لە ساڵیادی ڕاپەرینی ڕزگاری کوردستاندا، بەناوی فراکسیۆنی سەوز لە پەڕڵەمانی کوردستانەوە سەری ڕێز لە ئاست ڕۆحی بەرزەفڕی شەھیدان دادەنەوێنین، پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین.
ڕاپەرین بەری ڕەنجی خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی گەلەکەمان و بەرھەمی خوێنی ئاڵی دەیان ھەزار شەھیدی قارەمان و بە بەشداری و پشتیوانی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و یەکێتی و یەکڕیزی ھێزە سیاسییەکان بوو.
لە کاتێکدا یادى (32) ساڵەی ڕاپەرین دەکەینەوە، بەداخەوە جارێکی تر ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قۆناغێکی تری قەیرانی سیاسی و ناکۆکی ناوخۆیی بۆتەوە، ئەم لێکترازانە ناوخۆییە ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت و بەردەوام بێت وەک پێشھاتێکی مەترسیدار دەبینین بۆ سەر ئاییندەی ھەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی ڕاپەرین، بۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی داوای یەکێتی و یەکڕیزی ھێزە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان دەکەین، پێمان وایە ئەرکی لەپێشینە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێمە، بەشێوەیەک پەیڕەوی ھاوسەنگی لە شەراکەتی حوکمڕانی و کۆتایی بەجیاکاری و نادادپەروەرییەی لە دابەشکردنی داھات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بێت، داھاتی کوردستان لەھەرکوێ بێت، سەرچاوەکەی ھەرچییەک بێت لە یەک خەزێنە کۆبکرێتەوە و بەیەکسانی بەسەر شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا دابەش بکرێت، ناکرێت چیتر ھاووڵاتییان باجی میزاج و ململانێی سیاسی لایەنەکان بدەن.
لە ھەمانکاتدا بەئەرکی لەپێشینەی دەزانین ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکرێت لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و پرسی مووچە و قوتی ھاووڵاتییان.
لە ئاستی ناوخۆشیدا پەیرەوی ئەوپەری شەفافیەت لە دۆسێی نەوت و چاکسازی ڕیشەییدا بکرێت لە سەرچاوەکانی داھات، ھاووڵاتییانی کوردستان کە بەدرێژایی مێژوو بەرگەی سەختی و نەھامەتی زۆریان گرتوە نابێت باجی ئەم دۆخە بدەن.[1]
بەرزو پیرۆزبێت یادی ڕاپەرین
فراکسیۆنی سەوز لە پەڕڵەمانی کوردستان