ئابووریی ڕەشۆکی
مەگناد دێسای
وەرگێڕانی؛ #هاوڕێ یوسفی#
ئابووریی ڕەشۆکی (vulgar economics) ئاوڵناوێکە مارکس بۆ وێناکردنی ئابووریی پۆست ڕیکاردۆیی هەڵیدەبژێرێت. دوای ئەمە نووسەرانی مارکسیست وەک دەربڕینێکی لێکدراو بەکاریان هێنا تاکوو هەم ئابووریی کلاسیکی پۆست ڕیکاردۆیی لەخۆ بگرێت و هەم ئابووریی نیۆکلاسیک. ئابووریی ڕەشۆکی بەتایبەت ئاماژە بەم بابەتانە دەکات: ئەو نووسینانەی کە چڕبوونەتەوە لەسەر دیاردە ڕووکەشەکان، بۆ نموونە دان و داواکاری، ڕەچاو نەکردنی پەیوەندییەکانی بەهای بوونیادی و هەروەها ئەو شیکاریەی حەزەر دەکات لە توێژینەوەی پەیوەندییە ئابووریەکان بەشێوەیەکی زانستی و بەتایبەت نیگەرانە لە قووڵ بوونەوە لە پەیوەندییە چینایەتییە هەبووەکانی لە بنچینەکانی دانووستاندنە کاڵاییەکان. ئەمە لایەنە دواییە ئابووریی ڕەشۆکی دەکاتە پاساودەرانە، بەوتەیەکی دیکە، پتر حەزی لە بەرگری و پاساوی عەقڵانیی بەرژەوەندییەکانی بوورژوازیە، تەنانەت قوربانیکردنی بێلایەنیی زانستی.
نموونەی کلاسیکی پێناسەی مارکس لە ئابووریی ڕەشۆکی پێشەکییەکەیەتی بۆ ئێدیتی دووەمی ئەڵمانیی بەرگی 1ی سەرمایە. مارکس بۆ نیگارکردنی پەرەنەسەندوویی ئابووریی ئاڵمانیا، گەشەی ئابووری لە ئینگلیز قۆناغە زانستی و ڕەشۆکییەکانی خول/پۆلێنبەندی دەکات و گرێی دەدات بە پەرەسەندنی خەباتی چینایەتییەوە. ئابووریی سیاسی کە سنوورەکانی ئاسۆی بوورژوازیدا دەمێنێتەوە لەبری ئەوەی سەرمایەداری بە قۆناغی مێژوومەندیی پێگەیشتنەکەی بزانێت بە فۆرمی ڕەهای دواجارەکیی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی دادەنێت. بۆ ئەمە، ئابووریی سیاسی تەنیا تا ئەو شوێنە دەکرێت بە زانست دابنرێت کە خەباتی چینایەتی شاراوە یان پەرتەوازە بێت. بەم چەشنە، گەر پیشەسازیی مۆدێرن لە خۆلی ساوایی خۆیدایە و گەر خەباتی سەرمایە/ کار ملکەچی باقی خەباتەکانە، بۆ نموونە خەباتی بوورژوازی لەگەڵ فیۆدالیزم، ئەو کات توێژینەوەی زانستی بەردەوام مەیسەر و مسۆگەرە. ڕیکاردۆ (بڕواننە ڕیکاردۆ و مارکس) بە دوایین نوێنەری گەورەی ئابووریی سیاسیی ئینگلیزی دادەنرێت چونکە لە کارەکەیدا پێکناکۆکیی بەرژەوەندییە چینایەتییەکان سەرەکی و دیاریکەرن.
بەپێی بۆچوونی مارکس، خولی نێوان 1820 و 1830، دوایین دەیەی چالاکیی زانستییە کە کۆی سادەکردنەوە و پەرەسەندنی تیۆری ڕیکاردۆ و موناقەشەی دوور لە دەمارگرژی و پێشداوەری دژی تەفسیرە بوورژواییەکانی تیۆری ڕیکاردۆ دەگرێتەوە. مارکس لێرەدا ئاماژە بە قوتابخانەی سۆسیالیستە ڕیکاردۆییەکان و هێرشە سەرەتاییەکان دەکات بۆ سەر تیۆری ڕیکاردۆ لە کلووپی ئابووریی سیاسیدا. بەپێی بۆچوونی مارکس، ئەو کات بوورژوازی لە فەڕەنسا و ئینگلیزدا بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا زاڵ بووبوون و هەرکە بە دەسەڵات گەیشتبوون بۆ خەباتی لەگەڵ نەزمی فیۆدالیی کۆندا چیتر پێویستیان بە ئابووریی سیاسی وەک چەکێکی ڕەخنەگرانە نەبوو. هەروەها خەباتی چینایەتیش هەنووکە شێوەیەکی ڕاشکاوانەتری گرتبووە خۆی. [خەباتی چینایەتی] زەنگی مەرگی ئابووریی زانستیی بوورژوازیی لێدا. پاش ئەمە چیتر پرسەکە لەسەر ئەمە نەبوو کە ئایا ئەم یان ئەو گریمانە حەقیقەتە یان نا، بەڵکوو پرسەکە ئەمە بوو کە ئایا ئەم گریمانە بۆ سەرمایە کەڵکدارە یان نا، چاکترە یان نا، لە ڕووی سیاسییەوە مەترسیدارە یان نا. سەرەڕای ئەمە، ئابووریی سیاسی لە خەباتی یاسای دژە دانەوێڵەکاندا وەک چەکێکی ڕەخنەگرانە بەکارهێنرا. بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی دانەوێڵە، ئابووریی ڕەشۆکی بەرماوەی دەسەڵاتە ڕەخنەییەکەی لەکیسدا.
مێژوونووسانی مارکسیستی دوایی ئابووریی سیاسی خول/ پۆلێنبەندیەکەی مارکسیان پەسەند کرد (بۆوێنە ڕووبین 1979)، بەڵام پشکنینێکی ڕەخەگرانەی بۆنەکرا. دیاریکردنی مێژوویەکی ورد، واتە 1830، کە بکرێت بە کاتێکی دانێین کە بوورژوازی دەسەڵاتی بەدەستەوەگرت بۆخۆی پرسێکە. هەروەها جێگەی گومانە ئایا دەکرێت بڵێین ساوایی پیشەسازیی مۆدێرن، کە وەک هۆکارێکی ئاسانکارانە بۆ ئەگەردار کردنی ئابووریی سیاسیی زانستی لە دەیەی 1820 باس دەکرێت، بەو دەیەوە کۆتایی هاتووە. هەروەها دەتوانین بڵێین پەسەندی ناڕەخنەیی ئەم ناتۆرەیە و خولبەندیە بووە هۆی ئەوەی مارکسیستەکان شکست بهێنن لە جیاکاریی نێوان ئابووریزانانی (ڕەشۆکی)ی دواییدا. [1]
كورديبيديا غير مسؤول عن محتوى هذا التسجيل وصاحبه مسؤول عنه. قمنا بتسجيله لأغراض أرشيفية.
دون هذا السجل بلغة (کوردیی ناوەڕاست)، انقر علی ايقونة

لفتح السجل باللغة المدونة!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
تمت مشاهدة هذا السجل 554 مرة
اعطي رأيک بهذا المقال!