ئاشتی مەقامی هەرە باڵای ئاگایی ئینسانە، ئەوەی بگات بە داوای ئاشتی، ئیتر داواکاری تری نامێنێت، چونکە ئەو گەیشتووە بە داوا گەورەکە و ئیتر دانابەزێتەوە بۆ داوا بچوکەکان!
داواکانی خوار ئاشتی هەرچیبن و هەرچەنێ ڕەوابن، هەر ئاشتی ڕەواترەو هەر ناگەنە ئاستی ڕەوایەتی ئاشتی!
جا تۆ کە داوای ئاشتی بۆ ئینسانەکان دەکەیت، یەعنی داوای ڕەواترینی ڕەواکانیان بۆ دەکەیت، بۆیە پێویست ناکات داوای ترت هەبێت.
تەنانەت لەنێوان زاڵم و مەزڵومیش هەر ئاشتی هەڵبژێرە، چونکە ئاشتی ڕاستەقینە، خۆی لەخۆیدا بەکەرامەتەو هەر ئەو دۆخەیە کە ستەمی تیانەمێنێ.
مەقامی نزمی جیاکاریی تێپەڕێنە، لە ڕق ڕزگارت دەبێت و ئەگەیتە مەقامی بەرزی خۆشەویستی! کە گەیشتیتە ئێرە، ئیتر داوای بچوکت نامێنێ ئەگەرچی بەپێوەرە باوەکانی عەقڵیەتی جیاکاری، پاساوی ڕەوایەتیشیان هەبێت!
لە مەوقعی خۆشەویستییەوە ئیتر سەیری خوارەوە و عالەمی جیاکاری ناکەیت، تەنیا سەیری سەرەوە دەکەیت، لە سەرەوەی خۆشەویستیشەوە تەنیا ئاشتی هەیە، بۆیە ئیتر هەر ئەو خواستەت هەیە و ئاشتی دەبێتە داوای ئەوەڵ و ئەخیرت.
کە دەڵێم ئاشتی مەبەستم ئاگربەست و چەکدانان نییە، ئەو دووانە بچوکترین وێنەی ئاشتین، یان تەنیا ڕوخسار و ڕوکەشی ئاشتین.
کە دەڵێم ئاشتی مەبەستم قۆناغی هەرە باڵای ئاگایییە، کە ئینسان لەناو خۆیداو لەگەڵ خۆیدا پێی ئەگاو دوای ئەو گەیشتنە ناوەکی و عەقڵی و ڕۆحیەش، ئیتر بۆ دەرەوەی خۆت، جگە لە ئاشتی قسەیەکی ترت نییە.
هەموومان خەریکی دەسکارێکردنی دنیاین و هەر خراپیشی دەکەین، ئاپۆ ساڵانێکە تەنیا خەریکی دەسکارێکردنی بیری خۆیەتی و لەوێشەوە گەیشتۆتە دەسکارییەک، کە تەنیا ئەو دەسکارییە چاکیئەکاو خراپی ناکات!
هەرچەن حەیفە ئەم دووانە موقاڕەنە بکرێن، بەڵام ئێستا ئاپو لەوپەڕی باڵایی خۆیدایەو ئەردۆگان لەوپەڕی گرگنیی خۆیدا ئەژی!
چونکە یەکەمیان بەتەواوی خۆی یەکلاکردووەتەوە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان. دووەمیشیان هەموو شتێکی دەچێتەوە سەر شەڕ و ڕق و جیاکاری!
خۆ ئەگەر ئەردۆ بڕێک لە کەلی شەیتان بێتە خوارەوە (کە هەربەڕاستی لە کەلی شەیتاندایە) ئەو کات پێکەوە لەگەڵ ئەو سەرسپییە بیرسپییەی ئێمە، دەتوانن خێرێکی گەورە بۆ دنیا و قامەتی خۆیان بکەن، بەتایبەت کە هەردوکیان لە کۆتایی تەمەنیاندان.
ئەمەوێ بڵێم ئێستا ئاپۆ لەو خەڵوەتەی خۆیدا، گەیشتووە بەو مەقامە عالیە عیرفانییە و تەنیا ئەوانە لێی تێدەگەن کە خۆیان گەیشتوون یان موسافیری ئەو ڕێگەیەن!
ئێستا لە ئاپۆ تەنیا ئاشتی ماوەتەوە، ئەو ئێستا هیچ نییە جگە لە ئاشتی! (ئەم هیچنەبوونەش جگە لە ئاشتی) بەرزترین شوێنە کە ئینسان پێی بگاو چارەسەرو ڕێگای نەجاتیش ئەوەیە ئێمە هەموومان، بڕۆین و بگەین بەو شوێنەی ناو خۆمان.
یەکێک لە ناوەکانی خودا ئاشتییە، کە بەڕای من بەرزترین ناوی خودایە، تەنیا ئەوانەش ئەم خودایە ئەناسن کە یەکلائەبنەوە بۆ ئاشتی! بەمەشبێ چیتر ئاپۆ هەر بەناو عەبدوڵڵانییە، بەڵکوو بەمەعنا عەبدولسەلامەو درووست خودای ئاشتی ناسکردووە.
دواجار بە حەکیمە ئازادەکەی زیندان دەڵێم: بەقەت خۆشەویستیت بۆ ئاشتی خۆشمئەوێیت
[1].