ناونیشان: ئاگری موسڵ کوردستان دەسووتێنێ؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #11-10-2016#
گوتەبێژی #حەشدی شەعبی# هۆشدارییەکی سەرنجڕاکێشی داوەتە تورکیا: لە هەر شوێنێک لە موسڵ تووشی هێزە تورکییەکان ببین، وەک #داعش# مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. لێدوانەکە بۆیە سەرنجڕاکێشە، چونکە هەم حەشدی شەعبی و هەم سوپای تورکیاش ناڕەزاییان هەیە لەسەر بەشداریکردنیان لە شەڕەکەدا، کەچی شیر و تیر لەیەکدی دەسوون. #هەولێر# و بەغدا و هاوپەیمانانیش دەڵێن هۆکاری دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر ئەوەیە ڕێککەوتن نەکراوە بۆ قۆناغی پاش داعش کە کێ بەشداری بکات و دوای ئەوە چۆن بەڕێوەببرێت، بەڵام هەرواش وێنەی موسڵی پاش داعش وردەوردە خەریکە زەلال دەبێت. وێنەی شارێک کە وەک حەلەبی لێدێت و هەر کۆڵانێکی دەکەوێتە دەست هێزێکی ئیقلیمی.
موسڵ بووەتە کێکێک کە بۆ هەریەکە لە بەشداربووانی ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکە تامێکی جیاوازی هەیە. بۆ عەبادی و حکومەتی ئێراق، چوونەوەی سوپای ئێراق بۆ نێو موسڵ کڕینەوەی شکۆیەکی لەدەستچووە کە مالیکی-ی ڕکابەری عەبادی سەبەبکاری بوو. بۆ کوردستان تامی ئۆپەراسیۆنەکە لەوەدایە دۆزی ناوچە کوردستانییە ناکۆکی لەسەرەکان، کە تا بەر لە هاتنی داعش گرێکوێرەیەکی گەورە بوو و زۆرمان وامان دانابوو کە ئیدی دۆڕاندوومانە لەو دۆزەدا، ئاسانتر چارەسەر دەبێت.
بۆ هاوپەیمانان و بەتایبەتیش ئیدارەی ئۆباما، سەرکەوتن لە موسڵ هاوکارییەکی باش دەبێت بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی کۆتایی ئەمساڵ. بۆ ئێران کێکەکە هەمان تامی سەرکەوتنی ستراتیژیی ئەو دەوڵەتەیە لە ململانێکانی ئێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن. ئەوەی لەو نێوانەدا هێشتا پشکی دیار نییە و پەلە پرووزەیەتی شتێکی بەربکەوێت تورکیایە. بێگومان بۆ ئەویش موسڵ تامی وەدیهاتنی خەونێکی عوسمانییانەیە کە دەمێکە بەم ناوچەیەوە دەبینرێت.
هەموو ئەوانە وادەکەن وێنەی موسڵی پاش داعش لەوەی ئێستا ترسناکتر بێت. بەتایبەتیش کە نموونەی حەڵەب هێشتا چیرۆکێکی بەردەوامە و بە قۆناخەکانی موسڵی ئێستادا تێپەڕیوە. لە حەلەب سەرەتا حکومەتی سووریا هەبوو. دوایی شارەکە دابەش بوو بۆ سەر سێ بەش: بەشێکی حکومەت، بەشێکی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێکی کورد. دواتر شەڕ لەنێو شار درێژەی کێشا. هێزی نوێی توندئاژۆ هاتن و شیرەکە هێندە کۆن بوو کە فێڵی تێکەوت.
ئەنجامی کۆتایی ئەوەیە کە ئێستا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ڕووسیا و تورکیا و سووریا و ئێران و گرووپە توندئاژۆکان و کوردیش لەو شارەدا لە کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بە ماڵی خەریکی یەکلاکردنەوەی حیساباتەکانیانن لەگەڵ یەکدی. شەڕی حەڵەب و وێنەی منداڵانی قوربانیی جەنگ لە حەڵەب و مەرگەساتەکانی هێندە دووبارەبوونەتەوە کە چیدی خەڵک ڕاناچڵەکێنن.
ئەوەی کە دیارە موسڵیش لەپاش داعش بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات. ڕەنگە سەرەتا شەڕەکە لەنێوان هێزە شیعە و سوننەکاندا درووستبێت. بەدوایدا هەندێک گرووپی جیهادیی سپۆنسۆرکراو لەلایەن تورکیا و سعودیە و قەتەرەوە درووست دەبن و دەست بەسەر هەندێک ناوچەیدا دەگرن. هێزە شیعەکانیش دەستەوەستان نابن و بەیارمەتیی ئێران هەندێک ناوچەی دیکە کۆنترۆڵ دەکەن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەکانی دادەخات و ڕووسیا پاش ئەزموونی سەرکەوتووی لە سووریا، فڕۆکە و هێز بۆ ئێراقیش دەنێرێت. تورکیا و ئەمریکا و هێزەکانی دیکەش بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز، فڕۆکە بۆ پشتیووانی لە هێزە سوننە و دژە ئێران و ڕووسییەکان دەنێرن. ئەنجامەکەشی ئەوە دەبێت کە ماوەیەکی دوورودرێژ باشووری کوردستان یان دەبێتە مەیدانی جەنگێکی ئیقلیمی، یان هاوسنوور دەبێت لەگەڵ زۆنی جەنگ. مەترسیی گەورەتریش ئەوەیە بەو حاڵەوە کە هەمانە، ئاگرەکەی موسڵ باشووری کوردستانیش بسووتێنێ و دوو ئیدارەی کوردی بەسەر دوو بەرەی شیعە و سوننەدا دابەش ببن. [1]