دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
بەنیگەرانییەکی قووڵەوە له و پێشهاتە ئەمنی و سنووربەزاندنە دەڕوانین و ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ئاوارەکانی مەخموور دەکەین کە شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و هەشت برینداری لێکەوتەوە.
وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکار و خانەوادە بەڕێزەکەیان، دەستبەجێ داوای ڕاگرتنی ئەم هێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە ڕابپەڕێنێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیبلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە.
هاوکات حکومەتی هەرێمیش لەسەر ئەم ڕووداوە بانگهێشتی کونسوڵی تورکیا لە هەرێم بکات و ڕوونکردنەوە بدرێت. چونکە هیچ بیانوویەک نییە بەهۆی سنووربەزاندنەوە خەڵکی مەدەنی لە ڕووی گیانیی و مادییەوە زەرەرمەندبن. خوێنی هاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەکەین پیرۆزییەکانمان بپارێزرێت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکرێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
21ی ئایاری 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!