پەیمان محەمەد
سکرتێری ئەلپارتی دەڵێت: گەشبینە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئەنەکەسە و پەیەنەکە کۆببنەوە. وتیشی، پەیەنەکە بە فەرمی داوای پێشکەشکردووە شاندێکیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە.
ڕۆژی هەینی #17-01-2025# ، نەسرەدین ئیبراهیم، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە هێڤیدار زانا پێشکەشیکرد، لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لە پیرمام ڕایگەیاند، ''لە شەوی ڕابردووەوە خەڵک لە هەموو شارەکانی ڕۆژاوای کوردستان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و پێشوازییەکی گەرم لەو هەنگاوە پیرۆزە دەکەن، ئێمە سوپاسی هەردوو سەرکردە دەکەین.''
دوێنێ پێنجشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی هەولێری کرد و لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و تاوتوێی بارودۆخی سووریا و چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریا و چۆنییەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانیان کرد.
نەسرەدین ئیبراهیم لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتنمانیی کورد (پەیەنەکە) کە دوو لایەنی سەرەکین و زیاتر لە 50 پارتی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان لەخۆدەگرن وتی، ''تاوەکوو ئێستا هیچ ڕۆژێک بۆ کۆبوونەوەی پەیەنەکە و ئەنەکەسە دیاری نەکراوە، بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوپێش برادەرانی ئێمە لە ئەنەکەسە، دوو ڕۆژیان مۆڵەت خواستووە.''
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە #08-12-2024# ، گرنگیی دیالۆگی کوردی -کوردی زیاتر بووە کە لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان، بەڵام سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ەوە گفتوگۆکانیان ڕاگیراون.
سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا وتی: بێگومان من گەشبینم کە دانیشتنەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێت و ئەنجامێکی گرنگیشی دەبێت، هەروەها یەکڕیزی و یەکوتاریی ماڵی کوردی لێ دەکەوێتەوە بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگییەوە بچێتە نێو کۆنگرەی نیشتمانیی سووریای نوێوە.''
وەک نەسردەین ئیبراهیم ئاماژەی پێدا، لیژنەیەکی ئامادەکاریی نۆ کەسی پێکهێندراوە بۆ ئەوەی زەوینە بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان خۆش بکات، وتیشی، ''لیژنەکە پێکهاتووە لە نوێنەری پارتەکانی نێو پەیەنەکە، پارتە سەربەخۆکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کەسایەتیی سیاسیی سەربەخۆ.''
بەوتەی سکرتێری ئەلپارتی، تەنیا نوێنەری ئەنەکەسە لە لیژنەکەدا نییە، ''بەڵام بڕیارە سەردانی ئەنەکەسەش بکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش ئەندامیان لە لیژنەکەدا هەبێت و هاوکار بن بۆ ڕێگەخۆشکردن و ڕێکخستنی کۆنگرە نەتەوەییەکە و تێیدا بەشدار بن''.
تاوەکوو ئێستا چارەنووسی کوردی ڕۆژاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریای نوێدا ڕوون نییە، ئەوەش بەهۆی پەرتەوازەبوونی نێوماڵی کورد. نەسرەدین ئیبراهیم دەڵێت: ''پێویستە بۆ بەرژەوەندیی باڵای گەلی کورد، (پەیەنە و ئەنەکەسە) سازش بکەین، ڕێکبکەوین و دیالۆگی کوردی -کوردی دەستپێبکاتەوە.''
پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) یەکێکە لەو 24 پارتەی لەنێو هاوپەیمانیی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد لە سووریادان. سکرتێری ئەلپارتی لەبارەی ئەگەری سەردانیکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان وتی، ''دەمێکە وەکوو پەیەنەکە داوامان کردووە شاندێکمان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ ئەو وەڵامە ئەرێنییە کە ئێمە دەربازی باشووری کوردستان ببین، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان نەدراوەتەوە.''
بەوتەی نەسرەدین ئیبراهیم، تاوەکوو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان نە ڕەتیکردووەتەوە کە شاندەکەی پەیەنەکە سەردانیان بکات، نە قبووڵیان کردووە، ''ئێمە لە ڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان داوای فەرمیمان پێشکەشکردوون.''
دەشڵێت، لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان، دەیانەوێت لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی دیکە کۆببنەوە، ''ئێمە دەمانەوێت هاوکار بن بۆ یەکڕیزیی ماڵی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان.''
داواکاریی پەیەنەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە کە#13-01-2025# ، د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی ڕۆژاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە و بە فەرمیی بانگهێشتنامەی سەرۆک بارزانی بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیاند. [1]