چەند کۆمپانیایەکی بیانی کە گرێبەستی گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گازیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە، کارەکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم فراوانکردووە. گۆڵف کیستۆن، گاز پرۆم، دانا گاز لەو کۆمپانیایانەن کە کارەکانیان پەرە پێداوە. لەبەرامبەردا کۆمپانیای (bp) بریتانی بەهۆی خراپیی ڕەوشی ئەمنی عێراقی جێهێشت؛ هەر بەو هۆکارە ژمارەیەکی زۆری کرێکارانی بیانی کە لەو کەرتە کاریان دەکرد، عێراقیان جێهێشتووە.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن یەکێک لەو کۆمپانیایانەیە کە بە ڕاپۆرت ڕایانگەیاندووە لە کێڵگەی شێخان بەرهەمهێنانیان زیادکردووە بەجۆرێک تێکڕای هەناردەی کێڵگەکە لەساڵی 2019 دا ڕۆژانە بریتی بووە لە 32883 بەرمیل کە بەپێی پلانی داڕێژراو بووە بۆ کێڵگەکە و ئاستی بەرهەم ئێستا 40000 بەرمیلە و پلانیانە بڕی %30 زیاد بکەن لەساڵی2020دا بەجۆرێک سەرەتا 43000 بۆ 48000، پاشان لە چارەکی یەکی ئەمساڵ واتا 2020 دا بۆ 55000 بەرمیل.
لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای گۆلف کیستۆن دەیەوێت لە بری سوتانی گاز ئینجێکتی گاز بکاتە ناو بیرە نەوتەکان، بەمە فشاری بیرەکە زیاد بکات و بەرهەمیش زیاد بکات.
بەرهەمی کێڵگەکان بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکان لە چەند ساڵی ڕابوردوودا بەردەوام لەزیادبوون دایە و لەهەمان کاتدا نرخی نەوت بەپێی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکی eia تێکڕا لەساڵی 2018 دا سەرو 71$ بووە و لە 2019 دا سەرو 64$ بووە، بۆیە لەبەرانبەردا چاوەڕواندەکرێت داهاتی نەوتی هەرێمیش زیادی کردبێت، بەڵام ئەوەیان لای حکومەت هێڵی سورە و نەک هەر بۆ ڕاگەیاندنەکان، بەڵکو کەسانێکی ناو حکومەت و بگرە بەشێک لە پەرلەمانتارانی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەکانیش نازانن داهاتی نەوت و گاز چەندە.
کۆمپانیای گازپرۆم نەفتی ڕووسی کە زیاتر لە حەوت ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، فراوانکردنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بەجۆرێک ژمارە و بڕی ئەو نەوتەی ئاشکرا کرد کە لەماوەی ڕابوردوودا لە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا بەرهەمی هێناوە.
کۆمپانیا ڕووسییەکە، ڕایگەیاند لەوەتەی دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووە لە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا، بڕی سێ ملیۆن تۆن نەوت بەرهەمهاتووە، بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیا ڕووسییەکە، بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو بە بەرمیل دەکاتە 23 ملیۆن بەرمیل لە مانگی12-2019 بۆ مانگی 1-2020.
ڕۆ#سنە#فت، ڕاشیگەیاندووە بڕی هایدرۆکاربۆنی شلی بەرهەمهاتوو دەگاتە 4 هەزار تۆن، ڕۆژانەش بڕی 30500 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەو کێڵگەیە بەرهەمدێت.
کاری ڕووکاری و ژێرخانی کارکردن لەو کێڵگە نەوتییانە بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن کۆمپانیا ڕووسییەکە فراوان کراوە، دوایین کاری فراوانکردنی دامەزراوەیی و چارەسەری ناوەندی کێڵگەکە پێشبینیدەکرێت بەمنزیکانە تەواو ببێت، بەرهەمی نەوتیش دوای ئەو قۆناغە دەگاتە 35 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
کۆمپانیاکە ڕاشیگەیاندووە ئامادەکاریمان کردووە بۆ هەڵکۆڵینی بیری زیاتر، دەستنیشانکردنی ئەو بیرانە وادەکات بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە زیاتر بکەین.
مانگی شوباتی ساڵی 2019 کۆمپانیای پیرڵ پەترۆلیۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکیان واژۆ کرد بۆ دوو هێندە کردنی بەرهەمی گاز و بەرزکردنەوەی بۆ 900 ملیۆن پێ سێ جا لە ڕۆژێکدا.
کۆمپانیای ئۆرێکس پەترۆلیۆم کە چەند ساڵێکە لە کێڵگەی نەوتی #هەولێر# کار دەکات، ڕاپۆرتێکیشی لەبارەی داهات و دارایی بڵاوکردبووەوە، لە ڕاپۆرتەکەی ئەو کۆمپانیایە هاتبوو: چارەکی دووەمی ساڵی ڕابوردوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە بەرێژەی %23 بەرزبووەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە بەرهەمی کۆمپانیاکە 11900 بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
کۆمپانیاکە لەبارەی داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت لەو چارەگەدا دەڵێت: داهاتەکەیان گەیشتووەتە 40 ملیۆن دۆلار، پوختەی قازانجیشیان 2 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بووە.
شێرکۆ جەودەت، یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانە بەهۆی بەدواداچوونی زۆری بۆ ئەم مەلەفە وەک خۆی دەڵێت: ناوی لە لیستی ئەو کەسانەیە کە زانیاری بڕ و داهاتی نەوتی هەرێم بۆی حەرامە.
شێرکۆ جەودەت، دەشڵێت: وەک لیژنە هیچ داتا و زانیارییەکمان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکومەتی هەرێم پێناگات، بەڵکو هەموو کۆمپانیا نەوت و گازییەکانیش ئاگادار کراونەتەوە لەوەی زانیاری بە ئێمە نەدەن، بەڵام ڕوونە کە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرهەم و داهاتی نەوت زیاد دەبێت و هیچیشی دیارنییە.
شارەزایانی بواری نەوت و گاز پێیانوایە سەقامگیری باری ئەمنی و زۆریی بەرهەمی نەوت لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان وایکردووە کۆمپانیا بیانییەکان پەرەی زیاتر بە کارەکانیان بدەن.
بیلال سەعید، شارەزای بواری نەوت و گازی هەرێم و جیهان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند کارەکانی کۆمپانیا بیانییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ پەرەدەسێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەو قازانجەی کە بەبێ کێشە لێرە دەیکەن، لەو ناوچانەی ئەمنیەت و باری ئەمنی جێگیرە دەبیتەهۆی ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان زیاتر کار بکەن و دەکرێت لەجیاتی عێراق کوردستان هەڵبژێرن.
بیلال سەعید، ڕاشیگەیاند هەروەها لەکاتیکدا لە بەشێکی زۆری عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەیە و هێرش دەکریتە سەر کێڵگە نەوتییەکان، لە کوردستان بە پێچەوانەوەیە و بارودۆخ ئاساییە و کۆمپانیاکان لەبارێکی جێگیر تردان.
بیلال سەعید، ئاماژەی بەوەشدا هەروەها کۆمپانیاکان لە هەمانکاتدا بەشێوەیەکی گشتی سوودیان زیاتر لەجۆری گرێبەستەکانی کوردستان وەرگرتووە، چونکە گرێبەستی بەشداریکردن لە بەرهەم بووە، بۆیە دەکرێت زیاتر لەهۆکارێک بۆ بەردەوامیدان و گەشەپێدان و سەرخستنی کاری کۆمپانیاکان لەکوردستان بزانین بە پێچەوانەی عێراق.[1]
#31-01-2020#