=KTML_Bold=لە ساڵڕۆژی مێژوویی بڕیاری ڕیفڕاندۆمدا بەڵێیەکان فەرامۆش و نەخێرەکان لەباوەش کران=KTML_End=
#کارزان گلی#
=KTML_Bold=یەکەم=KTML_End=
لە تورکیا چەند سیاسییەکی تورکی شۆڤێنیست، بۆنی ئەوەیان کردبوو کە سەرۆک بارزانی بەنیازە ڕیفڕندۆم بۆ سەربەخۆیی بکات، بۆیە لە میدیاکانیانەوە هێرشی زۆر توندیان دەستپێکردبوو. هەر بۆ نموونە، دۆغۆ پەرەنچیک، سەرۆکی پارتی وەتەن بۆ تەلەڤزیۆنی (خەبەر تورک) قسەی کرد و گوتی: ”بارزانی مەترسیدارە، چونکە دەیەوێت دەوڵەت بۆ کورد دروست بکات، دەبێت تورکیا ڕێگەی لێ بگرێت. بارزانی، پلانی هەیە سەرەتا لە هەرێمی کوردستان دەوڵەت ڕابگەیەنێت، پاشان تورکیاش دابەش بکات و کوردستانی گەورە دروست بکات“
دەوڵەت باخچەلی، کە ئێستا بووە بە نزیکترین کەسی #پەکەکە# و دەم پارتی، سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکرد، تەنانەت دەیگوت، نابێت ڕێگە بدرێت بارزانی بێتە تورکیا، ئەو مەترسیبدارە و دەیەوێت دەوڵەتی کوردی دروست بکات.
فاتیح ئاڵتایلی، کە یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگەکانی تورکیا، بەئاشکرا گوتی، سەردانی بارزانیم کردووە و پێی گوتووم، کە بەنیازە دەوڵەت بۆ کوردستان دروست بکات.
دەیان نووسەر و ڕۆژنامەنووسی تر، سەرۆک بارزانییان پێ مەترسی بوو بۆ تورکیا و دەیانگوت دەوڵەتی کوردستان ڕادەگەیەنێت. ئەمەم بینی، بۆیە بەدڵ و گیان، پشتگیریم لە ڕیفڕاندۆم کرد و دەیان وتارم لەسەری نووسی و بەحەسرەتەوە باسم لە گرنگی دەوڵەتی کوردی دەکرد، دەتوانن لە ئەرشیڤی نووسینەکانمدا هەموو وتارەکان ببینن. دوژمن تیری لە بارزانی بوو، بۆیە زانیم لەسەر حەقە و دوای کەوتم.
بۆیە بڕیاری ڕیفڕاندۆم، ئەوندە جێی شانازییە، بە گرنگترین و شانازیترین سەروەری بۆ کوردی دەزانم، لێرەشەوە سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم، کە عیزەت نەفسی بۆ کورد گەڕاندەوە و بەدونیای گوت، کوردیش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی تردا نییە و خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان دەدەین.
لە وتارێکیشدا کە لە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاوی کردەوە، بەجوانی گوتی، دەمانەوێت وەکوو چیک و سلۆڤاکیا لە یەکتری جیابینەوە.
ئەوانەی دەیانەوێت بزانن جیابوونەوەی چیک و سلۆڤاکیا چۆن بووە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وتارەکەم لەوڕووەوە کە لەم واڵەی خۆم دامناوە.
=KTML_Bold=دووەم=KTML_End=
ئێمە بەدڵ و گیان لەگەڵ ڕیفڕاندۆم و سەرۆکی خۆمان بووین، کەچی ڕەوتێک دروست بوو دەیانگوت“نەخێر بۆ ڕیفڕاندۆم“ بەئاشکرا دژایەتی ڕیفڕاندۆمیان دەکرد و تەنانەت ئەوانەی پشتگیرییان لەو پرۆسەیە دەکرد، کە بەندە و دەیانی تر بوون بە مووشەخۆر ناویان دەبردین، هەروەها جەنابی سەرۆکیان بە خاین و نۆکەر ناو دەبرد و دەیانگوت پیاوی تورکن.
بەداخەوە، ئێستا بەشێک لە بەرەی نەخێر و ئەوەی دژایەتی ئەو پرسە گرنگەی دەکرد، لە ژیانێکی شاهانەدان و خۆشترین شووقەیان لە #هەولێر# بۆ کڕاوە و باشترین مووچەی مانگانەی هەیە، ئێمە و دەیانی وەکوو ئێمەش نەک پشتگوێ خراین، سوپاسێکیشیان نەکردین، ئەمە زۆر نیگەران و بێزاری کردووم، چونکە ناکرێت ئەو کەسانە لە باوەش بکرێن، کە دژی دەوڵەت و ئەو هەنگاوە بوون، کە سەرۆک هاویشتبووی و دونیای بەخۆیەوە سەرسام کردبوو.
=KTML_Bold=سێیەم=KTML_End=
ئێمە باسمان لەوە کرد، دەیان نووسەری کورد، بارزانییان بە مەترسی بۆ ئاییندەی تورکیا دەزانی، بەڵام دەبێت لەم ڕۆژەدا باس لەو نووسەرانەش بکەین، کە پشتگیری تەواوی ڕیفڕاندۆمیان دەکرد و ئامادە بوون باجیش بدەن، لەوانە (حەسەن جەمال، وەهاب جۆشکوون).
حەسەن جەمال لە وتارێکدا ئەوکات گوتی ”کە سەدام ڕووخا، چوومە لای بارزانی دیمانەی لەگەڵدا بکەم، ئەو زۆر نیگەران بوو لەوەی، کوردستان وێران ببوو و شەڕ هەموو سووچێکی کوردستانی وێران کردبوو. بەڵام دوای چەندین ساڵی تر سەردانیم کردەوە، ئەوکات کوردستان ئاوەدان ببووەوە و خۆشگوزەرانی ڕووی لە خەڵک کردبوو، هەر لەبەر دەرگاوە بارزانیی بەپێکەنینەوە پێشوازی لێکردم، زانیم ئیدی هەنگاو دەنێت بۆ سەربەخۆیی“
زۆر نووسینی تری جوان هەبوون، کە نووسەرانی تورک لەبارەی ڕیفڕاندۆمەوە دەیاننوسی. هەر بۆ پێکەنین، یەکێک لە تەلەڤزیۆنەکان، ویستبووی لۆبی بۆ ڕیفڕاندۆم بکات لە میدیاکانی تورکیا، بۆیە مووچەیەکی مانگانەی بۆ نووسەرێکی تورک بریبووەوە، کە لە میدیاکانی تورکیا بەباشە باسی ڕیفڕاندۆم بکات، منیش ئەوکات زۆر سەیری تەلەڤزیۆنەکانی تورکیام دەکرد و دەمویست بزانم چی لەبارەی دەوڵەتی کوردییەوە دەڵێن، ئەو کەسەم بینی، زۆر بە خراپە باسی ڕیفڕاندۆمی دەکرد، سەرم سووڕما، تەلەڤزیۆنەکەم ئاگادار کردەوە، کە پارەتان داوە بەو کەسە، کەچی بەخراپە باسی ڕیفڕاندۆم دەکات، سەرم لە قوڕنا و مانگانەکەیان بڕی، هەست دەکەم ویژدانم ئاسیوودەیە.
ئێستاش ئەگەر ڕیفڕاندۆم بکرێتەوە، بەبەڵێ دەنگ دەدەم، چونکە مێژووی ڕاستەقینەی هەموو نەتەوەیەک لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە دەوڵەت دروست دەکات، ئێمە چونکە دەوڵەتمان نەبوو، ئەتاتورک، لە 1930، هەموو مێژووی کوردی لەڕووی ئەدەب و گۆرانییەوە کردە تورکیی، ئەمە گورزێکی گەورە بوو لە کلتووری کورد درا، هۆکارەکەشی بیدەوڵەتییە، بۆیە بەدڵ لەگەڵ ڕیفڕاندۆمم. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=