لە کۆنگرەی 14ی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، سەرۆک بارزانی دوای ئەوەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی حزبەکە وتارێکی پێشکەشکرد و ڕای گەیاند، من لەوانە نیم، لەو کەسانەی، کە هەتا دەمرێت، سەرۆک یان بەرپرس بێت، حەز بکات، من حەزم دەکرد، کەشێکی وا درووست بوایە لە هەرێم و ناوچەکە، من لەم کۆنگرەیەدا داوای مۆڵەتم لە ئێوە کردبا.
$دەقی وتارەکە$
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشک و برایان
هەڤاڵانی بەڕێز
پڕبە دڵ سوپاستان دەکەم، بۆ ئەم متمانەیە، شەرەفێکی گەورەیە، کە من لە خزمەتی ئێوەدا بم، من حەز دەکەم لە دڵەوە پێتان بڵێم، هەرچییەک بم، لای من گەورەترین و پیرۆزترین ناو و ئەرک پێشمەرگایەتییە و من پێشمەرگەم.
من لەوانە نیم، لەو کەسانەی، کە هەتا دەمرێت، سەرۆک یان بەرپرس بێت، حەز بکات، من حەزم دەکرد، کەشێکی وا درووست بوایە لە هەرێم و ناوچەکە، من لەم کۆنگرەیەدا داوای مۆڵەتم لە ئێوە کردبا، چونکە هەموو دەستپێکێک کۆتاییەکی هەیە، هەموو مرۆڤێک چەند گەورە بێت و لە چ پلەوپایەیەکدا بێت ئەنجام ڕۆژێک دێت هەر بەجێتان دێڵێت.
منیش مرۆڤێکم وەکوو یەکێک لەو کەسانە. بمانەوێت نەمانەوێت، بتانەوێت نەتانەوێت، ڕۆژێک خوا ئیرادەی لەسەر بوو من بەجێتان دەهێڵم. ئەمە شتێکی سرووشتییە. بەڵام لەوە دەچێت ئینشائەڵڵا لە کۆنگرەی داهاتوو زووتر بیکەین، من بتوانم ئەو نیازە بەدیبهێنم، چونکە من حەز ناکەم مردن لە ئێوە جیابکاتەوە، دەمەوێت پێش ئەوە بە ئێوە بڵێم خوا حافیز.
ئێستا بۆ ئەوەی بەردەوام بین و پارتیش بەردەوام بێت، من سوپاستان دەکەم، لە خزمەتی ئێوەدا دەبم.
هەڤاڵان
هەر مرۆڤێک لە ژیاندا، هەندێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئێمەش هەمانە، جەنابی بارزانی پێش ئەوەی وەفات بکات، وەسییەتی کرد لە من و
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی، وتی دەبێت ئێوە یەک گیان بن لە دوو قاڵبدا. یەک گیان لە دوو قاڵبدا، سوپاس بۆ خودا ئێمە وەسییەتی ئەومان بەجێگەیاند. نەک یەک گیان لە دوو قاڵبدا، هەموو کاتێک من ئامادە بووم خۆم لە جێی کاک ئیدریس دابنێم، لە جیاتی ئەو بم، قەدەر بە دەست مرۆڤ نییە، بە دەستی خوایە، بەخوا ئەگەر بژاردە لە دەست من بوایە، من خۆم لە جێی کاک ئیدریس دادەنا، من بڕۆم و کاک ئیدریس بمێنێت.
ئێستاش هەروەک لە وتارەکەمدا باسم کرد، پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو لایەنگران و دڵسۆزانی گەلەکەمان دەکەم، کە کۆنگرەکەمان کۆنگرەیەکی چۆنایەتی دەبێت. لە هەمانکاتدا سەرەخۆشی لەوانە دەکەم، خۆیان ئامادە کردبوو، فاتیحا بۆ پارتی بخوێنن. بۆ ئەوەی ڕەوشەکە ڕێکوپێکتر بێت و بتوانین باشتر کارەکان بەڕێوەبەرین، منیش پێشنیاز دەکەم بۆ ئێوە کە نێچیرڤانی کوڕی کاک ئیدریس، وەک جێگری سەرۆکی پارتی پەسەند بکەن و سوپاس.
ئیتر هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، ئینشائەڵڵا کۆنگرەیەکی چۆنایەتی و چەندایەتیش دەبێت و سوپاستان دەکەم و هەر سەرکەوتوو بن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=