ئەمشەو 30 ی ئۆکتۆبەری 2021 لە ئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریک پەرستان و تیرۆریستانی #داعش# بۆ سەر سەنگەرەکانی لیوای 10ی پیادە لەسنووری شارۆچکەی پردێ، لەساتی ڕاوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای 10ی پیادە #وەزارەتی پێشمەرگە# بە ناوەکانی (خالید حەمید هەیاس، ئاکۆ کەریم قادر) شەهید بوون.
پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ خانەوادەو هاوسەنگەرانی دووپاتدەکەینەوە.
بەخەڵکی کوردستان ڕادەگەیێنین، وەک هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریکردن لەخاک و خەڵکی کوردستان.
لەکاتێکدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆڕێکخستنەوەی شانە نوستوەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم کارە چەپەڵ و ترسنۆکانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێک و بەبازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەکەینەوە، ئەمەش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش.
نەمری بۆ شەهیدان
سەربەرزی بۆ خانەوادەکانیان
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
30ی 10ی 2021