دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان:
بسم الله الرحمن الرحیم
بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی ئاسایی
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
رۆژی شەممە بەرواری 23/8/2022 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەرێز د. هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەن و بە ئامادەبوونی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لەتەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر تەنگژەی سیاسی عێراق و ئەگەر و پێشهاتەکان و کاردانەوەکانی لەسەر ئێستا و ئایندەی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی.. لەو بارەیەوە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بە پێویستی دەبینێت کە لایەنە ناکۆکەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق هەرچی زووترە کێشەسیاسیەکانی نێوانیان چارەسەربکەن لەسەر بنەمای دەستور و پارێزگاریکردن لە دامەزراوە دەستوریەکان و ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینە و سنوردانان بۆ گەندەڵکاران و دابینکردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان بۆ سەرجەم شار و ناوچەکان و کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی زۆرینەی زۆری خەڵکی بەش مەینەتی عێراق، و وڵات بە دووربگرن لە تەقینەوەی ناکۆکیەکانیان بەرەو مەترسی توندوتیژی و پێکدادانی چەکدارانەو ماڵوێرانەکەر.
هەر لەم بارەیەوە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی جەختدەکاتەوە لەوەی کە لایەنە کوردستانیەکان بە زوترین کات لەسەر پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی ڕێکبکەون بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە مافە دەستوریەکانی گەلەکەمان و بەشداربوونێکی کارا لە پرۆسەی سیاسی عێراق و دەستەبەکردنی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی 140.
لەتەوەرەیەکی تردا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هەڵوەستەیکرد لەسەر دۆخی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.. سەرکردایەتی یەکگرتوو پشتیوانی خۆی دەخاتە پاڵ توڕەیی و بێزاری خەڵکی کوردستان بەرامبەر سیاسەتی نادروستی حزبە دەسەڵاتدارەکان و دیاردەی پاشا گەردانی و یاسا شکێنی لەمومارەسەکردنی حوکمڕانیدا و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی دواکەوتنی مووچە و گرانی سوتەمەنی و کارەبا و زیادبوونی بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و دانەمەزراندنی وانەبێژ و کارمەندانی خۆبەخش و گرێبەست و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی.
هەرلەم بارەیەوە سەرکردایەتی هەڵوەستەی کرد لەسەر ئامادەنەبوونی پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بە بیانوی ڕێکنەکەوتنیان لەسەر کێشەکانی نێوانیان و گوێ نەدانیان بە جەختکردنەوەی نوێنەری یونامی لە عێراق لەسەر زەرورەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتدا، ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی بە پێویستی دەزانین کە لایەنەکانی دەسەڵات هەرچی زووترە ڕێکبکەون لەسەر داواکاریەکانی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بە تایبەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خاوێن و دوور لەساختەکاری و قۆرخکاری. هەروەک جەکختکرایەوە کە یەکگرتوو لەگەڵ ئەوەیە کە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاری هاوبەشی پێکەوەیی بکەن لە پێناو گەڕانەوەی متمانە بۆ جەماوەری نارازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی وەها کە ڕێگە خۆشبکات بۆ گۆرانکاری و چاکسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا.
لە دوا تەوەرەدا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکگرتوو تیشکی خستە سەرکاروباری ناوخۆیی حزب و کار و چالاکیەکانی ئۆرگانە جیاوازەکان، و سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەنجومەن و دەزگا و مەڵبەندەکان و ڕێکخراوەکان کرد کە لەماوەی ڕابردوودا بە جوانترین و باشترین شێوە چالاکی و ئەرکەکانی خۆیان ئەنجامداوە لەخزمەت توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیدا و لە پێناو پارێزگاریکردن لە بەهاباڵاکانی ئاینی ئیسلام و کۆمەڵگە موسڵمانەکەمان لەبەرامبەر شاڵاوی لاوازکردنی دامەزراوەی خێزان و بەلارێدابردنی گەنجان و برەودان بە چەندین دیاردەی دزێو کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری کۆمەڵایەتی..
لە کۆتاییدا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی جەختی کردەوە کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەک هەمیشە بەرگریکارێکی بەهێز و بەردەوام دەبێت لە شوناسی ئیسلامی و بەهاباڵاکانی گەلەکەمان، هاوتەریب لەگەڵ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و ماف و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!