بە وشە بوون (بە لێکسیمبوون) وشەی (کلتوور) بە نموونە:
بەلێکسێمبوون بە واتای داهێنانی وشەی نوێ دێت و دەکرێت بە دوو شێوە ڕووبدات:
1-لە ڕێگە درووستە سینتاکسییەکانەوە.
2-لە ڕێگەی خواستنی وشەی بێگانەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە بوترێت ئەم پڕۆسەیە تەنیا لەسەر وشە پەیڕە و ناکرێت، بەڵکوو لەسەر زاراوەش دەکرێت، چونکە زاراوە (تێرم) جۆرێکە لە وشە، بۆیە ئەو پڕۆسانەی کە وشەی پێ درووست دەبێت زاراوەش دەگرێتەوە.
ئەوەی ئێمە لێرەدا، مەبەستمانە، باسی بکەین، وەرگرتنی وشەی بیانییە.
لە هەموو زمانێکدا، بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان بە وشە و زاراوەی پێویست، پەنا دەبرێتە بەر ڕێگەی وەرگرتنی کەرەستەی بێگانە، هەر زمانێکیش بە ڕادەی جیاواز ئەو کەرەستانە وەردەگرێت، بوونی ئەو کەرەستانەش لە زماندا کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر زمان ناکات و بێگومان هیچ زیانێک بە زمانەکە ناگەێنێت، بگرە دەوڵەمەندیشی دەکات، ئەگەر بەپێی پێویستی و بەپێی مەرجە تایبەتمەندییەکانی پڕۆسەی وەرگرتن ئەنجام بدرێت.
پڕۆسەی وەرگرتن تەنیا (وشە) و (زاراوە) ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو یەکە ودانەکانی تری زمانیش دەگرێتەوە و لە زمانێکەوە دەچنە ناو زمانێکی تر، لە بچووکترین کەرەستەی زمانییەوە، کە دەنگە تاوەکوو گەورەترین کەرەستە، کە ڕستەیە. ئەم کەرەستە بێگانانەی ناو زمانی کوردی، هەندێکیان بە ڕادەیەکی زۆر لەلایەن قسە پێکەرانەوە بەکار دەهێنرێن، وەکوو کەرەستەکانی (دەنگ، فۆنیم، وشە)، بەتایبەت وشە، کە هیچ زیانێک بە زمانەکە ناگەێنێت، بەڵام هەندێکی تریان کەمتر بەکار دەهێنرێن، وەکوو (فرێز و ڕستە)، بێگانەکان. مەبەستمان ڕیزبوونی کەرەستەکانیانە بەپێی یاسا بەندیی زمانانی تر، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەویە بۆ ئەوەی هەندێک کەس لە یەک زمان زیاتر دەزانێت و بەبێئاگایی پەیڕەوی ڕیزبەندی ڕێکبوونی کەرەستە بنچینەییەکانی نێو ڕستەی زمانێکی تر بەکار دەهێنێت بۆ ڕیزکردنی کەرەستەی ڕستەی زمانەکەی خۆی و لێرەدا قسەکەر تەنیا وشەکانی تایبەتن بە زمانەکەی خۆی و ڕیزکردنەکەی ڕیزکردنی زمانێکی ترە، بەڵام ئەمجۆرە وەرگرتنە (وەرگرتنی یاسا و ڕێسای بیانیی) زمان تووشی نەمان ولەناوچوون دەکات، بۆیە پێی دەوترێت: (ژەهری زمانیی)، دەستەواژەی ژەهری زمانیی (Ianguage Poison)، (لە زانستی زمانی نوێدا بەو یاسا وڕێسا خوازراو، یان وەرگیراوانە دەوترێت، کە دەچنە ناو زمانێکی ترەوە و بەپێی تێپەڕبوونی کات تێکەڵ بە زمانە وەرگیراوەکە دەبن وکار لە یاسا و ڕێساکانی دەکەن ودواجار بەرەو مردن ولەناوچوونی دەبەن. ئەوەی پێویستە بوترێت، ژەهراویبوونی زمان زیاتر لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە ڕوودەدات، بە تایبەتیی وەرگێڕانی وشە بە وشە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زانیارییەکان بە قاڵبێکی بێگانەوە بێتە ناو قاڵبی زمانێکی تر.
ئەو وشە و زاراوە بیانیانە، کە دەکەونە ناو زمانەوە و بە تێپەڕبوونی کات و سەردەم، بە پڕۆسەی بە وشەبوونی زمانەکەدا دەڕۆن:
کاتێک قسە پێکەرانی زمانێک زاراوە و وشەیەکی گونجاویان نەبێت بۆ هەندێک چەمک و واتا، ناچار دەبن پەنا بەر نە بەر زاراوە و وشەی زمانی تر و بەکاری بهێنن، تاوەکوو بتوانن لە ڕێگەی ئەو وشە و زاراوە خوازراوەی بەکاری دەهێنن، کەلێنی زمانەکەیانی پێ پڕبکەنەوە.
زمانی کوردیش وەک هەر زمانێکی تر، کۆمەڵێک وشە و زاراوەی بێگانەی تێدایە، کە لە چوارچێوەی زمانەکەدا بەکاردێت و ڕۆژانە لەسەر زاری خەڵک و لە بەرهەمی نووسەران و ڕۆشنبیراندا بەرچاو دەکەوێت، وەرگرتنی وشە و زاراوەی بیانیی بۆ لاوازی زمانەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە و دێتە ناو زمانەوە لەوانەش: (داهێنان و دۆزینەوەکان، شارستانییەت و ڕۆشنبیری، دراوسێتی وکۆچکردن، ئایین، سیاسەت، زانینی زیاتر لە زمانێک، ... هتد)، ئامانجی سەرەکی لەبەکارهێنانی زمان گەیاندنی واتایە و درووستکردنی پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکاندا، لە کاتێکدا چەمک و واتایەک دێتە پێشەوە و لە زمانەکەدا وشەیەک بەرانبەری نەبێت بەتەواوی مەبەستەکە بپێکێت و واتا بگەێنێت، بەناچاری پەنا دەبرێتە بەر وشە و زاراوەی بیانیی بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییەتی زمانی وەرگر، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی پێی پڕبکرێتەوە، کە لە زمانەکەدا هەیە.
زمانی کوردی بۆ واتای هەریەک لەم چەمکانە، زاراوەکانی: (حکومەت، وەزارەت، سیاسەت، دەوڵەت، لیژنە، کۆلێژ، پەڕڵەمان، پەساپۆرت، ڤیستیڤاڵ، کەرنەڤاڵ، کۆنفرانس، زەکات، .... هتد) بەکارهێناوە، هەروەها لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکدا، چەندین وشە و زاراوەی بێگانە دەبیسترێت لە وانەشە هاوواتاکانیان لە زمانی کوردی هەبن، بەڵام لەوانەیە لە هەموو کات و شوێنێکدا واتای تەواو نەبەخشن و مەبەستەکان نەپێکن، بۆیە وشە و زاراوە بیانییەکان بەکاردەهێنن، تاکوو تاکەکان بەبێ ئاڵۆزی لەیەکتر تێ بگەن.
تێبینی ئەوەش دەکرێت هەندێک وشەی بیانی هەیە، لە مێژەوە لە زمانی کوردیدا بەکارهاتووە و بەشێوەیەکی وا بە کوردی کراوە، کە بەهیچ جۆرێک سیمای بیانی پێوە نەماوە و تێکەڵی زمانەکە بووە و بە لابردن و دورخستنی کەلێنێک و بۆشاییەک درووست دەبێت، بۆ نموونە: وشەی (کلتور). [1]