لە ئێستای دونیای مۆدێرنە و پێشکەوتندا، کاتێک وڵاتانی زلهێز کۆدەبنەوە و کوردەکانی چوار پارچەی کوردستان ترسیان لێدەنشێت. چونکە کورد واتەنی ئەوەی دەمی بە شیر سوتابێت فوو لە دۆ دەکات نەتەوەی کورد هەموو دەممان سووتاوە، بۆیە دەترسین جارێکی دیکە لەنێوان وڵاتانی زلهێزدا دابەش و پارچەپارچە بکرێینەوە. 100 ساڵ لەمەوبەر لە شاری لۆزانی سویسرا پەیماننامەیەک مۆرکرا کە تێیدا کوردەکان دابەشی سەر وڵاتانی زلهێزکرا. بەوەش جارێکی کوردەکان ئاوارە و سەرگەردان بوون.
لە دوای جەنگی بەناوبانگی چاڵدێرانەوە کە لەنێوان عوسمانلی و سەفەوییەکان بەرپابوو، ئەم جەنگە بووە هۆی دابەشبوونی کوردستان بەسەر دەوڵەتانی سەفەوی و عوسمانیدا. پێش ڕێککەوتنامەی لۆزان، پەیمانی سیڤەر بەسترابوو. کەمال ئەتاتورک کە بووە هۆی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و کۆماری تورکیای دامەزراند. توانی بە فێڵ و تەڵەکەبازی پەیماننامەی سیڤەر هەڵوەشێنێتەوە و ئەمجارەیان پەیماننامەیەکی نوێ لەنێوان ڕووسیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و شانشینی بەریتانیا ببەستن. ئەم پەیماننامەیە 2023 کۆتایی پێدەهێنرێت.
مەبەست لەم پەیماننامەیە چی بوو؟
ئەو وڵاتانەی بەشداریان لەم ڕێکەوتنامەیە کرد دەیانەویست سەرلەنوێ، کیانی سیاسی و جوگرافی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن و دەستکاری بکەن. یەکەمین نەتەوە کە لەم پەیماننامە بووە قوربانی نەتەوەی کورد بوو چونکە بە بێ پرسانی نەتەوەیەی کورد، وەکوو ئەوەی ئەم نەتەوەیە جێگای لەوەڕگای وڵاتانی داگیرکەر بن لەنێوان چوار دەوڵەتی ناوچەکە دابەشکران، ئەوانیش وڵاتانی ئێراق، ئێران، سووریا و تورکیا بوون. ئەو سەردەمەش کە کوردستانی سوور[1) بوونی هەبوو کە هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستانی سوور دەکەوتە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوە، زمانیان زمانی کوردی و زاراوەی کرمانجی بوو، پایتەختی کوردستانی سوور شاری لاچین بوو. تەنیا ئەم وڵاتە نەبێت کەوتە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤێتەوە. وڵاتانی زلهێز دوای بەستی پەیماننامەکە هەستان لە ڕێگەی چەک و پاڵپشتی لۆجستییەوە، بۆ سەرکووتکردنی نەتەوەی کورد، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو چوار وڵاتە دەردەبڕی کە کوردەکانیان بەسەردا دابەشکرابوو.[2)
کورد لە#پەیمانی سیڤەر# دا[3)
پەیماننامەی سیڤەر لە10ی ئابی 1920 لەنێوان وڵاتانی تورکیا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن، ئەرمەنستان و بەلژیکا و یۆنان، پۆڵەندا، پورتوگال ڕۆمانیا، سربیا، کرواتیا، سلۆڤینیا و ئەمریکا، واژۆکرا. شەریف پاشای خەندان وەکوو نوێنەری کورد ڕێگەی پێدرا بەشداری بکات. ئەم پەیماننامەیە زیاتر بۆ ئەوەبوو کە چارەسەری کێشەی نێوان وڵاتانی ژێردەستەی عوسمانی و هاوپەیمانان بەسترا. کۆی پەیماننامەکە لە 422 ماددە تەنیا سێ لە بەندەکانی ئەو 422 ماددە تایبەت بوون بە کورد.
ماددەی 62: لیژنەیەک لەسێ ئەندام پێک دێت که لە سێ کەسایەتی (بەریتانی وفەرەنسا وئیتاڵیا) حکومەتی ئەو سێ دەوڵەتە دیاری دەکەن، مەڵبەندی لیژنەکەش شاری ئێستانبوڵ دەبێت، ئەم لیژنەیەش پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا کارەکانیان ئەنجام بدەن، کارەکەشیان ئاماددەکردنی یاسایەکە بەمافی فەرمانڕەوایی ئۆتۆنۆمی بۆکوردستان کەزۆرترینی دانیشتووانی کوردن که کەوتۆتە ڕۆژهەڵای فورات وباشووری سنووری ئەرمینیا وباکووری سنووری سووریا و ئێراق. وەک لەبەندی (27)لەماددەی (دوو، سێ)دا دیاری کراوە ئەگەر ئەندامانی لیژنەکە بڕیاریاندا لەسەر هەرکێشەیەک لەکێشەکان نەدا ئەوا هەر ئەندامێک کێشەکەی بەرەو ڕووی حکومەتەکەی دەکاتەوە، ئەم پڕۆژەیەش واپێویست دەکات کەمافی ئاشوری وکلدانی وکەمە نەتەوەیی وئایینییەکان لەخاکی کوردستاندا دەژین دیاری بکات ، له پێناوی ئەم مەبەستەدا لیژنەیەک لە ئینگلیزوئیتاڵی وئێرانی و کوردێک ئەنێرێت بۆ ناوچەکە، ئەم لیژنەیە بڕیار لەسەر گۆڕانکاری لەسەر سنووری تورکیا دەدات، ئەگەر پێویستیشی کرد بەپێ ی بەندەکانی پەیماننامە ئەوا سنووری نێوان تورکیا و ئێران دەکات.
ماددەی 63: دەوڵەتی عوسمانی پەیمان دەدات بەپێی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو که لەبەندی (63)دا هاتووە دوو لیژنە ئاماددەبکات و لە ماوەی 90 ڕۆژدا دوای دەرچوونی ئەم بڕیارانە بڕیاری پێویستجێبەجێ بکات.
ماددەی 64: ئەگەر گەلی کورد لەوناوچەیەی کەلەو ناوچەیەی بەندی (62)دا هاتووە لە ماوەی ساڵێکدا ڕووی کردە کۆمەڵەی نەتەوەکان وزۆرترینی دانیشتووانی ناوچەکە ئارەزووی جیابوونەوەیان کرد لە تورکیا، ئەگەر کۆمەڵەی نەتەوەکان زانیان ئەم گەلە شایانی ئەم سەربەخۆییەن ئەوا کۆمەڵەی نەتەوەکان ئامۆژگاری تورکیا دەکات بۆ ئەم مەبەستە تورکیاش ئەم ئامۆژگاریانەجێبەجێ بکات ، بەوەی وازدەهێنێ لە هەموو مافەکانی خۆی لەوناوچانە کە ئەم پەیمانامە دەیگرێتەوە، ئەگەر ئەم وازهێنانەش لە کاتی خۆیداجێبەجێ کرا ئەوا هێزە هاوپەیمانەکان هیچ تەگەرەیەک ناخەنە بەردەم ئەو ڕێگەیەی کە دەبێتە هۆی یەکگرتنی ئەودەوڵەتە کوردییە سەربەخۆییە لەگەڵ ئەو کوردانەی لە ویلایەتی موسڵیشدا دەژین.
هۆکاری شکستی پەیمانی سیڤەر[4)
کەسێک لەوانەی کە دژی پەیمانی سیڤەر بوو، خودی کەمال ئەتاتورک بوو، چونکە لە چەندین شوێندا ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیمانی سیڤەر دژی خواستەکانی سەرانی تورکیان و هیچ کاتێک لەگەڵ خواستەکانی ئەوان یەکناگرێتەوە. پەیمانی سیڤەر پەیمانێکی ئاشتییانە بوو لەنێوان عوسمانییەکان و سوێندخۆرەکان بوو، لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانیدا بەسترابوو. هەر بۆیە کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیا لە وتەیەکی بەناوبانگیدا سەبارەت بە سیڤەر دەڵێت ئەم پەیمانە بە زیانی ئێمە تەواو دەبێت چونکە زەوی و زارێکی زۆرمان داگیر کردووە لە کاتی شەردا لەدەستمان دەچێت. لە چەند خاڵێکدا ڕوون دەبێتەوە کە چۆن چۆنی پەیمانی سیڤەر شکستی هێناوە:-
1- فەرەنسا و ئیتاڵیا پێشتر هەردووکیان لەسیڤەردا بەشدار بوون بەڵام دواتر دووڕێکەوتن لەگەڵ کەمالییەکاندا دەبەستن واز لە کۆمەڵێک مافی خۆیان دەهێنن لە ناوچەکەدا، بە هەمان شێوەی ئەم ڕێکەوتنە وای لە بەریتانیا کرد سیاسەتی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت دۆستەکانی خۆی لەدەست نەچێت .
2- ئەرمەنەکان هۆکارێکی دیکەی شکستەکە بوو، چونکە ئەوەی لەپەیمانەکەدا هاتبوو سەبارەتی بەبەڵێن دان بەدرووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی ئەرمەنییەکانی ترساند و ئەمەیان بە دژی بەڵێنەکانی خۆیان دەزانی کەپێیان درابوو، هەر بۆیە دژایەتییەکی یەکجار زۆریان بۆ سیڤەر هەبوو. ئەمه و جگە لەوەی بەریتانیا و فەرەنسییەکان کێشەی ئەوەیان هەبوو کەدانانی مەلیک فەیسەڵ بۆ مەلیکی ئێراق کە ئەمەش هۆکارێکی ناڕاستەخۆبوو لە دوورکەوتنەوەیان لەیەکتری وسەرنەگرتنی ئەم پەیماننامە.
3- سەرۆک وەزیرانی نوێ لە یۆناندا کە هەوڵیدا لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی تر هەڵدایەوە و پەیڕەوی سیاسەتی ئاشتی دەکرد.
4- گۆڕانی سیاسەتی بەریتانیا کە لەسەرتاوە پشتگیری لە مافەکانی کورد دەکات بەڵام دواتر وازی لێ دەهێنێت.
5- بەهێزبوونی کەمالییەکان بوو، ئەو سەرکەوتنە گەورانەی کە کەمالییەکان و (عیسمەت ئنونوی)سەرکردەی کەمالییەکان بەدەستیان هێنا، چونکە کەمالییەکان هەر لە سەرەتاوە دژایەتی ئەم پەیمانەیان دەکرد.
کۆنگرەی لۆزان و بەشداربووانی کۆنگرەکە
لە کۆتایی ساڵی 1922 کۆنگرەی لۆزان لە سویسرا دەستیان بە کارەکانی خۆیان کرد، گرووپێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی خۆیان بۆ ئاماددە کرد. لەوانەش بەریتانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، ئیتاڵیا، یۆنان، ڕۆمانیا. چەند وڵاتێکی دیکەش لە چوارچێوەی وڵاتانی یەکێتی سۆڤێت بەشداریان لەم کۆنگرەیە کرد. بە تایبەتیی جۆرجیا و بولگاریا و ئۆکرانیا.
لە تورکیاش هەریەک له عیسمەت ئینۆنۆ حسێن ڕەئوف یوسف کەمال کە وەزیری دەرەوە بوو، بەشداریان کرد، بەڵام عیسمەت ئینۆنۆ کە وەزیری بەرگری تورکیا بوو، سەرکردایەتی وەفدی تورکیای دەکرد. لەم کۆنگرەیەدا وەفدەکەی تورکیا جەختیان چەندین شت دەکردەوە بە تایبەتیی هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر، ئەوەی زۆرترین قسەی لەبارەیەوە کرا. تورکیا دەیانەویست بزانن کێشەی زەویەکانی دەوڵەتی تورکیا و داهاتووی ئەم وڵاتە چییە، هەروەها ئابووریی وڵاتەکەیان پاشان بارودۆخی کەمە نەتەوەییەکانی ناوتورکیا چیان بەسەر دێت؟.
ئەم کۆبووانەوەی تاوەکوو مانگی شوباتی 1923 بەردەوام بوو، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکی گرنگی نەبوو. تاوەکوو تورکەکان لە مانگی نیسانی 1923 100 لاپەڕەیان ئاماددە کرد، توانییان زۆرترین دەستکەوت بۆ خۆیان بەجێ بهێنن. لە مانگی تەمموزدا گەیشتنە ڕێکەوتن. ئەوەبوو دواتر بە ڕەزامەندی ئەتاتورک لە 24ی تەمموزی 1923 پەیماننامەی لۆزان مۆرکرا. و یەکەمیان کاریان دیاری کردنی سنووری جوگرافی وڵاتی تورکیا بوو. کۆماری تورکیا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە وەکوو کۆمارێکی مۆدێرنی سکۆلار دانیپێدانرا. چەند دەستکەوتێکی تورکیا لە پەیماننامەی لۆزان:-
1- لەسەر خاکی تورکیا، هیچ دەوڵەتێکی کوردی و ئەرمەنی درووست ناکرێت، بۆ ئەو کارەش وڵاتانی زلهێز پشتیوانی لەسەرکووتکردنی هەر هەوڵێکی لەو جۆرە دەکەن.
2-تورکیا هیچ زیانێکی جەنگی بۆ وڵاتان قەرەبوو نەکردەوە.
3- نزیکی 18 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ویلایەتی ئەسکەندەروونە لە لایەن فەرەنساوە بەخشرایە تورکیا.
4-باکووری کوردستان خرایە سەر تورکیا
5-تورکیا بووە سەرپەرشتیاری هەموو گەرووە ئاوییەکانی سنوورەکە.
چارەنووسی ویلایەتی موسڵ لە پەیماننامەی لۆزاندا
لەم کۆنگرەیەدا عیسمەت ئینونوی سەرۆک وەزیرانی تورکیا وەک نوێنەری تورکیا و (لۆرد کرزن)سیاسەتمەداری ئینگلیز وەک نوێنەری بەریتانیا لەسەر مەسەلەی ناوچەی موسڵ کەوتنە گفتوگۆیەکی درێژخایەن، دوای چەندین دانیشتن گەیشتنەچەند خاڵێک لەوانەی:
ماددەی37: حکومەتی تورکیا مافی هەیە بڕیار دەربکات کە دەگونجێت لەگەڵ بڕیارەکانیدا.
ماددەی 38: حکومەتی تورکیا بە ڵێن بە دانیشتووانی تورکیا دەدات کە بەرگری لەماف و سامان و سەرپەرشتیان بکات بەبێ جیاوازی ( ڕەگەز و زمان و ئایین).
ماددەی 39: حکومەتی تورکیا هیچ کۆسپێک ناخاتە بەردەم کەس کە لەژێر چاودێری تورکیادان، هەروەها ئازادن بە زمانی خۆیان بازرگانی و ڕۆژنامەگەری وخواپەرستی وچاپەمەنی و هەموو چالاکی سیاسی خۆیان بکەن.
دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان پاش سەرکەوتنی جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیمانی لۆزان لە دژی کورد سیاسەتێکی هاوبەشیان لە دژی کورد گرتە بەر و دەستیانکرد بە جینۆسایدی ئابووری و فەرهەنگی و ڕەگەزی و تاڵانکردنی کانزا و بەرو بوومی کوردستان و دەرکردنی کورد لەسەر زێدی باو باپیرانیان، بە نیازی ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە نیو زمان و نەتەوەی خۆیاندا بتوێننەوه و ناوی کوردستانیش لەسەر نەخشەی جوگرافی جیهان بسڕنەوە.[5)
پەیڕەوکردنی ئەو پلانەی کە لە پەیمانی لۆزاندا هاتبوو لە ئاکامدا بە درێژی کات کاریگەریی سامناکی بۆ سەر کورد بەدواوە بوو، دەوڵەتە داگیرکەرەکان لە پاش لۆزان دەستیان کرد بە توندکردن و بەستنی سنوورەکانیان و بەدەیان و سەدان هەزار خزم و بنەماڵە لە یەکدی دابڕان. لە سایەی پەیمانی لۆزاندا، لە سووریا و تورکیا حاشا لە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک کراو لە ئێراقیش سیایەتی بەعەرەبکردن و بنەبڕکردن و ئەنفال و جینۆساید کردنی گەلی کورد هەمیشە لە ئارادا بوو، لە ئێرانیش هەر لە دەسەڵاتی ڕەزا شاوه و دامەزراندنی دەوڵەتی فارسەوە هەموو ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ناوی کوردستانیان لە سەریان لابراو تەنیا چەند شار و شارۆچکەیەکیان ناونا کوردستان. هەر لە سایەی پەیمانی لۆزانەوە بوو داگیرکەرانی کوردستان لە ڕووی ئابووری و گەشەی پیشەسازییەوە بەردەوام پێشیان لە ڕەوتی گەشەسەندنی ئاسایی وسرووشتی گرتووە و، داهاتی نەوت و کانزا و سامانی کوردستان لە ماوەی ئەو هەشتا نەوت ساڵەدا کە لە هەزاران ملیۆن دۆلار تێپەر ِدەکات لە پێناوی پێشخستنی ئابووری و پیشەسازی خۆیاندا دەستەبەر کرد.
بەدەیان و سەدان کوردیش بە هۆی بێکاری و نەبوونی بژێویی وەک هێزی کار، ڕویان کردە ناوچەکانی ئەوان و بەنرخێکی کەم کاریان پێکراوە.
ڕاپەڕینی کوردان دوای لۆزان [6)
لە دوای پەیمانی لۆزانەوە ڕاپەڕینی کوردان لەنێوان ساڵانی 1918 تا 1938 لە باشوورو باکوور و کوردستانی خۆرهەڵات، بۆ و دەست هێنانەوەی مافی زەوتکراوی خۆیان لە لایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە دڕندانەترین شێوە بەرپەرچ درانەوە. دەوڵەتە زلهێزە داگیرکەرەکانیش بە مەبەستی هاوکاری کردن لە ئەو دەوڵەتانە ڕاستە خۆو ناراسته و خۆ پشتگیری سەریازیی و لۆجستییان پێشکەش دەکردن. پشتیوانی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتی ستالین لە تورکیاو، دژایەتیی کردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و ڕووخانی مەملەکەتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەلیکی کوردستان (شێخ مەحمود) بە هاوبەشیکردنی سوپای عەرەب و ئینگلیز، هەروەها ڕووخانی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محمەد، لە لایەن سوپای ئێران و پشتیوانیکردنی ئەمریکا و ئینگلیز لە ڕژێمی حەمە ڕەزا شا، چەند نموونەیەکی ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتی و ناوچەییەن کە دەرهەق بە گەلی کورد، لە دوای بەستنی پەیمانی لۆزان ئەنجام دران.
لەسایەی پەیمانی لۆزاندا بوو کوژرانی زیاتر لە ملیۆنێک کورد لە ڕاپەڕینەکانی شێخ سەعید و ئیحسان نووری پاشاو سەید ڕەزای دێرسیم و ڕاگواستنی ملیۆن و نیوێک کورد لە باکوور بۆ ناوچە تورکنشینەکان و لە ناوچونی کۆماری ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور لە لایەن سۆڤێتەوە و بڵاوەپێکردنی دانیشتووانەکەی بەناو کۆمارەکانی دیکەی سۆڤێتدا دا و هێرشی سەربازیی بۆ سەر باشووری کوردستان و ڕووخانی حکومەتەکەی مەلیک مەحمود و وێرانکردنی پێنج هەزار گوند لە باشوورو کیماباران کردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و ئەنفال کردنی گەلی کورد لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە و ڕووخانی کۆماری مەهاباد و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و سەدان ڕۆڵەی گەلی کورد لە کوردستانی باشوورو دەرکردنی فەتوای جیهاد لە دژی کورد و هەموو ئەو کوشت و بڕو ماڵوێرانییەی کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە سەر کورد هاتن هەمووی لە سایەی پەیمانی نەگریسی لۆزانەوە بوو، هەر بۆیە پەیمانی لۆزان بە سەرەتاو سەرچاوەی هەموو بێبەختی و نەهامەتی و ماڵوێرانی و دواکەوتنێکی کورد لە کاروانی سەرفرازیو پێشکەوتن دادەنرێت.
ڕێکەوتننامەی ( لۆزان ) سەرەتای قۆناغێکی نوێی چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد و پێشێلکردنی مافەکانی بوو، سەرچاوەی شەرعییەتدان بوو به و هەموو کوێرەوەری و نەهامەتیانەی تا ئەمڕۆش پرسە نەتەوایەتییەکە و گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بەدەستیانەوە دەناڵێنن . بۆیە ئەم ڕێکەوتننامەیە لە مێژووی نوێی نەتەوەکەماندا وەک خاڵێک و پەڵەیەکی ڕەش و کاریگەرییەکی نەرێیانە سەیریدەکرێت لە سەردەمی ئێستادا کورد و ڕێکخراوە سیاسییەکان دەبێت خوێندنەوەیەکی لۆژیکییان بۆ پرسی کورد هەبێت و بتوانن بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی و بە وتارێکی هاوبەش پرسی کورد وەک نەتەوەیەکی گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە پرسێکی جیهانی و سەرەنج و پشتیوانیی زڵهێزەکان بۆ لای ئەم پرسە ڕابکێشن و بە یەکخستنی نێوماڵی کوردی دەرەتان بە دەسەڵاتداران و نەیارانی کورد نەدەن کە کەلێن بخەنە نێو ڕیزەکانی نەتەوەی کوردەوە.
[1) https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdistansky_Uyezd
[2) https://www.turkpress.co/node/33476
[3) محەمەد گەڵاڵەیی:-پەیماننامەی لۆزان..بکوژی سایکس-پیکۆ و سیڤەر 24 تەمموزی 1923
[4) https://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=100784
[5) فوئاد قەرەداغی: پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ڕێکەوتننامەی ( لۆزان ) ەوە بۆ ئەمڕۆ، ماڵپەڕی فەرمی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
[6) https://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=100784.
[1]