نیاز مستەفا
هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕایگەیاند، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی سووریا لەژێر سەرکردایەتیی یەک کەسدا و پێنەدانی دەسەڵات بە لایەنەکانی دیکە دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆیی. دەشڵێت، ئیسرائیل ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدیبێت و گرنگە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن. سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە ڕۆژاوای کوردستان گەشبینە.
#ئیلهام ئەحمەد# ، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە ڕۆژاوای کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیایی ئیسرائیل سەبارەت بە دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکە کرد.
ئەو بەرپرسە کوردە دۆخی ناوخۆیی سووریا بە ئاڵۆز دەزانێت. دەڵێت: لە ڕووی سەربازی و ئیدارەدانەوە، سووریا بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشبووە. باکوور و ڕۆژهەڵاتی لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی بەڕێوبەریەتیی خۆسەرە. ناوچە کەناراوەکان دۆخێکی تایبەتیان هەیە. دروزەکان یەکەی ئیدارەی خۆیان و هێزی خۆیان بۆ پاراستنی ناوچەکانیان هەیە. لە ئیدلیب و دەوروبەری، ئیدارە و هێزی دیکە هەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ئەگەر کەسێک بێت و بیەوێت هەموو ئەو خەڵکە لەژێر یەک سیستەمدا کۆبکاتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆ و لەلای لایەنە جیاوازەکانی سووریا قبووڵکراو نابێت.
ئەو گوتانە لە کاتێکدان ڕۆژی 29ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە دیمەشق کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو کە تێیدا سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا ڕاگەیێندرا و ئەحمەد شەرع، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بە سەرۆککۆماری ڕاگوزەری وڵاتەکە دیاریکرا.
دەستەی تەحریر شام و داهاتووی دەستەکە لە سووریا
ئیلهام ئەحمەد لەبارەی ویستی هەتەشە بۆ بەڕێوەبردنی سووریا دەڵێت: نیگەرانییەکە ئەوەیە کە هەتەشە بیەوێت سیاسەتی یەک سەرکردەیی لە سووریا پەیڕەو بکات و دەرفەتی بەشداریکردن نەداتە ئەوانەی دیکە. هەموومان پاشخان و مێژووی هەتەشە شارەزاین.
ساڵی 2017 بەرەی نووسرە و چەند گرووپێکی چەکداری دیکە لە باکووری ڕۆژاوای سووریا یەکیانگرت و دەستەی تەحریر شامیان درووستکرد. کانوونی یەکەمی ڕابردووش سەرکەوتووبوون لە ڕووخاندنی حکومەتی سووریا. بەشێک لە پێکهێنەرانی بەرەکە بە نزیک لە ڕێکخراوی قاعیدە تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد بەرپرسانی دەستەکە دەڵێن، ئێستا بیرکردنەوەی جیاوازیان بەراورد بە ڕابردوو هەیە.
ئیلهام ئەحمەد لەوبارەیەوە وتی، زۆر زووە بتوانین بڕیار لەم قسەیەیان بدەین. ئەوان زۆر هەستیارن بەو بابەتە (جیهاد و بیرکردنەوەی ئیسلامی) و هەوڵدەدەن پیشانی بدەن کە لە قاعیدە جیابوونەتەوە. با چاوەڕێ بکەین و ببینین.
دوای ڕووخانی حکومەتی سووریا، بەشێک لە وڵاتان، بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ژمارەیەک سزایان لەسەر حکومەتی سووریا هەڵگرتووە، بەشێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتانەش ئاماژەیان بە ئەگەری دەرهێنانی دەستەکە لە لیستی تیرۆر کردووە.
لەوبارەیەوە هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەوەی خستە ڕوو، دەرهێنانی دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر و لابردنی سزاکانی سەر سووریا دوو دەرئەنجامی دەبێت: یەکێکیان ئەوەیە کە دەستەی تەحریر شام دەست بەسەر تەواوی سووریادا دەگرێت و سیستەمێک بۆخۆیان درووست دەکەن، ئەوەی دیکەش ئەوەیە کە هیچ ڕۆڵێک بە لایەنەکانی دیکە نادەن.
دۆخی ڕۆژاوای کوردستان و داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات
بەرپرسانی سووریا ناوە ناوە باسی پێکهێنانی سوپایەک بۆ سووریا و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن. بەشێک لەو بەرپرسانە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکیان بۆ ئەو مەبەستە کردووە لە دژی هەر گرووپێک کە ڕازی نەبێت.
لەوبارەیەوە ئیلهام ئەحمەد وتی، هیچ کێشەمان نییە هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی یان ببنە بەشێک لە سوپای سووریا، بەڵام پێویستە یەکەی تایبەتیی خۆیان و بەشداریان لە سەرکردایەتی سوپاکەدا هەبێت.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژاوای کورداستان هەن. لەبارەی گرنگی مانەوەی ئەو هێزانە ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتای ئەمساڵ، ژمارەیەک هێرشی داعش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا هەبوون. ژمارەیەک هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ئێمەش هەبوون و ژمارەیان لە زیادبووندایە. ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی تورکیا (بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان) هانی داعش دەدەن. بە ڕەچاوکردنی هەموو ئەو بابەتانە پێم وایە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لەو بارەیەوە ڕوون دەبێت.
پەیوەندییەکانی سەرکردایەتیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و ئیسرائیل
ناوە ناوە بەرپرسانی ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆیان بۆ کوردی ڕۆژاوای کوردستان و پاراستنیان لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەردەبڕن.
لە وەڵامی ئەوەی کە پەیوەندییەکانی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و بەرپرسانی ئیسرائیل هەڵدەسەنگێنێت ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وا دەکەن کە هەمووان تێبگەن بەبێ ڕۆڵی ئیسرائیل و جوویەکان، هیچ چارەسەرێکی دیموکراتی بۆ ناوچەکە نابێت.
ئەو زیاتر دوا و وتی، ئاساییشی ناوچە سنوورییەکانی سووریا وا دەکەن کە پێویست بکات هەمووان بەشداری لە دۆزینەوەی چارەسەردا بەشداری بکەن. ئیسرائیلیش بەشێکی گرنگی ئەم بابەتەیە و ڕۆڵەکەی زۆر گرنگ دەبێت، بۆیە هەبوونی گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل لەم ساتەدا زۆر گرنگە.[1]