#قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیرانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# وەک سەرۆکی فەخری #یانەی وەرزشی سلێمانی# دەستنیشانکرا.
لە سەردانێکدا بۆ یانەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی لەلایەن (سەرکەوت حەسەن) سەرۆکی یانە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕییەوە پێشوازی لێ کرا.
دوای بەسەرکردنەوەی بەشە جیاجیاکانی یانەکە قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی فەخری یانەی دایک دیاریکرا.
تاڵەبانی ڕایگەیاند مێژوی وەرزش لە #سلێمانی# بە یانەی وەرزشی سلێمانییەوە گرێ دراوە و چەندین نەوەی خەڵکی سلێمانی بیرەوەرییان لەگەڵ ئەم یانەیەدا هەیە.
وتیشی یانەی سلێمانی یانەی دایکە و دەبێت لەم قۆناغەدا شوێن و پێگەی شیاوی خۆی بۆ بگەڕێتەوە.
سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و قوباد تاڵەبانی لەبارەی چۆنییەتی بووژانەوە و گەشەپێدانی یانەکە کە لە ئێستادا 2025 خاوەنی چەندین تیپە لە بوارە جیاوازە وەرزشییەکاندا گفتوگۆی تێروتەسەلیان کرد و بڕیاردرا لە ماوەیەکی کورتدا پلانێکی تۆکمە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی یانەکە ئامادەبکرێت تا بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک یانەی سلێمانی بگاتەوە ئەو ئاستەی کە شایستەی ناوبانگ و مێژووە پڕشنگدارەکەی. [1]