕۆژە خەمناکەدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنین کە:
یەک: حکومەتی ئیتیحادی عێراق کە بە هێزی سەربازی هەڵیکوتایە سەر کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، پێشێلی گەورەی یاسای کردووە، کە بەدەقی دەستووری مەنعی کردووە هێزی سەربازی لە یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان پێکهاتەکان بکاربهێنرێ و ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا کەبەدیار چاوی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە ئەنجامیدا و هاوپەیمانانیش ڕوڵی تەماشاکەریان بینی. دووبارە بەتووندی ئیدانەی دەکەین و پێیان ڕادەگەیەنین، ئەگەرکورد و هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەیان ڕزگار و نەپاراستایە بێگومان بەدەست هێزی تیرۆریستی داعشەوە دەبوو و، چارەنوسی ڕزگارکردنیشی وەک و شاری #موسڵ# وێران و خراپتر دەبوو. ئایا پاداشتی کورد و پێشمەرگەتان لەرزگارکردن و پاراستنی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئاوا دایەوە!
دوو: پێویستە حکومەتی بەغدا ڕێز لە بنەماکانی دەستوور بگرێ و شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، لەڕووی ئەمنی و کارگێڕییەوە بەهاوبەشی لەگەڵ هەرێم بەڕێوەببرێن و ئەو دۆخە ئەمنی و عەسکەرتارییەتەی کە هێشتا بەناو شارەکانەوە دیارە کۆتایی پێبێت و دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەگشتی ئاسایی بکرێنەوە.
سێ: پێویستە #پارتی دیموکراتی کوردستان# دان بە هەڵەی ئەنجامدانی کاتی نەگونجاوی ڕیفراندۆمدا بنێت کە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دان بە هەڵەی سەفقەی ژێر بەژێری حیزبیی تەسلیمکردنەوەی کەرکووکدا بنێت. کە ئەو سیاسەتەیان تاوانێکە لە ئەنجامدا دەچێتە خانەی (ناپاکی نەتەوەیی)یەوە.
چوار: داوادەکەین بەزوویی و لەسەر بنەمای بەژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کەرکووک، یەکێتی و پارتی و کۆی پێکهاتە سیاسییەکان ڕێکبکەون لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، کە لەم دۆخە خراپەدا هەموو ڕۆژێک دواخستنی ئەو بابەتە، بەزیانی دۆزی نەتەوەیی کورد و خەڵکی کەرکووک دەشکێتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی پێویستە ئەو دوو حیزبە جۆری مامەڵەکردنیان لە ئیدارەی کەرکووک لەبەرامبەر (تورکمان و عەرەب و کلدوئاشوری) بگۆڕن، بەئامانجی بەدەستهێنانی سۆزو پشتیوانی سیاسی ئەو پێکهاتانە، نەک وەک ئەوەی ئێستا کە بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی یەکێتی و پارتییەوە ئەو پێکهاتانە یان لەکورد بوغزاندووە.
#بزووتنەوەی گۆڕان#
#16-10-2018#