=KTML_Bold=ئایە پارتە تازەکەی ماسک هاوکێشەی سیاسی لە ئەمریکا دەگۆڕێت؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئەمریکا بدەینەوە، تەنیا دوو پارت کاریگەرییان هەبووە، ئەویش پارتی کۆماریی و پارتی دیموکرات بووە، لەو دوو پارتە زیاتر، سەرکۆمار لە هیچ پارتێکی تر نەبووە، لە کاتێکدا چەندین پارتی تریش لەو وڵاتەدا بوونی هەیە. ئیلۆن ماسک، سەرمادیەداری بەناوبانگی ئەمریکا و جیهان، بڕیاریدا پارتێکی تازە بەناوی (پارتی ئەمریکا) دامەزرێنێت، دەیەوێت لەو رێگەیەوە سیستەمی دوو پارت نەهێڵێت و ئیدی سێ پارت لەو وڵاتەدا کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرکۆمار بکەن، بەڵام ئایە سەرکەوتوو دەبێت؟
هەرچەندە لە ئەمریکا رێگە دراوە پارتی سیاسی دروست ببێت و هەموو کەسێکیش بۆی هەیە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماریی بەربژێر بکات، بەڵام جیا لە پارتی دیموکرات و کۆماریی، کاریگەریی ئەو پارتانە هیچ نییە و زۆر ئەستەمیشە لەو سیستەمەدا بتوانن کاریگەر بن، هۆکارەکەشی ئەوەیە، ئەمریکا خاوەنی پێکهاتەیەکی فیدڕاڵییە و بەسەر 50 ولایەتدا دابەش بووە، هەر ولایەتە و سیستەمی هەڵبژاردنی جیاوازە، بۆیە کاتێک پارتێکی تازە دادەمەزرێت، ئەستەمە بتوانێت بەسەر ئەو سیستەمی هەڵبژاردنەدا زاڵ بێت، چونکە دەبێت بۆ هەر ولایەتێک لەڕووی یاساییەوە پسولەی هەڵبژاردن تەواو بکات و لەڕووی لۆجیستیشەوە دەبێت ئەو توانایەی هەبێت، ئەمەش تەنیا بەو پارتانە دەکرێت کە داهاتێکی گەورەیان لەبەردەستدایە.
هەر بۆ نموونە، پارتی سەوز لە ئەمریکا، زۆر هەوڵیدا کاریگەریی هەبێت، بەڵام ئەو توانایەی نەبوو لەڕووی داراییەوە بەسەر سیستەمی هەڵبژاردنی ولایەتەکاندا زاڵ بێت، بۆیە شکستی هێنا.
ئەحمەد یاڤووز وشاکلیۆغڵو، نووسەری دیاری تورکیا دەنووسێت: ”یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەوەی پارتی سێیەم لە ئەمریکا کاریگەریی نابێت هۆکاریی داراییە، چونکە دەبێت لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا ریکلام بکەن و هەروەها لە هەر ولایەتێکدا خۆیان بەدامەزراوەیی بکەن، ئەمانەش هەمووی پارەی پێویستە. دەبێت خۆیان بەڕای گشتی بناسێنن، ئەمەش بە میدیایەکی کاریگەر دەکرێت و زۆر ئەستەمە بۆ پارتێکی تازە لەدایک بوو ئەوەی پێ بکرێت“
لە سەدەی 18 و 19، چەند پارتێکی سیاسی لە ئەمریکا دروست بوون، وەکوو پارتی پۆپۆلیست کە ویستیی هەبوو هەڵبژاردن بباتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرگەی ئەو سیستەمەی هەڵبژاردنیان نەگرت و داهاتێکی باشیان لەبەردەستدا نەبوو شکستیان هێنا.
ئیلۆن ماسک، ئەو سەرمایەدارەی، لە بانگەشەش هەڵبژاردنی 2024ی ئەمریکا، پارەیەکی گەورەی خستە خزمەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆیە ترەمپیش دوای بردنەوەی و بوونی بە سەرۆکی ئەمریکا، لە حکوومەتەکەی شوێنی باشی بۆ کردەوە، بەڵام خۆشەویستیی نێوانیان کەمی خایاند و بەهۆی ئەو پرۆژە بودجەیەی ترەمپ دایە کۆنگرێس و ماسک رەخنەی لێی گرت، لە دوو دۆستەوە بوون بە دوژمن، هەر ئەمەش بوو وای لە ماسک کرد بیر لەوە بکاتەوە پارتێکی تازە دەمەزرێنێت.
ڕەنگە ئەو پارتە تازەیەی ماسک، بتوانێت سیستەمی سیاسی لە ئەمریکا بگۆڕێت، چونکە هەموو ئەو کەرەستانەی پێویستن بۆ ئەوەی پارتێکی سیاسی لە ئەمریکا بتوانێت کاریگەر بێت لای ماسک هەیە، وەکوو پارە و میدیا.
ماسک زیاتر لە 500 ملیار دۆلار سەرمایەکەیەتی، هەروەها خاوەنی پلاتفۆڕمی (X)ە، کە پێشتر ناوی (تویتەر) بوو، ئەمەش وا دەکات ماسک ببێتە کارئەکتەرێکی سیاسی گرنگ.
شڕۆڤەکاران پێیانوایە، ئەستەمە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ماسک بتوانێت سەرکەوتوو بێت، بەڵام دەتوانێت هاوکێشەی هەڵبژاردن و سیاسی لە ئەمریکا بگۆڕێت، بۆ نموونە لە بەشێک لە ولایەتەکاندا دەنگی پارتەکەی ماسک، رەنگە ببێتە کلیلی سەرکەوتن، واتە لەو ولایەتانە پارتی ماسک، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا دەنگ بە دیموکراتەکان بدات، یان کۆمارییەکان، ئەو پارتە دەیباتەوە، کەواتە جیا لە پارتەکانی پێشووتری ئەمریکا کە شکستیان هێناوە، ماسک دەتوانێت کاریگەریی هەبێت و ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕێت.
ئەگەر ماسک پشووی درێژ بێت و ستراتیژی هەبێت و سیاسی گەورە بەپارە لە دەوری خۆی بکاتەوە، دەتوانێت پارتەکەی پارتی (ئەمریکا) لە داهاتوویەکی دووردا، ببێتە رکابەرێکی سەرسەختی کۆماریی و دیموکراتەکان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=