$باکووری کوردستان$
- لە بەیاننامەیەکدا ئایشەر ئاجار باشەران، جێگری هاوسەرۆکی #هەدەپە# و نوێنەری شاری #باتمان# لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند بەجۆش و حەماسەوە کار بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی 24ی حوزەیران دەکەن، بەڵام لەهەندێک شوێن ڕوبەڕوی هێرش بوونەتەوە و وەزارەتی ناوخۆی تورکیای لەو هێرشانە بە بەرپرسیار زانی.[1]
$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- شەوی ڕابردوو لە نزیک دەرەوازی سنووری کێلێ لە گوندی #بێوران#ی #سەردەشت#، پێکدادان لەنێوان گرووپێکی نەناسراو و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕوویداوە، پێکدادانەکە نزیکەی کاژێرێک بەردەوام بووە. هاوکات چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێن، لە گوندی بێواران شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و گرووپێکی چەکدار دروستبووە، بەهۆیەوە دوو پلەداری هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژران.[2][3]
- بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی #کۆڵبەر# نیوز دوێنی کۆڵبەرێک بەناوی ڕەحیم قوربانی خەڵکی شاری خۆی لە شاری #پیرانشار#-ی سەر بە پارێزگەی #ورمێ#-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا، ودوای ئەوەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.[4]
- ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی کێلەشین سەر بە شاری #شنۆ#، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ش.ج تەمەن 32 ساڵ و د.ی تەمەن 28 ساڵ بە سەختی بریندار بوون.[3]
$باشووری کوردستان$
- بەپێی ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا، دوێنێ ئێوارە، فڕۆکەکانیان 16 پێگەی #پەکەکە#یان لە باشووری کوردستان بۆردوومانکردوون. وەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، پێگەکان لە خواکورک، گارا، مەتین، زاب، قەندیل، ئاڤاشین و باسیان بۆردوومانکراون.[2]
- #سەفین دزەیی# وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هێزەکانی #پەکەکە# لە هەندێ ناوچەی هەرێم دەربچن و چیتر بیانوو نەدەنە دەست هێزەکانی تورکیا بۆ بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان.[1]
- وتەبێژی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە وەڵامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، حکومەت یان بێ هەڵوێست بووە، یان هەڵوێستێکی وەهای هەبووە کە خزمەت بووە بە داگیرکەرانی کوردستان، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە گەریلا هەرێمی کوردستان چۆڵناکات.[1]
- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆبخانەکانی سوپای تورکیا بە بیانووی بوونی بارەگاکانی گەریلاکانی پەکەکە، چەند ناوچەیەکیان لە سنوری #ئامێدی# کردەئامانج.[1]
- بەهۆی دیارینەکردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەرلەمانی کوردستان داوای ڕوونکردنەوە لەسەرۆکی حکومەت دەکات و داوای ئەنجامدانی ئه و دوو هەڵبژاردنە دەکەن.[1]
- گوتەبێژی هاوپەیمان لەبارەی چوونی هێزێکیان بۆ #شنگال# و دەنگۆی مانەوەیان لەوێ دەڵێت: ئامانجی ئەو هێزە تێکشکدانی #داعش#ە، بە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەڵێین هیچ بنکەیەکی سەربازی جێگیرمان لەو ناوچانە نابێت. لەبارەی کشانەوەی هێزەکەش دەڵێت: کاتەکەی دیارنییە، سەختە من بڵێم تاکەی دەمێنینەوە، چونکە دەبینین داعشەکان لەوێ هەن، ناوچەیەکی بەرفراوانمان لەبەردەستە کە دەبێت لەدەست داعش دەریبێنین.[2]
- بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش ڕایدەگەیەنێت، دوای چوار ساڵ لە ڕفاندنی دایکێک و منداڵەکەی ئەمڕۆ ڕزگارکران و گەیشتنەوە لای کەسوکاریان.[1]
- دادگای کەرکووک بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ #نەجمەدین کەریم#، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووک دەرکرد. بڕیارەکەی دادگای کەرکووک بەهۆی پڕۆژەی پڕۆژەی هەلۆی کەرکووکە و تۆمەتی ساختەبوونی پڕۆژەکەی خستووەتە ئەستۆی نەجمەدین کەریم.[2]
- ناڕەزایەتیەکان دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر باشووری کوردستان فراوانتر دەبن. لە شاری سلێمانی 'بەرەی نەتەوەیی' دژ بە داگیرکەران ڕاگەیەندرا.[4]
$دەرەوەی کوردستان$
- پەڕڵەمانی ئێڕاق هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی کرد و بڕیاریدا لە 100٪ی دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە.[5]
- پەیمانگەی ئاشتی و ئابووری (IEP)ی ئەڵمانی ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ئاشتیی جیهانییەوە بۆ ساڵی 2018 بڵاوکردەوە و ڕاپۆرتەکە ڕیزبەندیی 12 ساڵی ڕابردووی وڵاتانی جیهانی لە بواری ئاشتیدا خستووەتەڕوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تورکیا لە ناو 163 وڵاتدا ڕیزبەندەکەی لە 146هەمەوە بۆ 149 دابەزیوە. بەوەش تورکیا لە ڕووی ئاشتییەوە 3 پلە دابەزیوە.[4]