ناونیشانی بابەت: باڵەکایەتی لە سەردەمی شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ
گەڕانەوە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی لەو سۆنگەیەوە دەست پێ دەکات کە تا چەند مرۆڤەکان پابەندن بە مێژووی خۆیانەوە، مێژوو هەر ئەوەندە نییە کە مرۆڤ لە ڕابردوودا بە سانایی لێی تێبگات و بڕوانێت، بەڵکوو مێژوو ئەو کاتانە بە بێگەردی دەنووسرێتەوە کە بزانرێت ئەو مرۆڤانە چۆن مێژووی خۆیان پاراستووە.
کورد وەک گەل و کوردستان وەک نیشتمان، هەمیشە مێژوویان بۆ مرۆڤایەتی تۆمار کردووە، جا ئەم مێژووەی کورد پڕە لە سەروەری، دەڤەرەکانی کوردستان لە هەر چوار بەشەکەیدا پڕن لە ئازایەتی و مرۆڤدۆستی و مێرخاسی، ئەمەش وای کردووە کورد ببێتە خاوەن کەسایەتی خۆی، چونکە گەلێکە پێکەوەژیانی کردووەتە پرەنسیپ بۆ ژیانی ڕۆژانەی، جا ئەم پێکەوەژیانە لە چ ئاست و مەقامێکدا بێت.
دەڤەری #باڵەکایەتی# ئەو دەڤەرەیە کە بووەتە مێژووی کوردستان، کاتێک ئەو دەڤەرە پایتەخت بووە، زۆر وڵاتی ئێستە بوونیان نەبووە، #میرنیشینی سۆران# لە باڵەکایەتی گەواهی ئەوە دەدەن کە مرۆڤی ئەو دەڤەرە چەند مەزن و پایەبەرزن، ژن و پیاو هەمیشە شانیان داوەتە ژیانی مەردانە بۆ ئەوەی ژیان بەسەربەرزانە ڕێڕەو بکات.
باڵەکایەتی نەک بەتەنیا دەڤەرێکی دیاریکراو بێت، بەڵکوو لانەیەکی ئارام بووە بۆ مرۆڤی کورد لە شۆڕشەکاندا، هەمیشە لە ڕیزبەندی یەکەم بووە بۆ هاوکاری شۆڕش و بەرخودان، ئەگەر #حاجی ئۆمەران#، #چۆمان#، دەربەندی ڕایات، دۆڵی باڵەییان، وەڵاش، دۆڵی ڕۆست، #ڕواندز#، #سۆران# و ئازادی نەبوونایه، ژیان لەم کوردستانەدا ئەستەم دەبوو، چونکە ئەوە باڵەکایەتی بوو هۆشداری دایە دوژمنانی کورد کە بەڵێ باڵەکایەتی پایتەخت و سیمبۆلە بۆ ڕۆحیی شۆڕشگێری کورد و کوردستان، لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا دووبارە ئەم دەڤەرە نازناوی پایتەختی بۆ گەڕایەوە، وەک چۆن پایتەختی میرنیشینی سۆران بوو، ئەمجارەیان بووە لانە و پایتەختی #شۆڕشی ئەیلوول# بوو، بەسەرۆکایەتیی باوکی ڕۆحی گەلی کوردستان بارزانی نەمر.
ئەیلوول و باڵەکایەتی بەشێوەیەک ئاوێتەی یەکتر بوونه، ئەستەمە لەیەک جیا بکرێنەوە، بۆیە هەرکات ناوی شۆڕشی ئەیلوول هات، ناوی باڵەکایەتیش وەک ئاوێنەی دێت، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو دوو ناوە بوونەتە مێژوو بۆ کورد و کوردستان.
ئەیلوول لە باڵەکایەتی سەربەرز بوو، لەو دەڤەرە دڵڕفێنەدا بڵێسەی شۆڕش بەردەوام بوو، ئاهەنگەکانی سەرکەوتنی شۆڕش لە دەڤەرەکەماندا هەواڵەکانی دەگەیشتە دنیا، باوکی ڕۆحی کورد بارزانی نەمر دەیزانی ئەو دەڤەرە چەند مێرخاس و دڵپڕی کوردایەتین، بۆیە لە (دار ئەلسەلام)ی باڵەکایەتی بارەگای بارزانی هەبووە، ئەوەش عەشقێک بووە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان.
باڵەکایەتی بۆ #شۆڕشی گوڵان# بەهەمانشێوە بووە لانه، یەکەم شەهید بۆ کوردایەتی و گوڵان لە دەڤەرەکەمان بوو، ئەمەش گەواهیی ئەوە دەدەن کە باڵەکایەتی هەمیشە بۆ کوردایەتی پێشڕەو بووە، سەرۆک #مەسعوود بارزانی# و شەهیدی زیندوو
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی، هەمیشە ڕیزیان لە باڵەکایەتی گرتووە و خەباتی ئەو دەڤەرەیان لەبەرچاو بووە، زۆرجار سەرۆک ئاماژە بەوە دەکات کە خۆشترین یادەوەرییەکانی لەو دەڤەردا بووە.
دەڤەرەکەمان لە پێشکەوتن بەردەوامه، خەڵکەکەمان میواندۆست و ناندەری هەمووانن، لە کۆچڕەوە ملیۆنییەکەی 1991، یارمەتیی هەژاران و لێقەومانیان دا و نانیان لەگەڵ میوانەکان لەت دەکرد، بەڵێ ئەوەیە ڕەوشتی باڵەکایەتی، لێرەدا بۆیە هەرکات کارێک بۆ باڵەکایەتی بکرێت ئەوە دڵی تەواوی خەڵکی کوردستان خۆشحاڵ دەبێت، جا بەم بۆنەیەوە ئەو مژدەیە بە خەڵکی دەڤەرەکەمان ڕادەگەیەنم کە دیوەخانی باڵەکایەتی مەزن دادەمەزرێت، ئەمەش وەک دەروویەک بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەتایبەتیی بۆ توێژی لاو و هەژار، بەمەش دەتوانین زاڵ بین بەسەر هەموو کێشە و گیرگرفتێکدا.
بەڵێ ئەمڕۆ باڵەکایەتی وەک دوێنێ مێژوو دەنووسێتەوە، ئەو مێژووەی پڕە لەسەروەری و بەرخودان. [1]