وردەکارییەکانی شەڕی گوندی تەکەڵتو
نووسینی: جەعفەر تەکەڵتویی
شەڕێکە لە قۆناغی ئەنفالی چوار (4) لە سەرەتای مانگی ئایار لە ڕۆژی #04-05-1988# لە چیای #تەکەڵتو# ڕوویدا ئەم چیایە دەکەوێتە نێوان گوندی (تەکەڵتوو) گوندی (#باغەجنێر#) و گوندی (#ناسراغا#) و گوندی (#موخەڕەس#) سەربە شارۆچکەی #تەقتەق# و #کۆیە# لەنێوان پێشمەرگەکانی تیپی (17)ی (زمناکۆ) و تیپی (55) (قەرەداغ) #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بەفەرماندەیی سەرکردەی دڵسۆز (#جەمیل هەورامی#) و کەرتێکی تیپی (93)ی کۆیە و چەکدارەکانی سوپای بەدری ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی و هێزی پشتگیری سنوورەکە و لە چەکدارەکانی گوندەکانی (تەکەڵتو) و (ناسراغا ) و (باغەجنێر) و (موخەڕەس) پێکهاتبوون، لەگەڵ فەیەلەقی یەکی سوپای ئێراقی ڕوویدا، حکومەتی ئێراق لە سێ قۆڵەوە لە قۆڵەکانی (باغەجنێر) و گۆرحەمرانی (موخەڕەس) و (ناسراغا) و (#کونە گورگ#)ەوە پەلاماری چیای (تەکەڵتوو)یان دا، بەپاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکان و تانک و زڕیپۆش، لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە بەتۆپباران ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێ کرد و لە کاتژمێر 9ەوە هێرشی زەمینی و ئاسمانی سوپای ئێراق پێشڕەوی کرد و بەهۆی زۆری سەرباز و ژمارەی پەلامارەکە کاتژمێر 11:45 دەقیقەی پێشنیوەڕۆ شەڕ لە بەرژەوەندی سوپای ئێراق و ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار کۆتایی پێ هات و لە پێشمەرگەکانی تیپی 17ی زمناکۆ (10) پێشمەرگە شەهیدبوون، ناوی شەهیدەکان:
(وشیار کەرکووکی، وەستا تاهیر لە گوندی موخەڕەس شەهید بوو، ئەنوەر خەلیفەخورشید، ئەحمەد کوردە، ستار دیوانەیی، نەوزاد کفری، عەبدول ئەمیر، مەناف تەوێڵەیی، محەمەد دیسکەرەیی، مامە قالە قڕگەیی).
پێشمەرگەکانی گوندی (تەکەڵتوو) هێزی پشتگیری گوندی (تەکەڵتوو) کە بەشداری شەڕەکەیان کرد بەناوەکانی:
(محەمەد تاهیر ڕەشید ئەمین محەمەد تەکەڵتوویی پێشمەرگەی تیپی 93 کۆیە، سابیر سڵێمان ڕەشید ئەمین هێزی پشتگیری، عومەر کاکل ئۆمەر ئەمین هێزی پشتگیری، عوسمان کاکل ئۆمەر ئەمین هێزی پشتگیری، ئەسکەندەر جەلیل حسێن هێزی پشتگیری، مەولود تاهیر ڕەشید ئەمین هێزی پشتگیری، وەلی عەلی ئۆمەر ئەمین هێزی پشتگیری، خەلیل خورشید ئەحمەد کونەگورگی هێزی پشتگیری، موسا خورشید ئەحمەد کونەگورگی هێزی پشتگیری، سەدرەدین حەمەد ساڵح هێزی پشتگیری، هادی عەلی ئۆمەر ئەمین هێزی پشتگیری، ئەبوبەکر حەمەد سابیر حسێن هێزی پشتگیری، جوامێر عەلی ئۆمەر ئەمین هێزی پشتگیری، جەبار جەلال قادر ئەحمەد هێزی پشتگیری (جەبار سەرسپی) ئەندام مەڵبەندی کۆیە بوو)، چوار پیاوی قارەمان و دڵسۆز و ئازای گوندی (تەکەڵتوو) بەرشاڵاوی ئەنفال کەوتن و تا ئێستاش ڕووفاتیان نەدۆزراوەتەوە بە ناوەکانی: (سەدرەدین حەمەد ساڵح ئەمین، خالید سدیق عەساف ساڵح، ئەکرەم حسێن حوێز فەیزە، مەولود تاهیر ڕەشید ئەمین).
وە خەڵکێکی زۆری گوندەکانی (موخەڕەس) و (باغەجنێر) و (ناسراغا) و (کونەگورگ) بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتن بەداخەوە کە بە هەموو توانایان وەک هێزی پشتگیری لەگەڵ پێشمەرگەکان دژی حکومەتی #بەعس# شەڕیان دەکرد.
چەند کەسێکی کە ناویان زانراوە بەشداری شەڕەکەیان کرد خەڵکی گوندی (باغەجنێر) ئەوانیش: (وەستا سەلام بەهرام عەبدولڕەحمان باغەجنێر چاوساغ، مەلا ئەمیر، مەلا ڕەشید، غازی کەریم، سەمەد کوێخا سابیر، خەلیل حوێز ئەحمەد، عەبدی حاجی خاڵند).
خەڵکی موخەڕەس: لە قۆڵی گۆڕحەمران، مەجید میرخان ئەو کات لێپرسراوی کۆمەڵایەتی تیپی (93) کۆیە بوو سەرپەرشتی شەڕەکەی دەکرد چەند کەسێکی خەڵکی موخەڕەس کە ناویانم زانیووە: (محەمەد پورە ڕەعنا، بەکر پورە ڕەعنا، ئەسوەد عەبدوڵڵا، عەلی بەسێ، حەمید مام عەباس، مەجید مام عەباس، ئەحمەد مام عەباس، سیامەند مام قادر، سەلمان ڕەحمان).
ناسراوەکانی خەڵکی گوندی ناسراغا کە شەڕی چیای (تەکەڵتوو) لە دیار ناسراغا بوو زۆربەیان بەشداری شەڕەکەیان کرد و خەڵکی زۆریان ئەنفالکران.
لە چەکدارەکانی سوپای بەدریش (6) چەکدار (کوژران)، بەو سەرکەوتنەی سوپای ئێراق کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار دەهێنرێت و ڕێگە لە بەردەم سوپای ئێراق و فەوجە سوکەکانی جاشان ئاسان دەبێت و بەتەواوەتی دەشتی کۆیە دەکەوێتە بەر شاڵاوەکە و تاڵان و سووتاندن و ئەنفالکردنی ناوچەکە کۆتایی پێهات لە #07-05-1988#دا پێشمەرگەکان کە لە گوندی (تەکەڵتوو) بوون بە چاوساغی وەستا (سەلام باغەجنێری) ڕۆیشتن بۆ گوندی #ئیلنجاغی گەورە# و #مەرزان#، پێشمەرگەکانی لە گوندی (موخەڕەس) بوون بە #زێی بچووک#دا پەڕینەوە بەری چیای #خاڵخاڵان# پێشمەرگەیەک لە کاتی پەڕینەوەدا لە زێی بچووکدا خنکا. [1]