=KTML_Bold=دوورخستنەوەى #کەرکووک# لە #هەولێر# و #سلێمانى#=KTML_End=
#عارف قوربانی#
دواى هاتنى ئەمریکا بۆ ئێراق، هەلومەرجێکى مێژوویى بۆ کورد درووست بوو بە ئاسانى دەستى بگاتەوە ئەو بەشە جوگرافییەی کوردستان کە لەدواى ڕاپەڕین و درووستبوونى #حکوومەتى هەرێمى کوردستان# بە داگیرکراوی لەژێر دەستى ئێراقدا مابووەوە. ئەگەر ئەمریکا نەبووایە مەحاڵ بوو لە هیچ بارودۆخێکدا کورد بتوانێت بەو خێراییە کۆنترۆڵى سەرجەم شار و شارۆچکەکانى بکات و کاردانەوەى ناوخۆیى و هەرێمى و نێودەوڵەتى لێنەکەوێتەوە، بەڵام کورد قەدرى ئەو دەرفەتەى بە باشى نەزانى و نەیتوانى لەسەر ئەرزى واقیع مامەڵەیەکى پێویست و درووستى وا بکات چارەسەرى کێشەکە لە دەستى خۆیدا بهێڵێتەوە. هەر زوو سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان خۆیان بە دەستى ئەو قەدەرەوە دا کە چارەسەرى کێشەى کەرکووک وەک چەقى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم، بخرێتە دەست و داوێنى بەغداوە.
لەنێو کێشمەکێشمی ئەو کاتى هاوکێشە سیاسییەکانى ئێراقدا، وەک نەخشە ڕێگەیەک پڕۆژەى کوردى بۆ چارەسەرى کێشەى ناسنامەى خاک و بەعەرەبکردن و پرسى پاکتاوى ڕەگەزى، لە مادەى 58ى یاساى کاتى بەڕێوەبردنى دەوڵەت و دواتر مادەى 140ی دەستوورى هەمیشەییدا بە مەرجى ئەوەى لە دوو ساڵدا جێبەجێ بکرێت، چەسپێندرا، بەڵام لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى جێبەجێکردنى درابووە دەستى خاوەن تەرەف لە درووستکردنى کێشەکان، دوو دەیە بەسەریدا تێپەڕی و بەغدا جێبەجێى نەکرد.
دواى ئەوەى سەرکردایەتیی کورد پێچەوانەى حوکمى مێژوو، جوگرافیا، پێچەوانەى هەموو بنەما و یاسا و ڕێسایەکى واقیعى و لۆژیکى، ئەو هەڵەیەیان کرد و ڕازى بوون چارەسەرى کێشەى خاک ببەسترێت بە دڵى خەڵکەکەیەوە، واتا بەو مانایەى کاتێک کورد دەتوانێت خاوەندارێتى لە جوگرافیاکەى بکاتەوە کە دانیشتووانى سەر ئەو خاکە لە ڕاپرسییەکدا کە بەغدا ئەنجامى بدات، ڕەزامەندبن بە دیاریکردنى ناسنامەى خاکەکە و دان بەوەدا بنێن ئەو ناوچانە کوردستانین. ئەو کات کورد مافى ئەوەى بۆ دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە بخرێنەوە سەر ئیدارەى هەرێمى کوردستان. لە کاتێکدا بەشێکى زۆرى دانیشتووانى سەر ئەو خاکە خەڵکانێک بوون لە پێکهاتەى دیکەى وەک عەرەب و تورکمان.
دواى ئەو هەڵەیەى سەرکردایەتیی کورد، هەموو سەرنجى ئێمە چووە سەر ئەوەى دەبێت ئەو ڕێگە و کەناڵانە بگرێنەبەر کە دڵ و بەرژەوەندیی دانیشتووانى ناوچە کوردستانییەکانى پێ ببەستینە هەرێمى کوردستانەوە. بەرژەوەندیی جۆراوجۆر لەنێوان دانیشتووانى ئەو ناوچانە و هەرێمى کوردستان درووست بکرێت، بۆ ئەوەى داهاتووى خۆیان لە هەرێمدا ببیننەوە. هەوڵى زۆرماندا قەناعەت بە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حکومەت بهێنێن دەرگاى زانکۆکانى سلێمانى و هەولێر بە ڕووى خوێندکارانى کورد و تورکمانى کەرکووک و ئەو ناوچانەدا بکاتەوە، دەوڵەمەند و سەرمایەدارانى ئەو ناوچانە لەنێو هەرێمى کوردستان بەرژەوەندییان بۆ درووست بکرێت. خەڵکى کەرکووک و دووز و #خانەقین# و #شنگال# لە دامودەزگاکانى هەرێمی کوردستان دابمەزرێن و مووچە بۆ زۆرینەى هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە ببڕدرێتەوە. ڕێگەوبانى پێویست و خێرا درووست بکرێت بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆ و کاروبارى بازرگانى.
بە درەنگانێکەوە، هەرێمى کوردستان هەندێک هەنگاوى گرتەبەر، کەم تا زۆرێکیش کاریگەریی لەسەر ئەوە هەبووە دواى ئەو هەموو گوشار و ڕێوشوێنە پلان بۆداڕێژراوانەى بەغدا، هێشتا زۆرێک لە دانیشتووانى ئەم جوگرافیایە هەر پشتیان لە بەغدایە، بەڵام ئەوەى لە ئێستادا وەک مەترسییەک هەستى پێ دەکرێت پێچەوانە بوونەوەى ئەو هاوکێشەیەیە، بەغدا ئێستا ئەو ڕێگایانە دەگرێتەبەر کە هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە پشت بکەنە کوردستان و ڕوو بەرەو بەغدا وەرگێڕن، ئامانجەکەشى ڕوونە بۆ خزمەتکردنى کورد و چارەسەرى کێشەکانیان نییە، ئەوەندەى گومان دەکرێت پلانەکە بۆ دەرهێنانى یەکجارەکیی ئەو جیۆگرافیایەیە لە سنوورى کوردستان و دوور نییە ئەوەش دواى بەستنەوەى بژێویى و بەرژەوەندى ئەو خەڵکە بە بەغداوە، وەک بەشێک لە ڕێکاریى دەستووریی بە ڕاپرسییەک بیکات.
هیچ گومان لەوەدا نییە بەغدا ئامادەیى ئەوەى نییە چارەسەرى کێشەى ئەم ناوچانە بەو جۆرە بکات کە دواجار لە بەرژەوەندیی کورد بکەوێتەوە. لەدواى کەوتنى سەدامیشەوە هەموو ئەوانەى دەسەڵاتى بەغدایان بەدەست بووە هەر بەو ئاڕاستەیە کاریان کردووە و تا پێیان کرا بێت ئاستەنگیان خستووەتە بەردەم ئاسایی کردنەوەى بارودۆخى ناوچە کوردستانییەکان. پێش زیاتر لە 10 ساڵ بە وتار و لە بەرنامە و دیدارى تەلەڤزیۆنیشدا ئەوەم وتووە کە بەغدا ڕۆژێک کار بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140 و سەپاندنى دەستوور دەکات، کە دڵنیابێت ئەنجامەکەى لە بەرژەوەندیی بەغدایە.
ئەوەى لێرەدا ئەو مەترسییانە خێراتر دەکات ئەوەیە بەشێک لەو ڕێکارانەى کە دانیشتووانى ئەو ناوچانە زیاتر وابەستەى بەغدا دەکات، یان وا دەکات هەولێر و سلێمانى لە کەرکووک دووربخاتەوە، هەر بە کورد خۆى جێبەجێى دەکات. تەماشا بکەن هەر بڕیارێک لە حکومەت یاخود یاسایەک لە پەڕڵەمانى ئێراق لە بەرژەوەندیی کورد بێت، چەند لەمپەڕ و گرفتی دەخرێتە بەردەم، بەڵام ئەوەى دواجار ئاو بکاتە ئاشى ئەو ئامانجە ستراتیجییانەى بەغداوە بە ئاسانى تێدەپەڕێنن. هەفتەى ڕابردوو سێ هەواڵ بڵاوکرانەوە کە هەرسێکیان لە دوور مەودا دا خزمەت بەو ستراتیجە دەکەن، بەڵام کارەکتەرەکانى کورد لەناو پڕۆسەى حوکمڕانیی بەغدا و فراکسیۆنە کوردستانییەکان وەک شانازى و دەستکەوت وێنایان کرد. یەکەمیان ئەوەیە کە گوایە ڕەزامەندیی بەغدایان بەدەستهێناوە بۆ ئەوەى هەر خوێندکارێکى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە سلێمانى و هەوlێر و #دهۆک# دەخوێنن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ کۆلێژى هاوشێوە لە زانکۆکانى ئێراق لە کەرکووک و نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە.
هەواڵى دووەم ئەوە بوو کە بە بەهاى چەندین ملیار دینار ڕێگەیەکى خێرا درووست دەکرێت لە (قەرەهەنجیرەوە بۆ شوان)، بۆ بەستنەوەى ڕێگەى سلێمانى بە هەولێرەوە لە دەرەوەى کەرکووک. کە پێشتر هاتوچۆى نێوان هەولێر و سلێمانى بە کەرکووکدا تێپەڕدەبوو. هەواڵى سێیەم مووچە و ئیمتیازاتى کەسوکارى شەهیدان لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەغدا یەک دەخرێت و ڕاستەوخۆ دەخرێنە سەر بەغدا.
پێش هەر شت دەبێت لۆمەى حیزبە سیاسییەکانى کوردستان بکرێت کە چارەنووسى کوردیان بەم ڕۆژگارە گەیاند، کە مەترسى وەک دەستکەوت ببینێت. لە دونیادا ڕێگەکانى هاتوچۆ بە یەکێک لە کاریگەرترین ئامراز دادەنرێن بۆ وابەستەبوون و درووستکردنى بەرژەوەندیی هاوبەش، پێچەوانەى ئەمەش بڕینى ڕێگە، بڕینى وابەستەییە. پێم وا نییە درووستکردنى ڕێگەیەکى ڕاستەوخۆ لە دەرەوەى کەرکووکەوە بۆ بەستنەوەى ڕێگەی هاموشۆکارانى هەولێر و سلێمانى لە دەرەوەى ئەو پلان و ئامانجانە بێت کە دەیانەوێت کاریگەرى سلێمانى و هەولێر بەسەر کەرکووکەوە نەهێڵن. ئەمە بۆ کێشانەوەى خوێندکارانى کوردى ئەو ناوچانە لە زانکۆکانى هەرێمیش هەر وایە.
ئەوەى پەیوەندى بە مووچە و ئیمتیازاتى کەسوکارى شەهیدان و زیندانییانى سیاسیی دانیشتووى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەیە، بێگومان هەق و ڕەوایە کە نابێت مووچە و ئیمتیازى ئەوان کەمتر بێت لە هاوشێوەکانیان لە ئێراق، بەڵام درووستکردنى جیاکارى لەنێوان شەهیدانى کوردستان لەسەر بنەماى شوێنى نیشتەجێبوون، ئاکامەکەى بۆ هەرێمى کوردستان خراپ دەکەوێتەوە. بۆیە پێویست بوو هەوڵى فراکسیۆنە کوردییەکان و تواناى حیزبە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوە بێت بەغدا ناچار بکرێت ئەو جیاکارییە نەهێڵێت لەنێوان ئیمتیازى کەسوکارى شەهیدانى کوردستان و ئێراق. دەبوو دادگەی فیدراڵى بخەنە بەردەم ئەو ئیحراجییەوە کە بەکام بەند و بڕگەى دەستوور و یاسا ڕەوایە کوردێک و عەرەبێک لە سەردەمى ستەمکارییەکانى سەدام پێکەوە لە زیندانى ئەبو غرێب زیندان بووبن، یاخود پێکەوە لە قەسابخانەى #موسڵ# لە سێدارەبدرێن و دواتر دەسەڵاتى بەغدا مووچە و ئیمتیازى سێ بەرانبەر بدات بە کەسوکارى عەرەبەکە و کوردەکە مەغدوور بکات. پێویست بوو شەڕ لەسەر نەهێشتنى کۆى جیاکارییەکە بکرێت، نەک میکانیزمێک بگیرێتەبەر کە جیاکارى بخاتە نێو کەسوکارى قوربانییانى کوردستانەوە.
ئێستا لەبەر دۆخى سەختى گوزەرانى خەڵک، زۆر هەست بە مەترسییەکانیان ناکرێت، بەڵام زۆر ناخایێنێت ئاکامە خراپەکانى دەردەکەون. [1]