ناونیشانی بابەت: حوسێن عەلی خان هەندەسی گۆران... ئەندازیارە بەتواناکەی کرماشان
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
حوسێن عەلی خان هەندەسی گۆران، لە ساڵی (1871ز) لە شاری #کرماشان# لەدایک بووە، باوکی ناوی محەمەد عەلی خان گۆران بووە، ماڵی باوکی لە گەڕەکی (شەترگەلوو)ی شاری کرماشان بووە، بەڵام محەمەد عەلی خان، لە گوندی سیمینە، کە ئەوەندە لە کرماشانەوە دوور نییە، لە ناوچەی قەڵای زەنجیر لە گۆران موڵکێکی هەبوو، کە داهاتەکەی لە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە دابین دەکرا، خوشکی محەمەد عەلی خان، بە ناوی جەمیلە، هاوسەرەکەی خەڵکی تاران بووە، لە گەڕەکی سەرپۆلەک لە تاران نیشتەجێ بووە.
حوسێن عەلی، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا ڕەوانەی تاران دەکرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ خاڵۆزاکەیدا بژی، ئەویش کەوتە ژێر سەرپەرشیتی ئەو و لە یەکێک لە قوتابخانەکانی تاران دەستی بە خوێندن کردووە. لە هەمان کاتدا لە قوتابخانەیەکی تایبەت دەستی بە فێربوونی زمانی فەرەنسی کردووە و لە تەمەنی 16 ساڵیدا فێری زمان و ئەدەبی فارسی و فەرەنسی بووە.
لە ساڵی (1887ز) حوسێن عەلی هەندەسی گۆران، بە ئامانجی خوێندن لەگەڵ شەش گەنجی دیکە لە تارانەوە بۆ فەرەنسا گەشتێکی وشکانی دەکات و لەوێش لە زانکۆی (سۆربێن) ئەندازیاریی تەلارسازی و بیناسازیی خوێندووە.
بە گوتەی ئیرەج هەندەسی، تەنیا دوو ساڵ لە فەرەنسا ماوەتەوە و بەهۆی نەگونجانی ڕۆحی لەگەڵ کولتووری ئەو کۆمەڵگایە و هەروەها بەهۆی ئەگەری خوێندن لەژێر چاودێریی پرۆفیسۆرە ئەوروپییەکان لە دار ئەلفنوون لە ساڵی (1889) لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی شاندی هەفت نەفەری گەڕایەوە تاران و لەسەرەتاوە لە دار ئەلفنوون دەستی بە خوێندن کرد و لە ساڵی 1894دا وەک ئەندازیاری ڕێگاوبان و بیناسازی لەم قوتابخانەیە تەواو کرد.
بە گوتەی سەرچاوەکان، حوسێن عەلی وەک ئەندازیاری و نیگارکێشی لە قوتابخانەی دارئەلفنوون لە تاران بە سەرپەرشتیی پرۆفیسۆرەکانی وەک کەمالولمولک و موسورولمەلوک خوێندوویەتی.
حوسێن عەلی هەندەسی گۆران، دوای تەواوکردنی خوێندنی لە دارئەلفنوون لە تاران گەڕایەوە کرماشان و دوای ماوەیەکی کەم لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ساڵی (1899ز) لە ماڵی تایبەتی خۆی، کە دەکەوێتە کۆڵانی هەندەسی لە گەڕەکی (چێنانی) شاری کرماشان، کە پۆلێکی خوێندنی بۆ کۆمەڵێک خوێندکار ساز کرد، دوای ماوەیەک بوو بە قوتابخانەیەک بە ناوی موحتەشەمیە، کە بە خاڵی دەستپێکی خوێندنی هاوچەرخ لە شاری کرماشان دادەنرێت.
حوسێن عەلی خان هەندەسی گۆران، لەنێوان ساڵانی 1921 بۆ 1932 وەک ئەندازیاری بیناسازی و تەلارساز کاری دەکرد، ئەو هەموو کاتەکانی لە کەشوهەوای گەرم و سەختی #قەسری شیرین# و #ئیلام#دا بەسەر بردووە، ئەم بارودۆخە سەخت و چالاکییە ماندووکردنانە هێزی جەستەیی کەمکردەوە و دواجار بووە هۆی مردنی لە ساڵی 1932.
ئەندازیار گۆران، وەک تەلارسازێک چەند بینایەکی دیار لە کرماشان دروست کردووە، بینای قوتابخانەی موحتەشەمیە، کە لە ساڵی 1902 وێران بوو، بینای گومرگی قەسر شیرین و نەخۆشخانەی کەرەنتینە لە قەسر شیرین، کە لە شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 وێران بوو، کە لە تەلارسازییە دیارەکانی ناوچەی کرماشاندایە، هەروەها فەرمانگەی گومرگی و نۆژەنکردنەوەی پردی ڕووباری ئەلوەند لە کارەکانی لە قەسر شیرین بوون، کە هەردووکیان لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا وێران بوون. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=