گەلەکەمان، ناوچەکە، عێراق و کوردستان، لەهەموو بارێکی سیاسیەوە، بەدۆخێکی بێوێنەدا تێدەپەڕێ. دۆخەکە، ئەگەری سیاسی جۆراوجۆر، بە باری دژوارو باری سەرکەوتنی ئەرکە مێژوییەکانمانی، لێ چاوەڕوان دەکرێ. ئەگەر باری دژوارمان ڕووبەروو بوەوە، دەبێت لەهەموو بارێکەوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. خۆ ئەگەر هەلی سەرکەوتنیش ڕەخسا، دەبێت بەبەرنامە بەپیریەوە بچین.
لەمێژووی دوو سەدەی نەتەوەی کوردستاندا، دۆخی وا، ڕوینەداوە، بۆیە ئەرکی مێژوویی هێزە سیاسیەکان و حکومەت و پەرلەمانی ئاساییکراوەی چاوەڕوانکراوی کوردستانە، پێکەوە، بیرێکی هەمەلایەنەی قوڵ بکەینەوە، بۆ چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی، نیشتمانیی، یاسایی و سیاسیە هاوبەشەکان، ئەویش لەچوارچێوەی ناوەندە شەرعیەکان و کۆدەنگیی نیشتمانیدا. لەمڕوەشەوە، دەبێت دوو ئامانج بەدیبهێنین، ئەوانیش چارەسەرکردنی ئاستەنگی ئابوری خەڵک و چارەسەری سیاسی و یاسایی کوردستانە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هەموو قۆناغە چارەنوسسازەکان، دەرکی ئەرکی ئەم قۆناغە هەستیارەی، لەپارەوە کردووە. بۆیە، سەرەڕای تەواوی دۆخە نالەبارەکەی شەڕی داعش و قوربانیەکانی، هەروا قەیران و ئاستەنگی ئابوری، کێشە و پروپاگەندە نابەجێکان، فشارو شەڕە دەرونیەکان، شەڕەنگێزی ڕاگەیاندن و پێشێلکاریەکان.. تاد. مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دوو ساڵە شێلگیرانە داکۆکی لە سیاسەتە بنچینەییەکانی سازانی کوردستانیو، ئاساییکردنەوەی پەرلەمانو، سوربوون لەسەر چارەسەری تەنگوچەڵەمەی خەڵکو، ئارامکردنەوەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیش کردۆتەوە. سەرەنجام، هەر سیاسەتی دروستی ئەقڵانی یەکێتی و لایەنە پەرۆشەکان، وا خەریکە سەردەکەوێ.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، سەعات (11)ی پێشنیوەڕۆ هەتا (5)ی ئێوارە، کۆبوەوە. لەکۆبونەوەکەدا، جگەلەوەی گەشتە سیاسیەکەی وەفدی یەکێتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، خرایەڕوو، هەروەها سەردانی تەواوی حزبە کوردستانیەکانیش و گۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵیاندا، باسکرا. هەڤاڵانی سەرکردایەتیش، جگە لە دەربڕینی ئازادانەی بۆچون و ڕەخنەکانیان، دەستخۆشیی کاریگەری سیاسەتی یەکێتییان کرد لە پەسەندی ئاساییکردنەوەی بێمەرجی پەرلەمان و سەرهەڵدانی ئومێدی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و یاساییەکانیش. لەمبارەوە، کۆبونەوە سوپاسی هەموو لایەکی کرد بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی سیاسی و یاسایی و ئومێدیشی خواست، تێکڕا لایەنەکان، دوور لە گیانی تەسکی حزبایەتی، باقی وردەکاری سیاسی پرۆسەکە، لەپەرلەمان و یەکڕیزیی نیشتمانیی، تەواو بکەین. بڕیاریش درا، لەسەر خێراترکردنی هەنگاوەکانی یەکێتی بۆ ڕەخساندنی زەمینەی سازانی نیشتمانیی نێوان سەرجەم لایەنەکان، کە هەنگاوی هەرە کاریگەریان، ئاساییکردنەوەی پەرلەمانە، هەتا ڕێکارە یاساییەکانی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان و ژیانی پەرلەمانی، پەسەند بکات.
کۆبونەوە، پێی باشە بەزوترین کات، وەفدی باڵای لایەنەکان سەردانی بەغداد بکات و دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغداد، لەمیدیاکانەوە بگوازرێتەوە ناو کۆبونەوە ڕەسمیەکان و بە پرۆژەیەکی هەمەلایەنە لەسەر داخوازیەکانی کوردستان، لەناو هەموو لایەنە سیاسیەکان، گەڵاڵەبکرێ، بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، لەپێشەوەدا، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەهەرێم و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم لەپێناوی سەربەخۆیی، هەتا دەگاتە ئەو غەدرە ئابورییەی لەساڵانی ڕابوردوو لەکوردستان و خەڵکە لەبودجەو موچە بێبەشکراوەکە. هەروا لێیپێچینەوەی یاسایی لەسەر پێشێلکاریی لەجێبەجێنەکردنی دەستور، بەتایبەتی مادەی (140) بکرێ. کاتیشی هاتووە، سوور بین لەسەر قەرەبوکردنەوەی ئەنفالکراوەکانمان و (5 هەزار) گوندی تەختکراومان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو خورماڵ و هەورامان و سیروان و سێوسێنان و گۆپتەپەو دۆڵی خۆشناوەتی و ناوچەی کۆیەو ناوچەکانی بادینان.
دەبێ ساغبکرێتەوە کە بۆچی پێگەی ڕەوای بەشداری نوێنەرانی کوردستان لەبەغداد، لە کابینەی ئێستادا، بە بڕیارو بەرنامە، لاوازکراوەو گەیەندراوەتە تەنها دوو وەزیر. ئەم لاوازکردنەی پێگەی نوێنەرانی کوردیش، وایکردوە کەوا:
یەکەم: سەرەڕای قارەمانێتی و قوربانیەکانی هێزی پێشمەرگە، بێبەشدەکرێ لە چەک، بەتایبەت چەکی قورس. لە موچەو نوچە. لە ڕێزلێگرتنی لە ڕاگەیاندنی عێراق و ناساندنی قارەمانێتیەکەی بە ڕای گشتی عێراقی و عەرەبی!
دووەم: بڕینی بودجەو موچەو، تەنانەت ناوبەناو هەڕەشەی بڕینی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەکانیش. تەنانەت ئەمساڵ، دەغڵودانی جوتیارانی کوردستانیش بەنیوەچڵ دەکڕدرێت و نیوەی داهاتەکەشیان پێنەدراوە.
سێهەم: شارو شارۆچکەکانی ڕووبەڕوو لەپارێزگاکانی دیالە، موسڵ، کەرکووک، سەلاحەدین، کە بەشێکن لە ناوچە کوردستانیەکانی مادەی (140)ی دەرەوەی هەرێم، ئەمانیش، دوای تێکشکاندنی داعش، دوچاری دۆخێکی دژواری ئاساییش کراوون و ئازادی سیاسی و مەزهەبییان زەوتکراوە. نەک تەنها کوردە دانیشتوەکانی ئەم ناوچانە، بەڵکو کوردانی دانیشتوی بەغدادو شارەکانی تری عێراقیش، کەوتونەتە بەر هەڕەشەو گوڕەشە.
سەبارەت بە تەنگوچەڵەمەی ژیانی خەڵکیش، کۆبونەوە جەخت دەکاتەوە، کە دەبێ حکومەت، دوای سەرخستنی پرۆسەی بایۆمەتری موچە، ڕێکاری تری ئابوری بۆ چاکسازی لە موچەی فەرمانبەرو کرێکاراندا بگرێتەبەر. چونکە هێشتا ڕێگای چاکسازی لەبواری ئابوری گشتی و تایبەتی، ماوە بگیرێتەبەر. لەوانە: دامەزراندنی هەزاران کەس لە کۆمپانیا تایبەتیەکان؛ فرۆشتنی ئەرزە جۆراوجۆرەکانی کشتوکاڵ و باخ و خانوبەرەی بێتاپۆ، چاودێریکردنی بازاڕو زیادکردنی باج. هەمویشی پێویستە بخرێتە خزمەتی چۆنیەتی چارەسەرکردنی پاشەکەوتی موچەو پێدانەوەی موچە.
بۆ گرفتەکانی ناو یەکێتی، کۆبونەوە، بوارێکی فراوانی ڕەخساند هەڤاڵان لەسەر کۆی کێشەکان، ڕەخنەو بۆچونەکانیان دەرببڕن. سەرجەم دیالۆگی ناو کۆبونەوە، بەپەرۆشیی یەکێتیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی، مشتوماڵ کران. سەرەنجام، دوو لیژنە بۆ هەڵسەنگاندنی کاروباری حکومەت و حزب لەپێناوی گۆڕانکاری، بەسەرپەرشتی دوو هەڤاڵی مەکتەبی سیاسی، بڕیاریان بۆ درا.
لەکۆتاییشدا، کۆبونەوە پێیوایە، جێبەجێکردنی ئەم داخوازییانە، سەبارەت بە پەرلەمان و یەکڕیزیی نیشتمانیی و تەنگوچەڵەمەی خەڵک، دەرهەق بە هەلومەرجی ئیستا، هاوکێشە سیاسیەکان لە تەنگژەی جۆراوجۆر دەرباز دەکات. باقی کێشەکانیش، بێگومان لەناو پەرلەمان و لەکۆبونەوە بەردەوامەکانی تردا، خەبات دەکەین بەدییان بهێنین.
بەهیوای سەرکەوتن
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
29-07-2017