1) #نایب عەبدوڵڵا#
ڕۆژێکیان چەند برادەرێک بووین لە لۆکاڵەکەی کوردەکانی هودیکسڤاڵ دانیشتبووین باسی شیعر و شاعیرانمان دەکرد، لە دواییدا باس هاتە سەر مامۆستا #ئەحمەد هەردی# و شیعرە بەناوبانگەکەی: #چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە#
بەشێک لە برادەران وایان دەردەبڕی کە گوایە ئرو شیعرە خەیاڵییە و، ست فاتمەش ناوی کەسێک نییە سەرنجی هەردی ڕاکێشابێ بۆ ئەم شیعرە.
منیش بەباشی و ڕاستی کە ئاگاداری دانانی ئەو شیعرە بووم، بە کورتی بۆم گێڕانەوە. لە دواییدا هاوڕێی خۆشەویستم کاک هێرش داوای لێکردم کە ئەو ڕووداوە بخەمە سەر کاغەز و پێشکەشی بکەم. ئەمەش ڕووداوەکەیە:
لە سەرەتای ساڵەکانی پەنجادا من شاگردی (حەمە عەلی مەدهۆش)ی خەیات بووم. بەهۆی ئەوەی مەدهۆش شاعیر بوو، پەیوەندیی شیعر و برایانەی زۆر لەگەڵ هەردی دا هەبوو. لەو سەردەمەدا، ڕۆژ نەبوو هەردی نەیەتە دوکانی مەدهۆش.
هەردووکیان زۆربەی کات هەر باسی شیعریان دەکرد، ئێمەش حەوت هەشت شاگرد بووین و گوێمان لێ دەگرتن و پێمان خۆش بوو، بەتایبەتیی مامۆستا هەردی زۆر بەجوانی شیعری دەخوێندەوە، ئێمە لەززەتمان زیاتر لە شێوەی خوێندنەوەکەی وەردەگرت، وەکوو دەڵێن ڕۆحی دەکرد بە بەر ئەو شیعرەدا کە دەیخوێندەوە.
زۆر باش لە یادم ماوە ساڵی 1950 لە کاتی بەهاردابوو، هەردی هەموو بەیانییەک زوو لەو کاتەی مامۆستا و قوتابییان دەچوون بۆ قوتابخانە، هەردی لە سەرووی دوکانەکەمانەوە، کە ئەودەم بە تەنیشت (مەکتەبەی گەلاوێژ)ەوە بوو، لەسەر ڕێگەیان ڕادەوەستا، کە مامۆستا ئافرەتەکان تێپەڕدەبوون، ئەویش دەهاتەوە دوکانی مەدهۆش و هەندێک جار دەیوت ئەمڕۆش ئەم بەیتانەم بۆ هات، بۆ مەدهۆشی دەخوێندەوە.. ماوەیەک ئەم کارەی هەردی بەردەوام بوو. ئیتر ئێمەش هەموومان زانیمان و گوێشمان لێ بوو کە ئافرەتێکی مامۆستا هەیە و ناوی (فاتمە)یە و سەرنجی ئەمی ڕاکێشاوە و، بە ماوەیەکی زۆر و بەو شێوەیە ئەو شیعرەی تەواوکرد.
جا بەوەدا کە هەردی هەموو ڕۆژێک لەسەر ڕێگایدا ڕادەوەستا تا تەماشای بەژن و باڵا و چاوەکانی بکات.. دیاربوو پەیوەندییان نەبووە پێکەوە، تەنیا دووربەدوور یان لە مناسەباتدا سەرنجی ڕاکێشاوە.. بەڵام دوابەدوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە هەرچی بووبێ من ئاگام لێ نەبووە.
نایب عەبدوڵڵا، هودیکسڤاڵ ساڵی 1994
2) سەرنج: #سولەیمان چیرە -س. چ. هێرش#
مامۆستا ئەحمەد هەردی لە ساڵی 1922 لە شاری #سلێمانی# لە دایکبووە و، جێی خۆشحاڵیشە کە تا نووسینی ئەو چەند دێڕە، لە حاڵی ژیاندایە و لە وڵاتی ئینگلیس ژیان ڕادەبوێرێ. (ساڵی2006 کۆچی دوایی کردووە) هاوینی ساڵی 1979 کە مامۆستا ئەحمەد هەردی لە شاری #مەهاباد# میوان بوو، بە پێشنیاری مامۆستا هێمن چووینە سەردانی و، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتە نەکرا ئەو جۆرە پرسیارانە بەتایبەت سەبارەت بە شیعری چەپکە گوڵێک بۆ (ست فاتمە) ئاڕاستەی بەڕێزیان بکرێت و، مەتەڵەکە هەروا مایەوە.
لە ماوەی ساڵانی 1983_1987 کە لە ناوچەی لۆلان، وێڕای گەلێک لە خوشک و برایانی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک ئاوارەیەکی هەڵاتوو یان ڕاونراو، لە بنکەکانی ژێر دەسەڵاتی (پارتی..) و (حشع)دا دەژیام، وابزانم ساڵی 84 یا 85 بوو کە ڕادیۆ بەغدا بەشی کوردی، وتووێژێکی دەگەڵ مامۆستا هەردی بڵاوکردەوە و، ئەزقەزا پرسیارەکانیش زیاتر سەبارەت بە شیعری (ست فاتمە) بوون. بەداخەوە، مامۆستا هەردی لەو وتووێژەدا وەک کەسێک دەهاتە بەرچاو کە دەتوت تاوانێکی کردووە و دەیەوێت پاکانە بکا. بە کورتی، لەو وتووێژەدا دەرکەوت کە بنەماڵەی (ست فاتمە) ئەو کەسەی کە شیعرەکەی پێ هەڵاگوتراوە بە شێوەی ڕەسمی شکایەتیان لە مامۆستا هەردی کردووە و، ئەویش بۆ ئەوەی کە ئاوێک بە ئاورەکەدا بکرێت، ناچاربووە بڵێ کە کەسێک بە نێوی (ست فاتمە) هەر لە ئارادا نەبووە و سەرجەمی شیعرەکە زادەی خەیاڵ بووە و بەس!
هەردی لە چاپی یەکەمی (#ڕازی تەنیایی#)دا کە حەوت ساڵ دوای وتنی شیعرەکە چاپ کراوە (نەورۆزی 1957)، لە سەرووی شیعرەکەدا نووسیویە: (ئەمەوێ خوێندەواری خۆشەویست ئەو ە بزانێ، کە ناوی (فاتمە) و نەبێت ناوێکی ڕاستەقینە بێت، بەڵکوو وەکوو لەگەڵ چیرۆکدا ناوی خواستەمەنی بۆ قارەمانی چیرۆکەکە دائەنرێ ئەمیش شتێکە وا... ئەمە لەو لاوە بوەستێ، لە لایێکی تریشەوە (ست) هەر تەنیا لە بەر ئەوە وتراوە کە سەرنجی خەڵقی ڕابکێشێ و هیچی تر..) (ا. ه).
ڕاستە، مامۆستا هەردی، بە گوێرەی ئەو وتەیەی سەعدی: (درۆی بەرژەوەندخوازانە باشتر لە ڕاستیی گێرەشێوێنانە)، هەرچۆنییەک بێ، توانی خۆی لەو گێچەڵە دەرباز بکات، بەڵام ئایا مێژووی ئەدەبییش هەروا بەئاسانی لێی خۆش دەبێ؟! پێموانییە.
مامۆستا هەردی لە چاپی دووەمی (ڕازی تەنیایی) دا، کە لەژێر هەموو پارچە شیعرەکان، ساڵی وتن و دانانیان دیاری دەکا، لەژێر پارچە شیعری (ست فاتمە)شدا نووسیویە: سلێمانی، 1950؛ کەوابوو، شیعرەکە لە تەمەنی 27 ساڵیی مامۆستا هەردی دا گوتراوە و، حەوجێ بە لەسەر ڕۆیشتن ناکات کە ئەگەر لەو تەمەنەدا، (ست فاتمە)یەکی ڕاستەقینەش لە ژیانی شاعیردا هەبووبێت، نەتەنیا کارێکی نەشیاو و بیلعەت نییە، بەڵکە ئاسایی و ئینسانیشە. ئەوەیکە کار بە شکایەت و دادگا و شتی لەم چەشنە کێشراوە، سەرنجڕاکێش نییە و هەرچەند دەبوو هەردی لەبری ئەو شیعرە، خەڵات کرابا؛ سەرنجڕاکێش و گرینگ ئەوەیە کە لە سای دوو چاوی مەست و بەژن و باڵای (ست فاتمە)دا، شیعرێکی ئاوا بەرز خوڵقاوە کە وەک شەرابی حەوساڵە کە تا بمێنێتەوە پەسەندترە، ئەویش ئەو حاڵەتەی هەیە و هەرگیز کۆن نابێت. (س. چ. هێرش)
چەپکە گوڵێک بۆ (ست فاتیمه)
فاتمە! دوو چاوی مەستت پڕ تەلیسمی جوانی یە
پڕ شەرابی خۆشەویستی و ئارەقی یەزدانی یە
بەژن و باڵەکەت نموونەی هەیکەلی یۆنانی یە
لار و لەنجەت مۆسیقایە، بەستەیە، گۆرانی یە
بووکی ڕازاوەی خەیاڵم گیانەکە م ست فاتمە!
تاقە پڕشنگێکی چاوت ئەو پەڕی ئاواتمە
گەرچی دڵداری لە خاکی ئێمەدا ئەفسانەیە
هەر بە تەنیا بۆ کوڕی خاوەن تەلار و ئانەیە
گیانەکەم! ئەمما دڵی من لە و دڵە شێتانەیە
بێ ئەوەی هیچ شک بەرێ کوژراوی ئەو چاوانەیە
هەر بە تەنیا خۆشەویستی شک ئەبەم ست فاتمە!
سەروەتم ناوێ بزەی تۆ ئەو پەڕی ئاواتمە
خۆشەویستی وا کە نامەی خوایە بۆ پێغەمبەران
بەرز و ناسک، وەک هەناسەی پڕ گوڵاوی دڵبەران
نەک وەکوو حەزکردنی دینار و گەوهەر پەروەران
ئەو کەسانەی بۆ قڕانێ چەندە دڵیان هەڵوەران
خەڵقی تر پارەپەرستی با بکەن ست فاتمە:
من بە تەنها تۆ پەرستی، ئەو پەڕی ئاواتمە
زۆر کەڕەت هانم ئەدا داخی دەروونی پڕ گڕم
بۆتی هەڵڕێژم سکاڵای ناسکی گەرم و گوڕم
داخەکەم کاتێ کە دێمە بەر دەمت واقی وڕم
وام ئەشێوێنێ بە جۆرێ نایەڵێ هیچ دەربڕم
بووکی ڕازاوەی خەیاڵم گیانەکەم ست فاتمە!
گوێی بۆ ئەم ڕازە شل کەی، ئەو پەڕی ئاواتمه
سلێمانی 1950
[1]