پیرۆزبایی و سەرنج
مێخاسان و مێرخاسانی بەڕێزی #ڕێکخراوی کوردیپێدیا# سڵاو،
لەم ڕۆژانەدا (فێبریوەریی 2019) ژمارەی بابەتەکانی کوردیپێدیا لە خشتەی سەرەکیی بابەتەکاندا گەییشتە زۆرتر لە چارەکە ملیۆنێک! بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و خۆشم دەکەم کە توانیمان بەو ئاستە بگەین.
لە سەرەتای کارەکانمانەوە هەمیشە هیواخوازی ئەوەبووم کە ژمارەی بابەتەکانمان بگاتە یەک ملیۆن! لێ وەک دەڵێن ڕێگای هەزار میلی بە هەنگاوێک دەستپێدەکات و ئێمەش زۆریمان بڕیوە.
بەڕێزانم،
خودی خۆم، دەمێکە وازم لە خەونی یەک ملیۆن بابەت بۆ کوردیپێدیا هێناوە! ئەگەرچی ئەوە کارێکە و دەکرێت بێتە دی لە ساڵانی داهاتوودا. ئەوەی کە بۆ من زۆر گرنگە چۆنایەتیی بابەتەکانە نەک چەندایەتی. هەربۆیە بیرتان دەخەمەوە سەرنجتان بۆ لای چۆنایەتی یان کوالیتیی بابەتەکان ڕادەکێشم. تکایە گەر دەزانن بابەتێک کوالیتیی خراپە چاکی بکەن و با سەرماندا تێنەپەڕێت.
گرنگە هەر بابەتێک سەرباسێکی ڕوون، درێژەی بابەتی پێویست، سەرچاوە، وێنە و فایلی پەیوەندیداری پێویست، پەیوەستکردن بە بابەتی ترەوە، هاشتاگی پێویستی هەبێت. ئەوانە گرنگترین پایەکانی تۆمارسازی و ئەرشیڤکردنە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری.
خۆشبەختانە ئێمە زۆربەی بابەتەکانمان بەو شێوەیەن و تێکڕای کوالیتیی بابەتەکانمان لە ٪70 زۆرترە. پیرۆزە.. بەڵام دیارە هێشتا وەک پێویست نییە!
هاوکارانم،
کوردیپێدیا جگەلەوەی خاوەنی گەورەترین و پۆلێنکراوترین پەڕتووکخانەی دیجیتاڵی کوردییە، داتابانکێکی فراوانی زانیاریی مرۆڤی کورد و کوردستانی و شوێن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری کوردستانیشە. ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر سەردانی ماڵپەڕەکەمان دەکەن، سەیری ڕاپۆرتەکانمان دەکەن، خوێندکاران سوود لەو زانیارییانە دەبینن کە ئێمە پۆلێنمان کردوون. کەم سەرچاوەی تری کوردی لەو شێوەیە لەسەر تۆڕی ئنتەرنێت هەیە کە بەو شێوازە نوێ و ئاسانە زانیارییەکانی بەردەست کردبن.. هەر یەک لە ئێوە پایەیەکی گرنگ و ئافرێنەری ئەو کێوە زانیارییەی کوردیپێدیان، بە بەردەوامیی ئێوە و کاری باشی ئێوە و ڕەچاوکردنی ستانداردەکانی ڕێکخراوەکەمان زۆرتر و زۆرتر بەرەو پێشەوە دەچین..
سوپاس بۆ ئێوە..
هاوڕێ باخەوان
19-02-2019