پەرلەمانتارانی ژنی باکوری کوردستان لە فراکسیۆنی #هەدەپە#، نامەیەکیان ئاراستەی ژنە سیسەتمەدارەکانی باشوور کرد، ئاماژەیان بە هێرشی سەر مەخمور و ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ کردووە و ڕایانگەیاندووە، کە شەڕی ناوخۆ بە هیچ جۆرێک پەسەند ناکەن، داواشیان لە ژنانی باشووری کوردستان کردووە لە دژی پیلانەکانی داگیرکەران بووەستنەوە و هەڵوێست نیشان بدەن.
پەرلەمانتارانی ژنی باکوری کوردستان لە فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لەسەر هێرش بۆ سەر مەخمور و ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ و هەوڵی داگیرکەران بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆ، نامەیەکیان بۆ د. ڕێواس فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان، یەکێتی خوشکانی ئیسلامی، یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی و ژنانی حیزبی زەحمەتکێشان و ژنانی ئەندام لە حیزبەکانی باشووری کوردستان نارد.
ژنانی هەدەپە، لە نامەکەدا بە ئاماژەدان بە خەباتی ژنان و ئەو زوڵم و زۆرەی لەسەریانە داوایان لە ژنانی باشووری کوردستان کردووە لە دژی پیلانەکانی داگیرکەران بوەستنەوە و هەڵوێستی مێژوویی خۆیان نیشان بدەن و دژی درووستبوونی شەڕی ناوخۆیی بوەستنەوە.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، ئاماژە بەوەدراوە کە جوگرافیای کوردستان بە درێژایی مێژوو بووەتە ناوەندی شەڕی نێودەوڵەتی و بۆ ئەوەی کە کوردیش نەبنە یەک هەموو کات دوژمنانی کورد و وڵاتە سەردەستەکان ناکۆکییەکانی ناوخۆیان وەلا ناوە و بوونەتە یەک، نموونەی ئەوەش لە ڕیفراندۆمەکەی ئەم دواییەی باشوردا دەرکەوت، کە هەموو هێزە باڵادەستەکان لەدژی دەرکەوتن، بەڵام هەمیشە ئێش و ئازاریی هەر پارچە و شارێکی کوردستان ئێش و ئازاری هەموو پارچەکانی دیکە بووە و بەردەوام کلتور و خەباتمان یەک بووە و یەکێتی نەتەوەیی لە دڵماندا پێکهاتووە.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ژنانی هەدەپە، ئاماژەیان بە هێرشەکەی 15ی ئەم مانگە کردووە کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کرایە سەر کامپی مەخمور و بە هۆیەوە 3 ژنی کورد کوژران، ئەوەش لە کاتێکدابوو کە جیهان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بەڵام وڵاتانی سەردەست هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان و دەیانەویت ناکۆکی لە نێوان کوردا زیاتر بکەن و شەڕی براکوژی بکەن.
هەروەها ئاماژە بەوەدراوە کە ژنانی کورد هەتا ئێستا بە هەڵوێست و ڕووبەرووبوونەوەی خۆیان وەڵامی واتاداری داگیرکەرانیان داوەتەوە، بۆیە ئەمڕۆش زیاتر لە هەرکات پێویستمان بە یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی هەیە، ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە ئەوان وەک ژنانی پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا بەهیچ شێوەیەک ئەوە پەسەند ناکەن، چونکە زیانی زۆریان لە شەڕی خوشک و برا کوژیدا بینیوە و دەتوانین بە بەرزکردنەوەی دەنگمان و یەکێتیمان ڕێگا لە پیلانی داگیرکەران بگرین و وەڵامی واتاداری دوژمنانی کورد بدەینەوە.
ژنانی هەدەپە داواشیان لە تەواوی ژنانی پەرلەمانتاری باشووری کوردستان کردووە لە دژی پیلانەکانی داگیرکەران بوەستنەوە و هەڵوێستی مێژووی خۆیان نیشان بدەن و پێکەوە ڕووبەڕووی پیلانەکانی دوژمان ببنەوە، چونکە جیاوازی لە نێوان هیچ پارتێکدا ناکەین و بەناسنامەی کوردبوون و ژنبوون، بە تێکۆشانی خۆمان پێکەوە دەبین و کات کاتی بەهێزکردنی یەکێتییە.
لە کۆتایی نامەکەشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەڵینمانداوە گەلی خۆمان لەهەر جۆرە ڤایرۆس و هێرشێک بپارێزین و یەکێتی ژنی کوردیش بنچینەی یەکێتی گەلی کوردە و ئێمە بە شەڕ گەلێک زیانمان بەر کەوتووە، هەر بۆیە دووبارە ڕایدەگەیەنین کە بەهیچ شێوەیەک شەڕی خوشک و براکوژی قبوڵ ناکەین و بە هەموو هێزمان ڕووبەڕووی دەبینەوە.[1]
#21-04-2020#