پەیوەندی کورد و سۆمەرییەکان، تاکەی کێشەی سۆمەرییەکان بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە؟
نووسینی: فاتیح عەبدوڵڵا محەممەد
مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی، پسپۆڕ لە بواری مێژووی دێرینی کوردستان، بڕیاردەری بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
سۆمەرییەکان یەکێکن لە گەلە دێرینەکانی کوردستان و باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی نێوان دوو ڕووبارە. لەسەر کاتی دەرکەوتن و ڕەچەڵەکی ئەم نەتەوەیە مشتومڕی زۆری هەیە و تاکوو ئێستا یەکلانەکراوەتەوە کە سەربە چ ڕەگەزێکن و لە کوێوە هاتوون؟ تەنیا ئەوە نەبێت سەلمێنراوە ڕەگەزی سامی نەژاد نین، واتە زۆر جیاوازن لە ئەکەدی و ئاشوری و بابلی و کلدانی و ئارامی و عەرەب. هەروەها چەندین بۆچوون هەن دەربارەی ئاری بوونی سۆمەرییەکان، بەڵام تا ئێستاش بڕیار نەدراوە ئەمانە ئاری نەژادن، یان نا، ئەوەش سەرنجمان بۆ خاڵێکی تر ڕادەکێشێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەمانە سەر بەو دوو کۆمەڵەیە نەبن کەواتە ئەی خەڵکی کوێن، لە کوێوە هاتوون؟ لە چ ڕەگەزێکی مرۆڤایەتییەوە نزیکن؟ خۆ کۆمەڵێک گەلی ڕەسەن لە کوردستاندا هەن وەک سوباری و گۆتی و لۆلۆ کە ئاریی نین، بەڵام بە خەڵکی ڕەسەنی کوردستان دادەنرێن. کەواتە سۆمەرییەکان زۆر نزیکن لە سوباری و کاشییەوە لە ڕووی دیاری کردنی ڕەگەزەوە. خۆشبەختانە تاکوو ئەمڕۆ بەپێی مێژووی و شارستانی و جوگرافی و زمانەوانی و مرۆی و ڕەگەزناسی و.. هتد. ئەوەش سەلمێنراوە کە سۆمەر نزیکایەتیان لەگەڵ کورد و نەتەوە کۆنەکانی کوردستان وەک سوباری و کاشی و گۆتی و لۆلۆی و خوری میتانی و ئیلامی و هەندێک خێڵی گەورەی ئەمڕۆی کوردستاندا هەیە، وەک فەیلی و ئەو کوردانەی ئەمڕۆ لە ناوچەی بەدرە و جەسان و شوێنی نزیک لە پاشماوەی شارە سۆمەرییەکاندا دەژین. ئەگەر ئێمە یەک بە یەک باس لەو بەڵگانە بکەین دەتوانین بگەینە ئەو ڕاستییە و کێشەی هەڵواسراوی سۆمەر یەکلایی بکەینەوە. با لە سەرەتاوە بە بەڵگەی جوگرافیایی و شوێنناسی دەست پێبکەین کە وەک ئاڕاستەی کۆچی سۆمەر بە هەند وەردەگرێت.
لێرەدا بۆچوونی هەندێک شوێنەوارناس دەخەینەڕوو لەسەر ڕەگەز و چۆنێتی هاتنی سۆمەرییەکان بۆ میسۆپۆتامیا، دواتر شێیان دەکەینەوە. پێش ئەوە پێویستە بزانین وشەی سۆمەر لە چییەوە هاتووە و شوێنیان کوێیە؟ بەشێکی زۆر لە توێژینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە وشەی (سۆمەر -شومر) بۆ یەکەمجار لە دەقەکانی سەردەمی پاشای ئوور کە نازناوی خۆی وەک پاشای وڵاتی سۆمەر ئەکەد داناوە، هاتووە. بەمانای (زەوی) یان (سید الارچ القێب -گەورەی زەوی ناوچە قامیشەڵانەکان). (1) هەروەها سۆمەر لە بنچینەدا لە دوو بەش پێک هاتووە (سو) واتە گەل (مر) واتا دانیشتوو -نیشتەجێی -مرۆڤ. (2) هەروەها جۆرج ڕوو دەڵێت: (ناوی سۆمەر بۆ ناوی ناوچەیەک لە باشووری میسۆپۆتامیا بەکارهاتووە کە بە شۆمەریش ناسراوە یان بۆ دەوڵەتەکەیان بەکارهاتووە). (3) هەروەها (یولیوس ئۆپیرت) یەکەم کەس بوو زاراوەی سۆمەری بەکارهێنا لە ساڵی 1869زدا. (4)
سنووری جوگرافیای وڵاتی سۆمەر دەکەوێتە باشوور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیاوە، لە باشوورەوە کەنداوی عەرەب و وڵاتی ئیلام هەندێک جار هەموو وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەیان لەژێر دەستبووە لە باکوورەوە خاپوور لە ڕۆژاواشەوە ڕۆژاوای کوردستان. (5) لە گرنگترین شارەکانی سۆمەر ئەمانە بوون: (لکش، ئورک، ئوور ئایسن و لارسا و ئوما و ئەریدۆ و نیپور) (6)
سەبارەت بە ڕەگەزیان بۆچوونی جیاواز و ناکۆک هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە تاوەکوو ئەمڕۆ زاناکان نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە یەکلایی بکەنەوە و ناویانناوە (کێشەی سۆمەر) (المشکلە السومرییە). ئەمەش بە پشتبەستن بە هەندێک بەڵگەی زمانەوانی و ڕەگەزی … هتد. بۆچوونێک دەڵێت: سۆمەرییەکان کۆمەڵە خەڵکێکن لە چاخەکانی پێش مێژووەوە لەوێدا ژیاون و بناغەی شارستانییەتییەکان داناوە. گەلێکی ڕەسەنی ناوچەکەن و سەربە هیچ ڕەگەزێکی سامی و ئاری نین، ئەمانە بە سۆمەر یان شومر ناسراون. (7) هەندێکی تر دەڵێن: لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون لە ڕێگەی ئێران و ئەرمینیاوە، بەڵگەش بۆ ئەمە داستانێکی سۆمەرییە کە هیی پاشای سۆمەر (انمرکار) لە خێزانی یەکەم لە شاری ئوور و لە دوای تۆفان، باس لەوە دەکات کە باووباپیرانیان بە ناوچەی شاخاویی و بەرزدا هاتوون. هەر بۆیە (سمۆئیل کریمەر) پێیوایە لە قەوقاز و قەزوینەوە هاتبن و لە چاخی نوێ و کانزایی و سەردەمی شارستانییەتی عوبێد و وەرکا ْ دا. هەروەها دەڵێت دوای ئەوەی بەرێگای ئێراندا گەیشتۆنەتە ناوچەکە، خۆیان بەهێزکردووە و خۆیان سەپاندووە، چونکە ئەو سەردەمە بە چاخی پاڵەوانیش (العصر البطولی)ش دەناسرێت. هەندێکی تر دەڵین: پێدەچێت لە هندستان و ئەفغانستان و بلوجستانەوە هاتبن و لە ئێران ماونەتەوە، پاشان بەرەو میسۆپۆتامیا هاتوون بە ڕێگەی ئاوی. (8) تاکە بەڵگەشیان بۆ ئەم بۆچوونە لێکچوونی گلێنەسازی (فخار)ە لەگەڵ وڵاتی سۆمەردا. کۆتا بۆچوون دەڵێت: لەوانەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی دیالەوە چوبێتن بۆ باشوور، چونکە سۆمەرییەکان گەلێکی شاخاوی جەنگاوەر بوون سەرەڕای ئەوەش خاوەن شارستانییەتێکی پێشکەوتوو بوون پێش داهێنانی نووسین، کەلوپەلی پێشکەوتوویان بەکار هێناوە کە سەرچاوەکەی ناوچە شاخاوییەکان بووە، لە هەزارەی چوارەمی پ. ز دا بەرەو باشوور ڕۆیشتوون. هەروەها سمۆئیل کریمەر پێیوایە سۆمەرییەکان لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پ. ز و هەزارەی سێیەمی پ. ز هاتوونەتە ناوچەکەیان لە چاخەکانی پێش مێژوو، یان لە چاخی (عوبێد و وەرکا ْ و ئەریدو) کە هەزارەی پێنجەم دەکات. لەم ڕوانگەیەوە هەریەک لە زانایانی وەک سمۆئیل هنری کوک و سمۆئیل نوح کریمەر و فرانکفۆرت وجۆرج ڕوو، تەها باقر و فازڵ عبدالواحید لەگەڵ ئەو بۆچوونەن کە سۆمەرییەکان نیشتمانی ڕەسەنیان وڵاتی ناوچە شاخاوییەکانی میسۆپۆتامیایە لەوێشەوە دابەزیونەتە خوارەوە. کەواتە زێدی ئەوان کوردستانە. هەروەها هندکوک و ئەحمەد سوسە پێیان وایە لە ناوچەی ئیلامەوە هاتوون، هاری ساکزیش دەڵێت: لە ڕۆژهەڵاتی بابلەوە هاتوون. (9) لەگەڵ ئەمانەشدا لە کۆنفرانسێکی زانستیدا لە ساڵی 2000 ز لە بەغدا، سەبارەت بە کنە و پشکنینەکان و پاشماوە شوێنەوارییەکان هەڵسەنگاندنی ئەوکارانە ئەنجام دراوە، لە ئەنجامی ئەوکارەدا لە لایەن شارەزایانی ئەو بوارەوە ئەوە ڕاگەیەنرا بە بەڵگەی ڕاستی و زانستی سەلمێنرا نیشتمانی ڕەسەنی سۆمەر باکووری میسۆپۆتامیا بووە. (10)
وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا هەموو ئەو بیروبۆچوونانە ئاماژەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەن کە سۆمەرییەکان پەیوەندیان بە دانیشتووانی کۆنی کوردستانەوە هەیە. ئیتر چی لەگەڵ گوندی چەرموو یان زاوی چەمی یان شانیدەر و هەزارمێرد لە چاخەکانی پێش مێژووەوە، چی لە ڕووی ڕەگەز و چی لە ڕووی شوێنی یەکەم و نیشتمانی ڕەسەنی سۆمەرەوە بێت. (11) بەتایبەتیی لەگەڵ سوبارییەکان وەک توێژەر نعیم فرح دەڵێت: (یەکەمین گەلی باکووری میسۆپۆتامیا سوبارییەکانن و لەگەڵ سۆمەردا زۆر نزیکن و دەگەڕێنەوە بۆ سەر یەک ڕەگەز، لە بنچینەدا یەک کۆمەڵ بوون و دواتر بوونەتە دوو بەشەوە، سۆمەر بەرەو باشوور ڕۆشتوون و سوباریش لە باکوور نیشتەجێبوون). (12)
هەروەها کێشەی کۆچی گەلان و جوڵەیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، یان ئەو ئاڕاستەیەی کۆچەکەی لێوە دەکرێت و بۆی دەچێت جێی بایەخی توێژەران دەبێت. بۆیە هەموو ئەو توێژەرانەی باس لە کۆچی مرۆڤایەتی دەکەن باس لە ئاڕاستەی جووڵەی کۆچەکان دەکەن. یان باس لە تواندنەوەی بەفر و خۆشبوونی ئاووهەوا دەکەن. مەبەست لەمە ئەوەیە کە دوای ئەوەی شوێنەوارناسەکان چەندین شوێنەواری گرنگ و سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتییان لە باشووری کوردستان دۆزییەوە وەک شانیدەر و هەزار مێرد و پاڵی گەورە و زاوی چەمی و چەرموو لە چاخەکانی بەردینی کۆن و ناوەڕاست و نوێدا، کە مێژووی ئەمانە بۆ (100.000 -6500)پ. ز دەگەڕێتەوە، ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن کە کۆمەڵێک مرۆڤی سەرەتایی لەم ناوچەیەدا ژیاون، یەکەم هەنگاو مرۆڤی ئەشکەوتی هەزارمێرد و شانیدەر بوو، لە چاخی بەردینی کۆن. بە ڕاوشکار و بەری درەختەکان ژیاون سادە و ساکار بوون جگە لە چەند کەلوپەلێکی لە بەرد درووستکراو و بەکارهێنانی ئاگر و ئەشکەوت هیچی تریان نەبووە، بەڵام هەر ئەم مرۆڤانەن و نەوەکانیانن وردەوردە پێش دەکەون. بۆ نموونە دانیشتووانی شانیدەر لە چاخی بەردینی ناوەڕاستدا ئەشکەوت جێدەهێڵێن و دێنە کەناری زێی گەورە و دەست دەکەن بە کشتوکاڵ و خانوو درووست دەکەن بە شێوەی کوخ و وەک سەرەتایەک بناغەی بەردیان بەکار هێناوە. ڕەنگە وەک شوێنی هاوینەش بەکارهاتبێت و لە زستاندا گەڕاونەتەوە ئەشکەوت، بەڵام پشکنینەکانی زاوی چەمی ئەوەی سەلماند ئەم مرۆڤانە لە گوندی بچووکدا ژیاون. کەواتە ئەمە هەنگاوێک لە ئەشکەوت دوورکەوتنەوە و بەرەو کەناری ڕووبارەکان هاتوون دوای ئەوەی ئاووهەوا خۆش بووە، هەروەها پێدەچا هەر ئەم مرۆڤانە لە چاخی بەردینی نوێدا بەرەو باشوور و خۆراوا ڕۆشتون و بنکەی شاری بچووکبچووکیان دامەزراندوە وەک ئەوەی گردی حەلەف لە ڕۆژاوای کوردستان و حەسونە و شمشارە و سامەرا لە باشووری کوردستان لە چاخی بەردینی کانزای لە ماوەی ساڵانی (6500 -3500)پ.ز. (13)
ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە دانیشتووانی ئەشکەوتی هەزار مێردی سلێمانی و باڵی گەورەی بازیان لە چاخی بەردینی کۆندا ڕاستییەکە و لە لایەن شوێنەوارناسە بەناوبانگەکانی ئەمریکاوە ئیشی تێداکراوە وەک (دروسی گارودی و هاو …) ئەوەی جێی سەرنجە پێدەچێت دوای خۆشبوونی ئاووهەوا ئەم دانیشتووانە بیریان لە گۆڕینی ژیانی سەرەتایی خۆیان کردووەتەوە و بەرەو کەناری ڕووبارەکان هاتوون و ژیانی ئەشکەوتیان تێپەڕاندوە، لە نزیک ڕووباری باسەڕە و شیوەسوور خەریکی کشتوکاڵکردن و نیشتەجێبوون بوون. باشترین نموونە دانیشتووانی گوندی چەرمووە کە گوندێکیان لە بناری چیا و کەناری ڕوباری شیوەسوور درووستکردووە کە (25) ماڵ بووە و 150 کەسی تێدا ژیاوە، پاشماوەی گۆزە و کەلوپەلی قوڕین وەک قاپ و قاچاخ و داس و تەور و کەرەستەی دورینەوە و گەنم و جۆ و پاقلە و ئێسکی ئاژەڵی ماڵیکراو دۆزراوەتەوە. (14) ئەمەش بۆ ماوەیەکی زۆر لە جیهانی زانستی شوێنەوارناسی و مرۆڤایەتیدا بە یەکەم گوندی کشتوکاڵی دادەنرا لە جیهاندا.[2]
دەکرێت بپرسین ئەم خەڵکە لە کوێوە هاتوون خۆ هەر لەو گوندە درووست نەبوون. خۆ دەبێت لە شوێنێکی نزیکی ئەو ناوچەیەوە هاتبێتن، بە بۆچوونی ئێمە ئەم دانیشتووانەی گوندی چەرموو هەمان مرۆڤەکانی هەزارمێرد و پاڵی گەورەن، وردەوردە لە ئەشکەوت دورکەوتونەتەوە و لە کەناری دەشتاییەکانی دۆڵی بازیان و ئەودیوی دەربەند ی بازیان نیشتەجێبوون و بە کشتووکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکبوون و دەستیانکردووە بە درووستکردنی خانوو وەک گوندی چەرموو، چاخی بەردیی نوێ بە تایبەتیی لە ماوەی 6500 پ. ز تا 3500 پ. ز هەروەها دوای زیاتر خۆشبوونی ئاووهەوای ناوچەکە و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و هاتنەکایەی خێزان و کار دابەشکردن و بیرۆکەی زەویداری و پاوانخوازی وای لەمانە کرد زیاتر فراوان بن و بەرەو خواروتر برۆن، چونکە دەکرێت ئەم قۆناغە بە سەرەتای پەیدابوونی خێزان و خێڵ و خاوەندارێتی و سەرەتای پەیکەر و هونەر و ئایین و خواوەندەکان دابنرێت وەک دۆزینەوەی پەیکەری دایک وەک یەکەم خواوەند لە ناوچەکەدا. دیارە ئەم خێزانانەی چەرموو هەریەکەیان هەوڵیداوە زیاتر بەرهەمبهێنێن و زیاتر کشتوکاڵ بچێنن ئەوەش پێویستی بە زەوی زیاتر بووە. بۆیە جوڵان و گەڕان بە دوای زەوی باشتر خواستی ئەو کۆمەڵەیە بووە، وردەوردە بەرەو پێدەشتەکانی کەرکووک و دۆڵی ڕوبارەکاندا شۆڕبوونەتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی کەناری ڕووبارەکانی ناوچەی کەرکووک و دیالە مەڵبەندی شارستانیەتی کۆن بوون.
لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم دەشێت ئەم کۆمەڵە مرۆڤانە لە هەزارەی (4 -5) پ. ز دا گەیشتوونەتە باشوور و باشووری ڕۆژ هەڵاتی میسۆپۆتامیا و تێیدا نیشتەجێبوون، چونکە زەوی فراوان و خاکی بە پیتیان لە بەردەستدا بووە، هەر لەوێدا دەستیانکردووە بە کێڵگە و شاری بچووکبچووک دواتر لە سەردەمێکدا گەشەی کردووە و بووە بە شارە دەوڵەت.
لێرەدا خاڵێک جێی تێڕامانە، ئەویش ئەوەیە لە سەرجەم شوێنەواری سۆمەریدا گوند نابینرێت، جگە لە شار و پەرستگا، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەم خەڵکانە قۆناغی گوندیان تێپەراندووە لە گوندی چەرموو، هەروەها خاوەن پەیکەر و خواوەند بوون تەنیا پێویستیان بە شوێنێک هەبووە ئەو پەیکەر و خواوەندانەی تێدا بپارێزن و پەرستنی تێدا بکەن. کەواتە ئەم خەڵکە بیرۆکەی شار و پەرستگا و هێز و درووستکردنی کۆمەڵە چەکدار و وردەوردە بوونە میرنشین و دەوڵەت، دواتریش ئیمپراتۆرییەتی سۆمەر لە یەکەم بنەماڵەوە تا بنەماڵەی ئوری سێیەم و کۆتایی دەسەڵاتی سۆمەر. بۆیە زۆر دوور نییە دانیشتووانی سۆمەر هەمان دانیشتووانی چەموو و هەزارمێرد بن. هەر بۆیە لەگەڵ سوبارییەکانیش هاوچاخ و هاورەگەز و هاونیشتمانن و لەو کۆمەڵە مرۆڤانەوە درووستبوون کە باس کران، ئەمەش وەک بەڵگەیەکی جوگرافی و ئاڕاستەی کۆچی سۆمەرییەکان کە لە کوردستانەوە بۆ باشوور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیا چوون و نیشتەجێبوون و بناغەی شارستانییەتێکی پرشنگداریان دانا.
وەک دەزانین لە کۆی بۆچوونەکانی هاتنی سۆمەر دوو بۆچوون گەڵاڵە دەبێت لەسەر ڕۆشتنی سۆمەر بۆ ئەو ناوچانە. یەکەم ئەوەیە بە ڕێگەی وشکانی بووە ڕەنگە ئەمەش پاڵپشت لە بۆچوونی ئێمە بکات کە لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانەوە بەرەو پێدەشتەکان هاتوون، ئەمەش هەنگاو هەنگاو بووە نەک لە یەککاتدا، چونکە بە پێی قۆناغەکانی خۆشبوونی کەشوهەوا و سەردەمە جیاجیاکان بوون. بۆچوونی دووەم دەڵێت: ڕەنگە بە ڕێگەی ئاوی هاتبێتنە باشووری میسۆپۆتامیا کە ئەمەش بۆ خۆی دوو ڕاستی تر دەسەلمێنێت: یەکەم ڕەنگە ڕووباری زێی بچووک و سیروانیان بەکارهێنابێت ئەگەر لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە کۆچیان کردبا، ئەمەش هەر بە کوردستاندا ڕۆیشتون وەک سمۆئیل کریمە دەڵێت: لە ئێرانەوە هاتوون، ناشکرێت گەلێک کە گەیشتۆتە ئەو شوێنە هەروا بەخێرایی تێپەڕ بووبن، چونکە ئەم گەلانە هەر چەند پێشکەوتویش بووبن ئاژەڵدار بوونە و پێویستیان بە لەوەڕ و پشوودان بووە لە کۆچەکانیان، بۆیە هەر دەبێت هەر هەنگاو هەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ گەیشتبنە زێدی سۆمەر، هەروەها ئەگەر بە ڕێگەی دەریایی هاتبن چی لە دەریای هندی یان دەریای عەرەبی، ئەمەیان بۆ هەزارەی چوارەمی پ. ز جێی گومانە. کەواتە هەر لە کوردستانەوە هاتوون و تێپەڕیوون، هەروەها زۆرێک لە شوێنەوارناسان زاراوەی ناوچە شاخاوییەکانیان بەکار هێناوە وەک زێدی سۆمەر یان باکووری میسۆپۆتامیا کە ئەمانەش مەبەست لێی کوردستان بووە. لە هەمووی گرنگتر تاکوو ئەمڕۆ کۆنە گوندێک کە ئێستە بووەتە شاروچکە لە هەرێمی ئیلامدا ماوە بە ناوی (سۆمار) کە دەتوانین بڵێین لەگەڵ سۆمەردا هەر یەکن. لە شاری دیواندەرەش گوندێکی تر هەیە بە ناوی (کۆ سۆمەر). (15) بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە سۆمەرییەکانەوە هەیە، وەک دەزانین لە زمانی سۆمەردا (کو) بە واتای چیا دێت، (کوسۆمەر) واتە چیای سۆمەر یان ناوچەبەرزەکانی سۆمەر. بە بۆچوونی ئێمە ئەمەش پاڵپشت لەوە دەکات کە سۆمەرییەکان هەرخەڵکی کوردستانن.
ئەوەی پێشتر و لێرەدا باس کرا تەنیا وەک بەڵگەیەکی جوگرافی و ئاڕاستەی کۆچی سۆمەر بووە کە ڕەنگە وەڵامی پرسیاری سۆمەرییەکان لە کوێوە هاتوون، درابێتەوە تەنیا بەم بەڵگەیە.
لایەنێکی تر کە هەر پەیوەندی جوگرافی و سنووری سۆمەرەوەیە ئەوەیە کە ئەو ناوچانەی بنکە گرنگەکانی سۆمەریان لێدۆزراوەتەوە بەشێکی زۆریان لە سنووری جوگرافی کوردستاندایە. لە پارێزگای کووت و عەمارە و ناسریە و بەسرە و هاوشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات. هەروەها دەتوانرێت ئەوە بسەلمێنین کە بەر لە ئەکەدی و ئاشووری و بابل تەنیا سۆمەرییەکان لەو ناوچەیە بوون جگە لە کۆمەڵێک کە بە فوراتییە سەرەتایییەکان ناسراون، واتە ناوەڕاست و باشووری میسۆپۆتامیا نیشتمانی سۆمەرییەکانە بەر لەوەی نیشتمانی ئەکەد و ئاشور و بابل کلدان و ئارامی و عەرەب بێت. بە شێوەیەکی زانستی و پشتبەستوو بە سەرچاوە شوێنەوارناسەکان ئەوە ڕاستکراوەتەوە کە چۆن هەریەک لە ئەکەد و ئاشور و بابل و نەتەوە سامی نەژادەکان هاتوون بۆ ئەم ناوچەیە. کۆچی ئەم گەلانە لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە بەرەو ڕۆژ هەڵات و باکوور هاتوون. (ئەم سامی نەژادانە کە دەگەڕێنەوە سەر سامی کوڕی نوح لە دوای تۆفانەوە لە کوردستانەوە بەرەو باشوور و ڕۆژاوا چوون لە نیمچە دوورگەی عەرەبی نیشتەجێبوون، زانایان ڕوودانی تۆفان بە ڕووداوێکی ڕاستی دەزانن و تەها باقر بە بەڵگەی شوێنەوارناسی و ناوی تۆفانی لە چیرۆکی (گلگامیش) دا ساغکردووەتەوە، بەڵام لەسەر کاتی ڕوودانەکەی سێ بۆچوون هەیە: هەندێک دەڵێن زۆر دوور نییە (4500 -6000)پ. ز و هەندێک دەڵێن (6500 -8000) ئەوی تر (80000 -10000) ساڵ پ. ز دادەنرێت.) هەرچۆنیک بێت گەلانی سامی وەک ئەکەد و ئاشور و بابل لەو ماوانەدا لە دوورگەی عەرەبیدا ژیاون، بەڵام لە هەزارەی چوارەم و سێیەمی پ. ز دا بە هۆی چەند هۆرکارێکەوە هاتونەتە باشوور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیا وەک:
1. لە هەزارەی چوارەمی پ. ز دا وشکە ساڵی و قاتوقری ڕویداوە و گەلانی سامی بەشەپۆلێک کۆچوڕەویان کردووە، چونکە ئەوان کۆمەڵگەیەکی ئاژەڵدار بوون.
2. بەشێک لەو خەڵکە بە شێوەی شوانکارەیی و ئاژەڵداری بە دوای لەوەڕگاوە هاتونەتە وڵاتی سۆمەر و وردەوردە نیشتەجێبوون و نەگەڕاونەتەوە.
3. هەندێک خێڵی سامی نەژاد وەک سەرباز و بەکرێگیراو لە دەوڵەتی سۆمەردا کاریانکردووە، یان لە پەرستگاکانی سۆمەردا بۆ نموونە سەرجۆنی ئەکەدی کە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەکەدە وەک سەرباز و خزمەتکارێکی کۆشک کاری کردووە دواتر دەرفەتی بۆ ڕەخساوە توانی کودەتایەکی سەربازی ئەنجامبدات و ببێتە پاشای وڵاتی سۆمەر و ئەکەد و بابل.
4. بە ڕێگەی بازرگانی ئەمەش بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایە کە دەوڵەمەندن و خاوەن سامانەکان لە دەوڵەتی سۆمەردا وەک چینی بازرگان کاریانکردووە و بناغەی پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ دەوروبەدا هەبووە و سامییەکانیش بەشێک بوون لەو بازرگانانە و دواتریش نیشتەجێبوون و خۆیان لە وڵاتی سۆمەر چەسپاند، سەرەڕای بوونی بنکەکانی ئایینی و شارستانییەت لە وڵاتی سۆمەر. (16)
مەبەست لەم ڕوونکردنەوەیە ئەوەیە بزانین کە سۆمەرییەکان خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەن و دواتر گەلانی سامی نەژاد هاتوونەتە وڵاتی سۆمەر و میسۆپۆتامیاوە، کەواتە ئاڕاستەی سامی نەژادەکان بەرەو باکوور و خۆرهەڵاتی دوورگەی عەرەبی لە هەزارەی (4 -3) پ. ز دا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە سۆمەر وڵاتێکی پێشکەوتووتر و ئاوەدانتر و شارستانییەت و ئاساییشتر بووە. هەر بۆیە زۆر توێژەر و شارەزایانی بواری مێژووی دێرین خۆیان لەو ڕاستییە لادەدەن و بایەخ و بەو کۆچە مێژووییانە نادەن و دەڵێن باشوور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیا پەیوەندی بە کوردستانەوە نییە و سۆمەرییەکانیش دوورن لە ناوچە کوردییەکانەوە، لە کاتێکدا سۆمەر پێش سامی نەژادەکان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و لە هەموو نەتەوەکانی تری ناوچەکە لە پێشترن و ڕەسەنترن. هەروەها هەڵەیەکی تری توێژەری کورد ئەوەیە باشوور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیا بەخاکی عەرەب و سامییەکان دەزانن. ئەوەیان لەبیرکردووە کە عەرەب لەگەڵ پەیامی ئیسلامدا زیاتر بڵاوبوونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەوناچانە. زۆربەی سەرچاوە ئیسلامییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرلە پەیدابوونی ئایینی ئیسلام، عەرەب تەنیا لە دوورگەی عەرەبی بووە و هیچ پەیوەندی بە باشوور و ناوەڕاستی میسۆپۆتامیاوە نەبووە، بەڵکوو بە هۆی داگیرکاری و خۆسەپاندنی دەوڵەتی ئیسلامییەوە عەرەب هاتوونەتە ناوچەکە و هێدیهێدی و هەنگاو هەنگاو داگیریانکردووە و کوردستانیان کردووە بەچەندین هەرێمەوە و فەرمانڕەوای عەرەبیان لێداناوە. کەواتە دەوڵەتی ئیسلامی هاوکاری یەکەمی هاتنی عەرەبە بۆ کوردستان. هەر وەک چۆن لە بیستەکانی سەدەی بیستدا چەندین خێڵی عەرەب وەک ئاژەڵدار و کۆچەر هاتبوونە ئەمدیوی شاخەکانی حەمرین و دواتر دەوڵەتی عەرەبی هاشمی بە زۆر و ستەم درووستکراو بووە هۆی نیشتەجێبوونی ئەو عارەبە ئاژەڵدارانە لە خاکی کوردستاندا بە ناوی پڕۆژەی ئاودێری حەویجەوە لە ساڵی 1937ز، ئێستا ئەوان بە خاوەنماڵ و کورد بە داگیرکەر و تێکدەر دادەنرێت. کەواتە میسۆپۆتامیا کوردستان بووە و بە عەرەبکراوە لە هاتنی ئیسلامەوە تا ئەمڕوش بەردەوامە.
بەڵگەی دووەم ئەوە دەسەلمێنێت سۆمەر و سۆمەرییەکان لە کوردەوە نزیکن لە ڕووی شارستانییەت و مێژووەوە. لە بەڵگەی شارستانی و مێژووییدا هەموو ئەوانەی مێژووی لە دایکبوونی شارستانییەتی میسۆپۆتامیا دیاری دەکەن دەڵێن سەرەتاکانی بوونی دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پ. ز بە داهێنانی نووسین کۆتای دێت و ئەو ماوەیەش بە دەرکەوتنی گوندی پێشکەوتوو شار ناسراوە. کە لە پێشترین شوێن و ناوچەدا وەک چەرموو و حسونە و سامەڕا و حەلەف و عوبێد و وەرکا ْ و پاشان جمدەنێر. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنا ئەم ناوچەیە خاوەن پێشینەیەکی شارستانییەت بووە نەک وەک ئەوەی بەشێک لە زانایان دەڵێن سۆمەرییەکان لە ناوچەکانی ئەفغانستان و هندستان و بلوجستانەوە بە ڕێگەی دەریا هاتوونەتە میسۆپۆتامیا، بۆ ئەمەش تەنیا بەڵگەیان لێکچونی شێوازی کڵێنەسازی (فخار)ی ئەو وڵاتانەیە لەگەڵ سۆمەردا کە ئمەش جێی گومانە، چونکە لێکچوونی گڵێنەسازی ناکرێتە بنەمایەکی یەکلاییکەرەوی ڕەگەز و شوێنی گەلێک، هەروەها پێدەچێت ئەم گۆزە و گلێنانەی سۆمەر لە بلوجستان و ئەفغانستان و هندستان بە هۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە بووبێت نەک سۆمەر خەڵکی ئەوێ بێت. کەواتە دەبێت سۆمەرییەکان هەر بەشێک بن لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و شارستانییەتی گەلانی پێشووی خۆیان لە ناوچەکەدا، نەک لەناکاو هاتبن و توانیێتیان داهێنانێکی گەورە لە درووستکردنی شار و پەرستگا و نووسین و یاسا ودەوڵەت و ڕامیاریدا بکەن. درووستکردنی کۆشک و پەرستگای گەورە و پەیکەر و کەلوپەلی جەنگی و خانووبەرە کەرەستەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستکەوتووە، چۆن ئەمانە بەبا بوونی پێشینەیەکی پەیوەندی و مێژوویی توانیویانە و ئەو کەلوپەلانەیان دەستبکەوێت. (17) هەر وەک چۆن شوێنەوارناسەکان باس لەوە دەکەن کە دۆڵ و بناری چیاکانی میسۆپۆتامیای سەروو بە یەکێک لە مەڵبەندە گرنگەکانی پەیدابوون وگەشەسەندنی کەلتووری و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و داهێنانی گلێنەسازی ڕەنگاوڕەنگ دادەنێن و هەر لە وێشەوە بۆ ناوچەکانی خوواروی دووزێ (سۆمەر) و ڕۆژاوای سووریا بڵاوبووەتەوە.
پێشکەوتن و گەشەسەندنی کلتوری برۆنزی کە چەرخی بەکارهێنانی مس و تێکەڵکردنی بە کەرەستەی تر وای کرد جێگای کلتوری ئێنیولیتی، واتە چەرخی پەیدابوونی یەکەم کەلوپەلی لە مس درووستکراو لەپاڵ ئامێرە بەردینەکاندا، پەیوەندی بە پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ناوچەی میسۆپۆتامیاوە هەیە.
هەموو ئەگەرەکان ئەوەمان پێدەڵێن یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەم پڕۆسەیە ئەوەبووە کە پیشەکاری لە کشتوکاڵی جیابووە بە تایبەتیی پەیدابوونی پسپۆڕی گۆزە و گڵێنە درووستکردن و پەیدابوونی ئاسنگەری گەڕۆک وەک ئەوەی (چایڵد) دەڵێت زۆر گرنگە بۆ ئەم بابەتە.
لێرەشەوە باری سرووشتی دۆڵ و بەشی خواروی بنارەکانی ناوچە شاخاوییەکانی میسۆپۆتامیای سەروو لە ڕووی کشتوکاڵییەوە گەشەیسەند و داهێنانێکی گرنگیان ئەنجامدا کە کشتوکاڵی بەراو و باخچەکان بوون و کشتوکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردنیش هاوشێوە و هاوشان بوون کە بە زاراوەی (جوتیارە ئاژەڵبەخێوکەرەکان) بەکاردێت، نموونەی ئەمەی سەرەوە لە لای چایلد دانیشتووانی حەسونەیە. (18)
هەروەها دواتر لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پ. ز دا، واتە لە سەرەتای ئەو چەرخەی کە لەنێوان دووزا دا، لە خوارووی دیجلە و فوراتدا، یەکەمین کۆمەڵگەی چیندارە کۆیلەییەکان درووستبوون، ئەو کات دانیشتووانی ناوچە چیاییەکانی میسۆپۆتامیای سەروو ناوچەکانی هاوسا لە بانەکانی ئێران پلەی پێشکەوتنی کلتوریان لە خێڵەکانی بەشی خوارووی نێوان دووزا بەرزتر بوو. کە هەندا لەو نمونانەش هەریەک لە سوباری و هۆری و گوتی و لۆلۆی و کاشی … هتد بوون. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان ئەمانە وەک خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە و سۆمەرییەکاندا هەبووە. هەر بۆیە (س. پ. تۆڵستۆف و پ. گروزنی و ی. م. دیاکۆنۆف) بە بایەخەوە لە ناوچە و زمان و پەیوەندی هۆرییەکان لە ناوچەکە دەڕوانن. هەروەها ڕۆڵی گۆتییەکان لە هیی هۆرییەکان کەمتر نییە لە چارەنووسی مێژووی نێوان دووزا دا، چونکە ئەمانە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەن بە تایبەتیی لە لایەن زمانەوە کە زمانەکەیان یەکێکە لە زمانە کۆنەکانی زاگرۆسە. هەروەها لۆلۆییەکان و کاشییەکان و ئیلامییەکان پەیوەندی پتەویان هەبووە لەگەڵ وڵاتی سۆمەر بە تایبەتیی کاشییەکان لە ڕووی جوگرافییەوە کە ناوچەی لوڕستانی ئەمڕۆ نیشتمانیان بووە و لوڕەکان خۆیان بە پاشماوەی کاشییەکان دەزانن. (19) ئەو نەخشە شارستانییەتی و پەیوەندییە ڕەگەزی و ناوچەییە ئەوە دەردەخات لە ئەنجامی پەیدابوون و گەشەسەندنی کۆمەڵگەی چینی کویلەداری و دامەزراندنی دەوڵەتی کۆیلەداری بەهێزدا کە یەکەمجار لە خواروو لەنێوان دووزا دا لە خوارووی ڕووباری کارون و کەرخی دەرکەوت، دواتریش لە وڵاتی دوو ڕووبار، واتە ناوچەی میسۆپۆتامیای سەروو کە کوردستانی ئەمڕۆ دەکات ئەو نەخشەیە بەجارێک دەگۆڕا.
فیلێچڤسکی دەڵا: بەلای ئێمەوە گرنگ هەر ئەوە نییە کە کلتوری ئەم کۆمەڵگە کۆیلەدارانەی نێوان دووزا و ناوچەکانی دەوروبەری کارێکی یەکجار زۆری کردەسەر میللەتانی ناوچەی میسۆپۆتامیا، بەڵکوو ئەمەش گرنگە کە ئەم کلتورە خۆی بە جۆرێکی سەرەکی بە دەستی خەڵکی ناوچە چیاییەکانی میسۆپۆتامیای سەروو یان ناوچەکانی ڕۆژاوای بانی ئێران درووست بوو، لەسەر لاشەی ئەوان. واتە گەلانی دێرینی ئەو ناوچانە هەر لەم ناوچانەدا کۆمەڵگە کویلەدارەکان هەوڵیاندەدا دەستکەوتی مادی و هێزی کار، واتە کویلە پەیدا بکەن. بۆیە هەموو مێژووی ناوچەکە لە هەزارەی سێیەمی پ. ز بریتی بوو لە زنجیرەیەک هێرش و پەلاماری دەوڵەتی کویلەداری لە بەردەم ئەو سامان و دەغڵ و دانی ئەم ناوچانەیان بۆ خۆیان دەبرد و خەڵکەکانیان دەکرد بە کۆیلە. ڕاستە ئەمە لایەنی خراپیشی هەبووە، بەڵام لە ڕووی ڕەگەزی و شارستانییەوە گرنگی خۆی هەیە و بەشێکی زۆر لە کەلتووری گەلانی ناوچەکەی ڕووخاند و تێکەڵ بە خۆی کرد. ئەم لایەنەی کۆمەڵگەی کۆیلەداری ڕێگەمان دەدات دەستنیشانی ئەم توخمانە بکەین کە دواتر بوون بە بناغەی درووستبوونی خەڵکی سەرەکی و نەتەوەی کورد. (20) ئەمەش بەڵگەیەکی تری ناڕاستەوخۆ بوو بۆ بوونی پەیوەندی گرنگی نێوان نەتەوەی کورد و سۆمەر. چوونکە بەو پێیە بێت سۆمەرییەکان پێکهێنەری بەشێکی گەورەی نەتەوەی کورد و شارستانییەتی کوردستانن
بەڵگەیەکی تر لایەنی ڕەگەزییە وەک وتمان ئەوە خاڵێکی گرنگە کە سۆمەر ناچێتەوەسەر نەژادی سامییەکان و ئەگەر ئاریش نەبێت، ئەوا وەک گەلێکی ڕەسەنی ناوچەکەن و بەپێی شەپۆلی کۆچوڕەویان بێت لە کوردستانەوە ڕۆیشتون. کەواتە ئەمانیش وەک سوبارییەکان ڕەگەزێکی تایبەت بە خۆیان هەیە و سوبارییەکانیش بە گەلێکی دێرین کوردستان دەناسرێن و خاوەن شارستانییەتی تایبەت بە خۆیانن. کەواتە دەکرێت بە سەلماندن و پشکنینی ئێسک و پروسکیان کەلەسەرێکی کەسێکی سۆمەری و کوردێک ئەو ڕاستییە زیاتر بسەلمێنرێت و گومان لە نزیکایەتی کورد سۆمەری نەمێنێت. وەک لایەنێکی تر لە تێروانینی پەیکەر و وێنەی پاشاکانیان شتێکی ئەوتۆ ناتوانین بە دەستبهێنین، چونکە سۆمەر و ئەکەد و گۆتو ئەوانی تر تارادەیەک لە یەک دەچن.
بەڵگەیەکی تر کە زۆر گرنگە زۆرێک لە توێژەران جەختی لەسەر دەکەنەوە نزیکایەتی سۆمەر و فەیلییەکانە کە ئەمەش لە دوو ڕێگەوەیە.
یەکەم: فەیلییەکان خۆیان بە پاشماوە و نەوەی سۆمەرییەکان دادەنێن. ئەمەش ڕەنگە بە هۆی ئەوەوە بووبێت کە ناوچەی سۆمەر هەمان ناوچەی فەیلییەکانە و خێڵەکەیانیش بە درێژایی مێژوو لەو ناوچەیە ژیاون بە خەڵکێکی ڕەسەنی ئەو هەرێمە دەناسرێن تاکوو ئەمڕۆش ماون.
ڕێگەی دووەم: بە دۆزینەوە و لێکدانەوەی زمانەوانی ولێکچوونی سەدان وشەی سۆمەر لە وشەی فەیلیدا کە ئەمەش شتێکی زانستی و باوەڕپێکراوە، دوایی لە بەڵگەی زماندا لەسەری دەدوێین.
لە ڕووی ڕەگەزییەوە دەشێ لە کورد و ئارییەکانەوە نزیک بن، چونکە سۆمەرییەکان مەیلیان بەلای گەلانی میسۆپۆتامیای سەروە هەبووە، وەک لەوەی بەلای سامییەکاندا. (21) سەیر لەوەدایە بەشێک لە نووسەرە عەرەبەکان دان بەوەدا دەنێن کە سۆمەرییەکان ناچنەوە سەر ڕەگەزی سامی، بەڵام خۆشیان لەو بۆچوونە دووردەخەنەوە کە دەڵێت سۆمەرییەکان لە ئاری نەژادەوە نزیکن. بۆ نموونە تەها باقر دەڵێت: ڕەگەز (عرق -Race)ی سۆمەرییەکان سەربە ڕەگەزێکی سپین لە جۆرێک لە جۆرەکانی ڕەگەزی ناوچەی دەریای ناوەڕاست. هەروەها دۆزینەوەی پەیکەرە ئێسکی مرۆڤ لە هەزارەی پێنجەمی پ. ز دا هاوکاری ڕەگەزناسەکان نییە لە دۆزیینەوەی ڕەگەزی سۆمەر، بەڵام جۆری پەیکەری پیاوان و کەسەکانیان کە بە جلوبەرگ و ڕیش و کڵاو هەندێک تایبەتمەندی تر، ڕەنگە چەند خاڵێکی هاوبەش بدۆزرێتەوە سەبارەت بە ڕەگەزی سۆمەر، بەڵام بە هۆی تێکەڵبوونی گەڵانی میسۆپۆتامیا ئەم کارەش قورس بووە. (22) ئەم بۆچوونەی باقر سەبارەت بە دیاری کردنی ڕەگەزی سپی بۆ سۆمەرییەکان خۆ دوورخستنەوەیە لەو ڕاستییەی کە مرۆڤی دێرینی کوردستانیش بەشێکیان ئاری نین و بە قەوقاسی و ئاسیایی ناودەبرێت، بەڵام بە دانیشتووانی ڕەسەنی کوردستانیش دادەنرێن. کەواتە ئەم خاڵانەی سەرەوە نزیکایەتی نێوان سۆمەر و سوبارتو و گوتی و لۆلۆ زیاتر دەردەخات، چونکە خۆ مەرج نییە هەموو گەلانی دێرینی کوردستان ئاری بووبن، بەڵکوو شەپۆلی یەکەمی دانیشتووانی دێرینی کوردستانن و بەشێکن لە درووستکەرانی نەتەوەی کورد.
بەڵگەی زمان و زمانەوانی:
یەکێک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی دۆزینەوەی پەیوەندی سۆمەر بە گەلانی دێرینی کوردستان و کوردەوە، لایەنی زمانەوانیە لەم ڕوانگەیەوە چەندین توێژینەوە دەریخستوە زمانی سۆمەر و زمانی کوردی و چەند شێوەزارێکی کورد پەیوەندییەکی پتەویان هەیە. ڕەنگە هەندێک کەس لێرەدا بڵێین ناکرێت لێکچوونی هەندێک زاراوە بکرێتە پێوەری نزیکایەتی و یەکبوونی دوو زمان و نەتەوە. بەلای ئێمەوە زمان بە یەکێک لە بنەماکانی درووستبوونی نەتەوەیەک دادەنرێت. کاتێک مێژووی زمانی کوردی شێدەکەینەوە. دەمانەوێت ڕەگ و ڕیشەکەی دیاری بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەزارەی سێیەم و دووەم و یەکەمی پ. ز، چونکە پایەی یەکەمی زمانی کوردی لە لایەن گەلانی ڕەسەنی دێرینی کوردستانەوە دانراوە وەک سۆباری گۆتی و هۆری و کاشی و لۆلۆ، تەنانەت سۆمەریش.
لە هەزارەی یەکەمیشدا میدییەکان و ئۆرارتوو و ئاڤێستای زەردەشتی پایەی دووەمی زمانی کوردییە. لە دواتریش لە دوای درووستبوونی نەتەوەی کوردەوە لەسەر دەستی میدییەکان کە لە سەردەمی ئەشکانی و ساسانیدا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی کورد هاتووە، بەڵگەی چەسپاندنی زمان و نەتەوەیەکی گەورەی وەک کوردە، کەواتە لێرە ناکرێت هیچ گەل و نەتەوەیەکی سەر خاکی کوردستان بێ بەش بکرێت لە درووستبوونی نەتەوەی کورد و زمانەکەی. ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین هەندێک لایەنی زمان و زاراوەی سۆمەری و کوردی بەراورد بکەین. لە سەرچاوە سۆمەرییەکاندا وشەی (کو) بەواتای چیا هاتووە لای کوردیش (کو) بەکاردێت بۆ هەمان مەبەست بەتایبەتیی لای کوردانی فەیلی و لوڕ، بۆ نموونە (پشتکو) چیای پشت کو. هەروەها وشەی (هورمز) کە بۆ ناوی کەس بەکارهاتووە لە وشەی (هورمیس)ی خواوەندی سۆمەرییەوە وەرگیراوە و دواتریش لای گەلانی میدیا کراوە بە (هورامیزدا) کە بە مانای خواوەند دێت. هەروەها وشەی (پیرکشسف) واتە خاوەن ئەسپ یان سوارەی سەرلووتکە دەگەیەنێ لێرە وشەی (پیر) لای ئەهلی حەق ولای شوێنکەوتووانی زەردەشت و هەندێک خەڵکی تری کوردستان مانای پیرۆز دەگەیەنی وەک (پیر شارلیاری زەردەشتی) و هەورامییەکان. لە هەمانکاتدا وشەی پیر لای سۆمەر لە ناوە پیرۆزەکانە وەک (پیر خورتوری) سۆمەرییەکان و (بیرام و بهرام)ی کاشییەکان و (پیر مشاتی) ئورارتووەکان. (23)
هەروەها ئەگەر بمانەوێت وشەی زیاتر بەراورد بکەین زیاتر بابەتەکە ڕوونتر دەبێتەوە بۆ نموونە وشەی (kar) کار (ئیش گار =ئیش وکار) بەمانای جموجۆڵی بازرگانی و ئیش و کار دێت لە زمانی سۆمەردا و بە هەمان مانا لە زمانی کوردیشدا بەکاردێت. (24) هەروەها (می -ئێمە -کچ) (کەل = کەل بڵند) (بادی =بادە) (لو=لاو) (هورو=رۆژ). (25)
ئەمانە ئەو چەندین زاراوەی تر دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە زمانی سۆمەری و زمانی کوردی و بەتایبەتیش شێوەزاری کرمانجی باشوور وەک لوڕ و کەلهوڕ و مامەسەنی و بەختیاری و کوردی فەیلی پەیوەندییەکی مێژووی ڕیشەیان پێکەوە هەیە و تەنانەت دەتوانین بڵێین زمان و جوگرافیا بە تەواوەتی لە لای فەیلییەکان و سۆمەرییەکان ئاوێتەن و ناتوانرێت فەیلییەکان لە سۆمەرییەکان جودا بکرێنەوە. (26)
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1. جورج ڕو: العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 -224 -وليد محمد الشبيبي : السومريون من هم ومن أين جاؤوا ؟ -بغداد 1993 -http://en.wikipedia.org/wiki/Sumer سومر في موقع ويکيبيديا.
2. عبدالخالد سابير: سؤمەرييەکان، سلێماني، 2009، ل27-و: حەمەی حەمە سەعید، سلێماني، 2004.ل37.
3. جورج ڕو: العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 -224
4. جانکلود مارکرون: علم اثار بلاد الرافدين، ترجمه: يوسف حجي، بغداد، 1986، ص38.
5. طلعت الشيمانی: دساتير الحکم فی العراق القديم, مجلة قظاء العدد الاول, شباط, 1957, السنة الخامسة عشرة, مطبعة العانی, بغداد, ص21.
6. کريمر صمويل: من الواح سومر, ترجمه, طه باقر, قاهرة, 1957 , ص 9.
7. فاتح عبدالله محمد: العلاقات السياسية و العسکرية بين الاشوريين و الميديين، ڕسالة ماجستير، غير منشورة، جامعة السليمانية، 2008، ص266.
8. عبدالخالد سابير: سۆمەريیەکان، سليَماني، 2009، ل27.
9. ول ديورانت: الوجيز في قصة الحضارة، اجزه، غازي مختار طليمات، ج1، ط2، دمشق، 1995.ص 93.
10. طه باقر: مقدمة في تأريخ الحضارات القديمة الوجيز في تاريخ حضارات وادي الرافدين، ج1، ط1، بغداد، ، 1973ص90.
11. نەژادي کورد ڕەوتي مێژووي درووست بووني ميللەتي کورد، و. ڕەشاد ميران، ض2، هةولێر، 2000, ل32 -33.
12. نعيم فرح : معالم حضارات العالم القديم، دارالفکر، ص 198-حمزة احمد :اکراد ودورهم في حضارة الجزيرة
13. طه باقر : عصور ماقبل تأريخ في وادي الرافدين، علی ضوء التنقيبات الأثرية في کوردستان العراق، قسم الثاني.گۆڤاری کؤڕی زانياری کورد، 1974 ص 618.
15. حەکيم مەلا ساڵح: سانسکريتي سةرچاوەیەکی دێريني زماني کوردی,سلێمانی ,2008,ل7.
16. احمد سوسة: حضارة وادي الرافدين بين الساميين والسومريين، .ج2، بغداد، 1980, ص 163.
17.نەژادي کورد، س.ث, ل32.
18. هەمان سةرچاوة، ل33.
19. ه. س, ل33 -36.
20. نەژادي کورد، س.ث, ل 39-41
21. ئەحمەد مەحمود: مەملەکەتی ماد
22. طه باقر، واخرون: تأريخ العراق القديم، ج1، 2، جامعة صلاح الدين، 1987، ص 58 -59.
23. جورج ڕو : العراق القديم، ترجمة حسين علوان، ط2، بغداد، 1986.ص 223 -224-اتحاد
24. تأريخ العراق القديم، ج1، ص 114
25. عبدالخالد سابير: سۆمەرییەکان، ل45.
26. حول العلاقة بين السومرين والکورد الفيلين والحقائق، الاتحاد، ، سنة العاشرة، العدد 455، 11/1/2002، ص15.[1]