=KTML_Bold=بۆچی تاوەکوو ئێستا دەمیرتاش ئازاد نەکراوە؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
ژمارەی زیندانیانی تورکیا لە ژمارەی دانیشتوانی قوبرس زیاترە.
بڕیاربوو #سەڵاحەدین دەمیرتاش#، هاوسەرۆکی پێشووی #هەدەپە# ئازاد بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، سەرۆکی زیندانیکراوی #پەکەکە#، داوای لە پەکەکە کرد خۆیان هەڵوەشێننەوە و خەباتی چەکداری کۆتایی پێ بێنن، بەڵام حکوومەتی تورکیا، بەهیچ شێوەیەک هەنگاوی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش نەناوە.
دوای ئەوەی، دەمیرتاش لە زیندانەوە پشتگیری بە پرۆسەی چارەسەریی کورد کرد، هەروەها پشتگیری لە چەکدانانی پەکەکە کرد و گوتی کاردەکەین بۆ تورکیایەکی دیموکرات، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵیدا کرد و لە هەواڵی هاوسەرەکەی پرسی، کە ئەوکات لە ئیستانبۆڵ نەشتەگەریی بۆ کرابوو و ڕێگەیان دابوو دەمیرتاش لە نەخۆشخانە سەردانی بکات.
بەشێکی زۆری شڕۆڤەکارانی سیاسی پێیانوایوو، ئازادبوونی دەمیرتاش لەسەر کات ماوە، چونکە هیچ بەهانەیەک نەماوە تا لە زیندان بمێنێتەوە، بەتایبەت باخچەلی پشتگیریی ئەوەی کردوە کە دەمیرتاش ئازاد بکرێت، ئەمەش دەبێتە یەکەم هەنگاوی نییەت پاکی تورکیا بۆ پرسی چارەسەریی کورد.
چەند ڕۆژنامەنووسێکی تورکیا بڵاویان کردەوە، دەمیرتاش لەماوەیەکی زۆر نزیکدا ئازاد دەکرێت، ئەمەش پەیوەندیی بەو هەنگاوانە هەیە کە حکوومەتی تورکیا و ئیمیڕاڵی هاوێشتوویانە بۆ (تورکیایەکی بێتیرۆر) و چەکدانانی پەکەکە و هەروەها هەموارکردنەوەی دەستووریی تورکیا، کە لەوێدا بە چەند یاسایەک مافی کورد جێگیر دەکرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئاکەپە و مەهەپە، پرۆژە باسایەکیان لەبارەی لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیان ئامادە کردووە و ئێستا لەناو پەرلەمانە بۆ گفتوگۆ کردن، بە گوێرەی ئەو پرۆژە یاسایە بێت، دەمیرتاش ئازاد نابێت، تەنانەت پرۆژە یاسایەکە بەهیچ شێوەیەک لەبەرژەوەندی زیندانیانی سیاسی کورد نییە، کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 100 هەزار زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانەکانی تورکیا بن.
لەو پڕۆژەیاسایەدا هاتووە، ئەو کەسانەی نەخۆشن و مانەوەیان لە زیندان مەترسییە بۆ ژیانیان ئازاد دەکرێن، بەو مەرجەی لە ماڵەوە بمێننەوە، واتە زیندانی ماڵەوە. هەروەها چەند ئاسانکارییەکی تر کراوە بۆ زیندانییان، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باس لە ئازادبوونی زیندانیانی سیاسی نەکراوە، کە هەموویان بەهۆی مادەی تیرۆر و پشتگیری لە پەکەکە زیندانی کراون، یەکێک لەوانە سەڵاحەدین دەمیرتاشە.
ئەوەی وای کرد شڕۆڤەکارانی سیاسی دڵنیا بن دەمیرتاش ئازاد دەکرێت، کاتێک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەستگیر کرا، دەمیرتاش بە یەک وشەیش پرۆتستۆی ئەو هەنگاوەی نەکرد و بێدەنگی هەڵبژارد.
ئەی بۆچی تاوەکوو ئێستا دەمیرتاش ئازاد نەکراوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لەلای دادگای تورکیا نییە، چونکە دادگای تورکیا پێشتر بڕیاری ئازادکردنی داوە، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، دووجار داوای لە تورکیا کرد، دەمیرتاش ئازاد بکات، بەڵام ئەردۆغان دەستوەردانی کرد و گوتی: ”ئێمە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ناناسین“
بۆیە هەرکاتێک ئەردۆغان ئۆکەی بدات بۆ ئازادبوونی دەمیرتاش، دەمودەست ئازاد دەبێت و پرۆسەکەش یاساییە و چونکە تورکیا ناچارە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکات، چونکە ئەندامە لەو دادگایە، بەڵام ئایە بۆ تاوەکوو ئێستا بڕیاری ئازادبوونی نەدراوە؟ وەڵامەکەی لای هیچ کەسێک نییە لای ئەردۆغانە.
بچوونێکی تر هەیە، بەوەی پەکەکە و خودی ئۆجەلان، لەگەڵ ئەوە نین دەمیرتاش ئازاد بکرێت، چونکە ئازادبوونی دەمیرتاش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر باکوورییەکان دەبێت و وەکوو پاڵەوانێک دێتە دەرەوە، لەلای پەکەکەش یەک پاڵەوان بوونی هەیە، ئەویش ئۆجەلانە، لەو زیاتر کێ بیەوێت ببێتە پاڵەوان، قبوڵی ناکەن و لەکاری دەخەن.
حکوومەتی تورکیا 11 گرتوخانەی تازە دروست دەکات، ئەمەش پیشهاتێکی مەترسیدارە، چونکە نیازی نییە زیندانیانی کورد کە زیاترە لە 100 هەزار ئازاد بکات، هەروەها بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، لە تەواوی گرتوخانەکانی تورکیا 410 هەزار زیندانی بوونی هەیە، بۆیە جێگەی زیندانییەکان زۆر خراپە و پەرێشانن بەدەست کەمی جێگە.
ژمارەی دانیشتوانی قوبرسی تورکیا، 382 هەزار و 836 کەسە، بەمەش ژمارەی زیندانیانی تورکیا لە ژمارەی دانیشتوانی قوبرس زیاترە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=