ناونیشانی بابەت: هەڵوێستێکی مێژوویی کورد لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا
ناوی نووسەر: #کارزان محەمەد#
ڕووداوە کارەساتبارەکانی جیهان کەم تا زۆر کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژیان و هەلومەرجی سیاسی کوردستانیش جێهێشتووە.
ڕووداوە کارەساتبارەکانی جیهان کەم تا زۆر کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژیان و هەلومەرجی سیاسی کوردستانیش جێهێشتووە، ئه و پێشهاتانە بێ ئەوەی گەلەکەمان دەستیان لە خوڵقاندنیاندا هەبووبێ، تەوژەمەکانیان هێندە بەهێز بووە کە گۆڕانکاریی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. جەنگی یەکەمی جیهان (1914-1918ز) لەنێوان هاوپەیمانان (ئەڵمانیا، نەمسا-مەجەر، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، بوڵغارستان) لەلایەک و وڵاتانی (فەرەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا، سربستان، ئیتاڵیا، ئەمریکا، ژاپۆن، ڕۆمانیا) لەلایەکیترەوە هەڵگیرسا. ویلایەتی موسڵ و کوردستانی باکوور وەک بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، کەوتنە بەردەم شەپۆلێکی بەرفراوانی پڕوپاگەندەی دەسەڵاتدارانی عوسمانی تا بەناوی جیهاد کورد بۆ جەنگ دژ بە ڕووسیا دنە بدەن، وێڕای کاریگەرییەکانی ئەم پڕوپاگەندانە لەسەر چەندین هۆز و بنەماڵەی کورد، کۆمەڵێک منەوەر و زانای ئایینی کورد لە کوردستاندا بەگژ ئه و بانگەوازەدا چوونەوە، ڕۆڵێکی کارایان لەناو میللەتەکەی خۆیاندا بینی تا بەهۆی ئه و پڕوپاگەندانەوە هەڵنەخەڵەتێن و نەبنە سووتەمەنی جەنگێک کە پێوەرەکانی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا ناگونجێ و هیچ سوودێکیشی بۆ نەتەوەی کورد تێدا نییە. (بازیل نیکتین) یەکێکە له و کوردناسە بەناوبانگانەی کە کونسوڵی ڕووسیا بووە لە ئێران و خاوەنی چەندین کتێبە دەربارەی کورد، لە یادداشتەکانیدا ئاماژەی به و بابەتە گرنگە داوە.
(نیکتین) لە یادداشتەکانیدا، بەشێوەیەکی پوخت وەک شایەتحاڵێک ئاماژە بە هەڵوێستی کۆمەڵێک کەسایەتی کورد دەدات سەبارەت به و سیاسەتە هەڵخەڵەتێنەرەی عوسمانییەکان، له و سەردەمەدا عوسمانییەکان لە ڕێگەی بەیاننامە و پڕوپاگەندەیەکی زۆرەوە هەوڵیانداوە کورد بەناوی جیهادەوە بنێرن بۆ جەنگی ڕووسیا.
(نیکتین) بەشێک له و بەیاننامەیەی عوسمانی بۆ جەنگ دژی ڕووسیا خستۆتەڕوو، لە یادداشتەکانیدا نوسیویەتی:”سەرجەم موسوڵمانان لەبەردەم ئازار و مەینەتی دەوڵەتە پەلاماردەرەکانی ڕووسیا و فەرەنسا و بەریتانیادان وەک دانیشتوانی کرێمە و قازان و تورکستان و بوخارا و هیندستان و چین و ئەفغانستان و ئەفریقا و ئێران، پێویستە لەم جەنگەدا شانبەشانی سەربازانی عوسمانی، ئەرکی پیرۆزی ئایینی ئیسلام جێبەجێ بکەن و بە گیان و ماڵ لەم جیهادە پیرۆزەدا بەشداری بکەن” .
سەبارەت بەکاریگەریی عوسمانییەکان لەسەر هۆزەکانی کورد بۆ هاندانیان بۆ ئەم جەنگە ماڵوێرانکەرە بەناوی جیهادەوە، (بازیل نیکتین) وەک شایەتحاڵێک ڕۆشنایی دەخاتەسەر دیدوبۆچوونی کۆمەڵێک کەسایەتی ناسراوی ئه و سەردەمەی کوردستان، لەوبارەیەوە نووسیوییەتی:”مەسەلەی جیهاد بەهۆی شێخەکان و موریدەکانیانەوە زۆر زوو لەنێو کوردستاندا بڵاوبۆوە، تەنها یەکێک لە شێخەکان بەناوی (شێخ بابا) کە لە دەورووبەری شاری مەهاباد بە زوهد و تەقواوە دەژیا و لای کوردەکان جێگەی ڕێز بوو، دژایەتی ئەم بانگەوازی جیهادەی کرد، تورکەکانیش لە زستانی ساڵی (1915- 1916ز) بەهۆی ئه و بۆچوونەی کە پێچەوانەی بانگەوازی جیهاد بوو، سزای لەسێدارەیانیان بەسەردا سەپاند” .
سەبارەت بە هەڵوێستی کوردانەی کەسایەتییە ئاینییە ناسراوەکانی کورد لە ویلایەتی موسڵ واتا هەرێمی کوردستان، (نیکتین) نووسیویەتی:”لە سەرەتای جەنگدا، کۆمەڵێک کەسایەتی ئایینی موسوڵمانی کورد کە لە کاریگەری سیاسی ئەستەنبوڵ بەدوور بوون، بانگەوازی جیهادیان تەنها لەبەر ڕۆشنایی دیدی ئاییندا دەبینی، کوردەکانیان بۆ جیهاد بانگهێشت کرد، لەهەمانکاتدا هەندێ لە کەسایەتییە ئایینییەکانی کورد کە لەناو خودی تورکیادا ژیا بوون و لە سیاسەتیش دوور نەبوون، کۆمەڵێک ناڕەزایەتییان دژ به و بانگەوازی جیهادە دەربڕی وەک؛ (ئەبوبەکر ئەفەندی) لە هەولێر، (محەمەد ئەفەندی) لە کۆیە، (عەبدولقادر ئەفەندی) خەڵکی بیارە و (تەها ئەفەندی) لە هەکاری. ئەم کەسایەتییە ئاینییانە بە کوردەکانیان دەگوت؛ ئه و جەنگەی ئێوەی بۆ بانگهێشت کراوە، مەشروع نییە. ئەم بانگەوازە بۆ جیهاد لەگەڵ ئه و مەرجانەدا ناگونجێ کە شەریعەت دەستنیشانی کردوون” .
ڕۆڵی ئەم چەند کەسایەتییە لە ڕەتکردنەوەی ئه و پڕوپاگەندەیەی عوسمانییەدا کە دەیانویست لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە جارێکیتر گەلی کورد لەخشتە ببەن تا بەشداریی شەڕێکی خوێناوی نێوان عوسمانی و ڕووسیا بکات، بە خاڵێکی پرشنگداری نوێخوازی و قوڵبینی کەسایەتییە مەزنەکانی کورد دادەنرێت، بەجۆرێک پێویستە بەدواداچوونی ورد لەنێو دیکۆمێنت و بەڵگەنامە ڕەسەنەکانی دەوڵەتانی سەردەستەدا بکرێت تا ڕۆشنایی زیاتر بخرێتەسەر ئه و قۆناغە مێژووییانەی بۆ گەلەکەمان جێگەی بایەخن.
سەرنج: بۆ دەستخستنی ژیاننامەی چەند کەسایەتییەک، سوودم لە (د.هەردی مەهدی میکە) وەرگرتووە و گەلێک سووپاسی دەکەم.
سەرچاوە:
1- بازیل نیکیتین: ایرانی کە من شناختە ام، ترجمە فرەوشی، 1329 تهران، ص (231-232).
2- شێخ بابا سەعید بەرزنجی (1856-1914ز) لە گوندی غەوس ئابادی نزیک شاری مەهاباد لەدایکبووە، لەسەر دەستی حەزرەتی کاک ئەحمەدی شێخ (قدس سرە) ئیرشادی وەرگرتووە، دواتر لە ساڵی (1914ز) لەنزیک شاری بۆکان لەلایەن تورکانی عوسمانییەوە بەتاوانی ئەوەی شێخ بابا گەلەکەی خۆی هۆشیار کردۆتەوە تا بە بانگەوازی تورک هەڵنەخەڵەتێن و خۆیان لە شەڕدا بەکوشت نەدەن، لەسێدارەدرا. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ژیانی بنۆڕە:
سەید سمایل بەرزنجی: شێخ بابا شێخی شەهید، ، گۆڤاری مەهاباد، ژمارە (9) ساڵی یەکەم، سەرماوەزی 1380، لا (12-16).
3- بازیل نیکیتین: همان منبع، ص (232-233).
4-دوای لێبوردبوونەوە، مەبەست لە ئەبوبەکر عومەر ئەفەندی (مەلافەندی هەولێر)ە (1867ز-1942ز) کە یەکێکە لە زانا بەناوبانگ و عاریفەکانی سەردەمی خۆی، بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ژیانی بنۆڕە:
مەلا تاهیر مەلا عەبدوڵا بەحرکەیی: مێژووی زانایانی کورد، نوسینگەی تەفسیر، چاپی دووەم، 2016، لا (45-53)
5- مەلا محەمەدی گەورەی کۆیە (1876-1943ز) کوڕی مەلا عەبدوڵڵای مەلا ئەسعەدی جەلیزادەیە، لە شاری کۆیە لەدایکبووە و هەر له و شارەشدا کۆچی دوایی کردووە، لە ماوەی ژیانیدا وێڕای خزمەت بە ئایینی ئیسلام، گەلێک ریفۆرمی ئایینی و کۆمەڵایەتیشی ئەنجام داوە، لەم ڕوانگەیەوە بە (مەلای گەورە) ناسراوە.
6- دوای لێبوردبوونەوە، دیارە مەبەست لە مەلا عەبدولقادری مودەریسییە (1275ک-1338 ک) کە نەوەی مەلا ئەبوبەکری موسەنیفە. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ژیانی بنۆڕە:
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس: بنەماڵەی زانیاران، ئا:محەمەد عەلی قەرەداغی، چاپی یەکەم، 1984، لا (507-510)
7- بازیل نیکیتین: همان منبع، ص (234). [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=