کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
دواجار لە پرۆسەی سیاسیی عیراق، #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و حزبەکەی خۆتان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سەرباری هەموو پیلان و مەرامەکان نەتوانرا ئیرادەی تێکبشکێنرێت و سور بووە لەسەر هەڵوێست و بڕیاری نیشتمانیی خۆی.
بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و هەڵبژاردنی بەڕێز د.#لەتیف ڕەشید#، سیاسەتمەدار و تێکۆشەری یەکێتی وەک سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، سەرکەوتنی ئیرادەی گەل، پرۆسەی دیموکراسی و یەکێتی بوو. وێڕای پیرۆزبایی گەرمم لە بەڕێزیان، دڵنیام پشت بەستوو بە ڕابردوو، ڕۆڵی لە پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان و بەشداری لە حوکمڕانی و کاری ڕێکخراوەیی، لەم ئەرکە نوێ و چارەنووس سازەدا لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکان سەرکەوتوو دەبێت.
لێرەوە بۆ هەموولایەکی ڕووندەکەینەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پارێزەری مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵات دەبێت. لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکی و بەرگری دەبین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پارێزگاری کردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان. لە هەوڵەکانمان بۆ پتەوکردنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان بەردەوام دەبین لەپێناو بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم و خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
دواجار گەلی کورد و عێراق لەم پڕۆسە گرنگ و چارەنووس سازەدا سەرکەوت. بەهەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانمانەوە هەر بۆچوونێکمان هەبووبێت، یەک ئەرکمان لەسەر شانە ئەویش پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و یەک گوتاریمانە لە ناوەند.
دەمەوێت لە کۆتاییدا سوپاسی تیمی یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەم کە لەماوەی ڕابردوودا پاڵپشت و هاوکارمان بوون. هەروەها سوپاس بۆ هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. [1]
هەر شاد و سەرفرازبن
دڵسۆزتان
#بافڵ تاڵەبانی#
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
13ی تشرینی یەکەمی 2022