هێمن عەساف
گوتەبێژی لیوای شیمالی هێزەکانی سووریای دیموکرات-#هەسەدە# لە ڕەققە بە ڕووداوی ڕاگەیاند، ڕەنگە هەسەدە ببێتە بنەما و بنچینەیەکی بەهێزی سوپای سووریا.
مەحموود حەبیب، ئێوارەی پێنجشەممە، میوانی بوڵتەنی ڕۆژاوای کوردستان بوو کە دڵبخوین دارا پێشکەشی دەکرد و وەڵای چەند پرسیارێکی دایەوە.
حەبیب وتی: هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشەنگ دەبێت بۆ دامەزراندنی سوپای سووریا و وتیشی هەسەدە چەک ڕادەستی کەس ناکات، بەڵام ئەو تفەنگەی بەدەست هەسەدە-وەیە دەبێتە تفەنگی دەوڵەت.
گوتەبێژی لیوای شیمالی هەسەدە لە ڕەققە ئاماژەی بەوەکرد، بابەتی کۆکردنەوەی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، کارێکی ڕەوایە بەڵام چەکەکانمان ڕادەست بکەین و بگەڕێینەوە ماڵەکانمان، ئەمە کارێکی هەڵەیە و بۆشاییەکانی ئەمنی زۆر مەترسیدار درووست دەکات. ڕەنگە سووریا بە ئاقارێکی زۆر مەترسیدار ببات.
لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش وتی: هیچ هەواڵێکمان پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە کشانەوە و نەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ باسی لێکراوە، لێرە لە ئەرزی واقیعدا پێچەوانەکەی دەبینرێت. ئەو ڕۆژەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە سووریا دەکشێننەوە، کاروانێکی سەربازی زۆر قەرەباڵخی هێزەکانی ئەمریکا هاتنە ناوەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
ڕووداو: دانووستاندنەکانی ئێوە و حکومەتی سووریا گەیشتنە کوێ؟
حەبیب: لە ڕاستیدا دانووستاندنەکان بەردەوامن. لیژنەی تایبەتمەند هەن گفتوگۆ لە هەموو بوارەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنیان لەبارەوە بکرێت. پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت. پێویستە چاوەڕێی ئەنجامی دیدار و گفتوگۆکان بکەین کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر گەلی سووریا دەبێت لە سەرانسەری دەوڵەتی سووریادا.
ڕووداو: دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا کە حکومەت داوای دەکات؟
حەبیب: بێگومان ئێمەش بۆ ئەمە کاردەکەین و پێویستە هەر وابێ، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەرەمی فەرماندەیی هەیە و ئەزموونێکی دوورودرێژی هەیە لە شەڕکردن و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستەکان. هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی هەیە جا لەسەر سنوورەکان بێت یان لە شار و شارۆچکەکاندا. بۆیە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی هەسەدە گوڕوتینێکی زۆر گرنگ بە سوپای سووریای داهاتوو دەدات. ڕەنگە ببێتە بنەما و بنچینەیەکی بەهێزی سوپای سووریا، دوای ئەوەی بە لەناوچوونی ڕژێم بینیمان سوپای سووریا چۆن هەڵوەشایەوە و پەرش و بڵاوبوو. تاوەکوو ئێستا لە سووریا هیچ هێزێکی بە دیسپلین و تۆکمە هێندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات نییە کە خاوەن فەرماندەیی تۆکمە بێت و ئەرک و بەرپرسیارییەتی زۆر گەورەی لەسەر شانە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ڕووداو: ئێوە وەکوو هەسەدە دەچنە نێو سوپا و ئیدی شتێک بەناوی هەسەدە نامێنێت؟
حەبیب: ئەم بابەتە بە ناوەکانەوە گرێ نەدراوە، گرنگ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرک و بەرپرسیارییەتییانەیە بۆ ئەم هێزانە. هێزەکانی سووریای دیموکرات بەم ناوە توانی لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تێکبشکێنێت. هەروەها لە ڕووبەرێکی زۆر فراوانی جوگرافیدا ئارامی و ئاساییشی پاراستووە. کاتێک ئەم هێزە دەبێتە بەشێک لە سوپای سووریا، ئەو کات لە بابەتی ناونان و دەستنیشانکردنی ناوێک بۆ هێزەکان ناوەستین. بەلای ئێمە ئەو ئەرک و بەرپرسیارییەتییە و بۆچوونە یەکگرتووە کە دەوڵەتی سووریا دەیداتە دەست ڕۆڵەکانی و جیاکاری لەنێوان کەس ناکات و کەس ڤیتۆ ناکات. بۆیە هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشەنگ دەبێت بۆ دامەزراندنی سوپای سووریا.
ڕووداو: ئەگەر داواتان لێ کرا لەو ناوچەیەی ئێستا تێیدان بچنە دەرەوە، ئێوە جێبەجێی دەکەن؟ ئەگەر وەزارەتی بەرگریی سووریا ئەو داوایەی کرد.
حەبیب: لە چوارچێوەی ئەو ئەرکەی سوپا بەجێی دەگەیێنێت بەتایبەتیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە سەرانسەری سووریا، ئەو کات هێزەکانی سووریای دیموکرات هیچ لارییەکی نابێت لەوەی ببێتە بەشێک لە پاراستنی ئارامی لە باوەشی جەماوەردا. دەزانین هێزەکانی سووریای دیموکرات لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا بە هێزێکی پەسەندکراو و خوازراو هەژمار دەکرێت. بۆ نموونە لە سوەیدا، ساحیل و زۆربەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سووریا. هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی پێشوازی لێکراوە و لە توانایدایە ئاشتی و سەقامگیری بەبێ تووندوتیژی و جیاکاری بەدی بهێنیت. بەڵام کاتێک باس لە چۆڵکردنی پێگەکان دەکرێت، ئەمە بابەتێکی جیاوازە و ناکرێت بەمشێوەیە هەنگاوی بۆ بنرێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری فورات ئەرکێکی زۆر قورسی لەسەر شانە بۆ پاراستنی ئاساییشی ئەم ناوچەیە. ئەزموونی ئەم هێزە لە توانایدایە ئارامی بۆ تەواوی سووریا فەراهەم بکات.
ڕووداو: ئەو چەکەی لەدەست ئێوەدایە، وەکوو خۆی دەمێنێتەوە یان ڕادەستی وەزارەتی بەرگریی سووریای دەکەن؟
حەبیب: ناونیشانی ڕادەستکردنی چەک ڕاست نییە، کاتێک تۆ چەک ڕادەست دەکەیت، دەبیتە کەسێکی سڤیل. هێزەکانی سووریای دیموکرات چەک ڕادەستی کەس ناکات، بەڵام ئەو تفەنگەی بەدەست هەسەدە-وەیە دەبێتە تفەنگی دەوڵەت ئەم بۆچوونە زۆر ڕژدە و ڕاست و کاراترە و سوودی بۆ هەموو گەلی سووریا هەیە. بۆ نموونە هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەرک و بەرپرسیارییەتی گەورەی لەسەر شانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەگەر هەسەدە چەکەکانی ڕادەستی لایەنێک بکات، کام هێز ئەو ئەرکە بەڕێوەدەبات کە هەسەدە دەیکرد؟ حکومەتی دیمەشق ئەگەر مەبەستییەتی ئەم کارە بکات لانی کەم پێویستی بە 30 هەزار چەکدارە. ئایا ئەم قەبارە گەورەیەی هێزی هەیە بۆ ئەوەی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات جێبەجێ بکات؟ بابەتی کۆکردنەوەی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، کارێکی ڕەوایە بەڵام چەکەکانمان ڕادەست بکەین و بگەڕێینەوە ماڵەکانمان، ئەمە کارێکی هەڵەیە و بۆشاییەکانی ئەمنی زۆر مەترسیدار درووست دەکات. ڕەنگە سووریا بە ئاقارێکی زۆر مەترسیدار ببات. ئێمە هەموو توانایەکمان خستووەتەڕوو بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. چەکی ئێمە هەمیشە لە خزمەتی ئەم دەوڵەت و گەلە دەبێت جا ببینە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا یان بۆ پاراستنی خاکی سووریا ئەرکدار بکرێین.
ڕووداو: داواتان لێکراوە یەکێک لە ئێوە ببێتە سوپاسالار یان وەزیری بەرگری یاخود هەر پۆستێکی دیکەی باڵا؟
حەبیب: ئێمە هەمیشە بەدوای دەرەنجام دەگەڕێین، ئایا ئەو بابەتانەی باس دەکرێن، دەرەنجامی باشی بۆ ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و تەواوی سووریا دەبێت؟ ئێمە هێزێکی تۆکمەی خاوەن دیسپلین و توانا و بە ئەزموونین. بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە دەستکاری پێکهاتەی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەکرێت بۆ ئەوەی کەسانی دیکە نەخزێنە نێو پێکهاتەی فەرماندەییەکەیەوە و تووشی کێشە نەبێت. با هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک خۆی بمێنیت و ئەرکی پاراستنی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێت. کاتێک دەبینە بەشێک لە پێکهاتەی وەزارەتی بەرگریی ئەوسا ڕێگە بۆ زۆر شت خۆش دەکرێت وەک بەشداریکردنی لایەنەکانی دیکەش و دابەشکردنی ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری تەواوی سووریا لە چوارچێوەی سوپای سووریا و لەژێر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکانی ئەو ساتەی سووریا.
ڕووداو: بەرپرسانی ئەمریکا هیچیان بە ئێوە گوتووە بۆ دەرچوون لەو شوێنانەی ئێستا تێیدان؟
حەبیب: هیچ هەواڵێکمان پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە کشانەوە و نەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ باسی لێکراوە، لێرە لە ئەرزی واقیعدا پێچەوانەکەی دەبینرێت. ئەو ڕۆژەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە سووریا دەکشێننەوە، کاروانێکی سەربازی زۆر قەرەباڵخی هێزەکانی ئەمریکا هاتنە ناوەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هەروەها هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەنیا ئەمریکا نییە، بەڵکوو لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا-ش پێکدێن. ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی دیکەش هەن. ئەگەر ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی کەم بکاتەوە یان بکێشێتەوە، هێزەکانی فەرەنسا و بەریتانیا ئامادەییان هەیە. کەواتە هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی دابەشبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان نەکراوە. ئەمە جگە لەوەی دۆخی ناوچەکە بەرگەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا ناگرێت، بەهۆی ئەوەی مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئارادایە. ڕەنگە تورکیا ئەمە بقۆزێتەوە و بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانەوە ئەم ناوچەیە داگیر بکات. هەروەها ئەگەری گرژی و ئاڵۆزی زۆری هەیە بەهۆی ئەوەی دۆخی هەرێمیش هێشتا ناجێگیرە. تاوەکوو ئێستا پرسی غەززە و لوبنان چارەسەر نەکراوە بۆیە بوونی هێزەکانی ئەمریکا زامنە بۆ هاوپەیمانانی لە سەرووی هەمووشیانەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات.
ڕووداو: ژمارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات چەندە؟
لە ئەلفبێی زانستی سەربازیدا ناکرێت ژمارەی سەرباز و نهێنییەکانی دیکە ئاشکرا بکرێت. دەتوانم بڵێم هێزەکانمان پێکهاتەیەکی تەواو تێکەڵە لە عەرەب و کورد و ئاشوور و سریان و تورکمان. هێزەکانی سووریای دیموکرات توانیوویەتی ببیتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو ئەم پێکهاتانە و لەیەک بەرەدا پێکەوە بۆ پاراستنی ئاساییش و سەقامگیری ناوچە کار دەکەن. بۆیە گرنگ نییە ژمارەکەی چەندە یان ڕێژەی پێکهاتەکان چەندە؟ گرنگ ئەوەیە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە 10 ساڵی ڕابردوودا خۆڕاگر بووە لە دژی دڕندەترین و بەهێزترین ڕێکخراوی تیرۆریستی کە داعش بوو. هەروەها بەرەیەکی بەهێزی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری تورکیا بوو.[1]