ناوی تەواوی سارا سەردار حەمەبەگە، لە #04-04-1985# ، لە شاری شیراز لە وڵاتی ئێران لەدایکبووە. خوێندنی ئامادەیی (وێژەیی) لەوێ تەواو کردووە و لە ساڵی 2004 گەڕاوەتەوە کوردستان و لە بەشی مێژووی گشتی #زانکۆی سەڵاحەدین# وەرگیراوە و بڕوانامەی باکالۆریۆسی بەدەست هێناوە. لە ساڵی 2015ەوە دەستی کردووە بە کاری رۆژنامەنووسی لە بواری مێژوو و شوێنەوار و کەلەپوور.
لە سەرەتادا نووسینەکانی زیاتر لە چوارچیوەی ڕاپۆرت لەسەر گرفتەکانی بواری شوێنەوار بووە، بەڵام دواتر بە مەبەستی زیاتر ناساندنی شوێنەوار و مێژووی کورد بە تاکی کورد، دەستدەکات بە توێژینەوەی مەیدانی و زانستی لەسەر مێژووی کۆنی کورد بە پشت بەستن بە هەبوونی شوێنەوار و بەڵگەی مێژووی و سەرچاوە، لە ئەنجامی زنجیرە توێژینەوەیەک کتێبی #ناسینەوەی کورد لە شوێنەواردا# دەنووسێت.
سارا سەردار لە ساڵی 2018 لەگەڵ چەند کەسێکی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری شوێنەوار و ڕاگەیاندن و کاری ڕێکخراوەیی دەست دەکەن بە دامەزراندنی ڕێکخراوی کەونار بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور، کە مەبەستیان هاندانی خەڵکە بۆ زیاتر پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور. و چەندین پرۆژە جێبەجێ دەکەن. لە ئێستادا سارا سەردار بەردەوامە لەسەر کار و چالاکییەکانی لە بواری شوێنەوار و مێژووی کۆنی کورد و لە ماڵپەڕی باسکورد درێژە بە کارەکانی دەدات وە هەروەها ئەندامی ڕێکخراوی کوردیپێدیایە و لە سایتی کوردیپێدیاش بەردەوامە لە کارە ئەرشیڤوانەکانی.
[1]