بنەماڵەی ئەحمەد تورک و بنەماڵەی شەریف تەمەللی کە 27 ساڵ بوو دوژمنی یەکتربوون، لە گوندی ئەحمەد تورک (قەسرا قەنجۆ)ی سەربە شاری مێردینی باکووری کوردستان، لە خواردنی ئاشتی دا لەگەڵ یەکتر دانیشتن. لەو نیوەڕۆیەدا کە ڕۆژی 10ی ئەو مانگە بەڕێوەچوو و 15 هەزار کەس تێیدا ئامادەبوون، ئەحمەد تورک سەرۆکی کۆما کۆمەڵگەی دیموکراتی KCD و سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDPیش تێیدا بەشداربوون. دەمیرتاش وتی ئیدی دەبێت دوژمنایەتی نێوان عەشیرەت و بنەماڵەکانی کورد کۆتایی بێت.
لە ناوچەی دێرکی مێردین، بنەماڵەی ئەحمەد تورک و شەریف تەمەللی، یەکەمجار لە ڕۆژی 30-09-2010 لە گوندی مسووری شەریف تەمەللی یەکەمین خواردنی ئاشتی ڕێکخرا، لە بەرانبەردا دوای 11 ڕۆژ ئەحمەد تورک لە گوندەکەی خۆی میوانداریی کردن. لە خواردنی ئاشتیدا جگە لە دەمیرتاش، گولتان کیشناک هاوسەرۆکی BDP و ژمارەیەک پەڕڵەمانتار و سەرۆک شارەوانی BDP و نزیکەی 15هەزار کەس نانی نیوەڕۆیان لە قەسرا قەنجۆ خوارد.
بەهۆی بەشداری زۆری خەڵک لە عەشیرەتی هەردوولا، ڕێگەی گوند قەرەبالغەییەکی یەکجار زۆری تێکەوت و ئۆتۆمبێلەکان تێک ئاسێ ببوون. هەرچەندە 35 ڕەشمال و خێوەتی گەورە هەڵدران، بەڵام بەشی دانیشتنی هەموو ئامادەبووانیان نەکرد و ڕایەخ لە دەرەوە و کورسی لەبەر هەتاو دانران بۆ ئەوانەی جێگەیان لەژێر خێوەتەکاندا نەبووەوە.
لەو میواندارییەدا 550 ئاژەڵ سەربڕدران. 330 ئافرەت بە ئامادەکردنی خواردنەوە خەریکبوون، بە خزمەتکارانی پیاوەوە نزیکەی 2000 کەس بەشدارییان لە خزمەتکردنی میواناندا کرد بە هەرەوەزی. بەشێوەیەک بۆ گەیاندنی خواردن بۆ ژێر خێوەتەکان لە شوێنی ئامادەکردنی خواردنەوە، خزمەتکارەکان بە ڕیزە قاپەکانی خواردنیان لە یەکتر وەردەگرت.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی DTP کە سەرەتای ئەمساڵ داخرا، بە سیاسەتکار و سەرکردەیەکی ئاشتیخواز لەلایەن جیهان و تەنانەت لەنێو تورکیاشدا ناسراوە، لەو میواندارییەدا لەگەڵ دوژمنی پێشووی شەریف تەمەللی کۆتری ئاشتییان فڕاندن و، لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووان دڵخۆشی خۆی بۆ ئەو ئاشتی و پێکهاتنەوەیە خستە ڕوو.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی BDP لە وتارێکدا وتی، ئەوان لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوان هەموو بنەماڵە و عەشیرەتەکان لە باکووری کوردستان و وتی بۆ ئەوەی شەپۆلەکانی ئاشتی لە هەرێمەوە بەرەو هەموو تورکیا بنێرین ئێمە لەنێو هەوڵدانی بەردەوامداین، هیوادارین شەپۆلەکانی ئاشتی لە هەموو تورکیادا بڵاوبکەینەوەو ئاشتی باڵادەست ببێ.
دەمیرتاش لەو میواندارییەشدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا گرت و وتی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، دەیەوێت کێشەی کورد لە ڕێگەی دەرەوەو لەنێوبردن چارەسەر بکات، بەڵام کێشەکە بەم شێوەیە چارەسەر نابێت، دەبێت کێشەکە بە ڕێگەی دانووستاندن لەگەڵ کورد و بە موخاتەب گرتنی کورد چارەسەرببێ. [1]