دەقی پرسەنامەکەی #کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە#:
سەرەخۆشیی لە کەسوکار و بنەماڵەی قوربانیانی ڕووداوی #سەقز#
لە 15ی نۆڤەمبەردا کەمتر لە 3 هەفتە لەمەوبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆمەڵکوژیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدا کە تیایدا سەدان کەس گیانیان بەخت کرد و دووبەرابەرێک برینداربوون و بە سەدانیش گیران و لە زیندان کران. بە داخەوە هێشتا ئەم برینە خوێنی لێ دێت کە گویا لە ڕووداوێکدا شەوی پێنجشەممە، 5ی دیسامبەر (14ی سەرماوەز) لە تەلارێکی ئاهەنگێڕان لە شاری سەقز بە هۆی تەقینەوەی گاز کە ئاگرێکی گەورەی کۆنترۆڵنەکراوی لێ کەوتووەتەوە، لە ئاکامدا بەداخەوە تا ئێستا دە کەسێک زیاتر گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
سەرەڕای هەموو چەوساندنەوەیەکی سیاسیی و بێکاریی و نەداریی بەداخەوە خەڵکی ڕۆژهەڵات لەوەبەریش لە سەرئەنجامی نەبوونی خزمەتگوزاریی سەلامەتیی و بێدەربەستیی دام ودەزگا دەوڵەتیەکان بوون بە قوربانیی.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک دووبارە هەر وەکوو لەوەپێش ڕایگەیاندبوو سەرەخۆشیی لە تەواوی کەسوکار و بنەماڵەی گیانبەختکردووان و زیانلێکەوتووانی ڕاپەڕینیی 15ی نۆڤمبەر و هەروەها ئەم کارەساتە دڵتەزێنە دەکات.
ئەم ڕووداوەی سەقز کە شارێکی پڕ ژیان و سەربەرزی تێکۆشان و خەباتە ئازاری ڕووداوەکانی دیکە لە تەواوی کوردستانیاندا دەژیەنێتەوە کە ساڵانی پێشوو سەرئەنجامی لافا و بوومەلەرزە و کارەساتی دیکەی سروشتی ڕوویان داوە. هەر دوو ڕۆژیک لەمەوبەر بوو کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورکیا دەیان منداڵی کوردی بە بەرچاوی جیهانەوە کوشت و بریندار کرد.
سەرەخۆشیی لە تەواوی زەرەرلێکەوتووان و دڵبەئازارانی گەلەکەمان لە سەقزی خۆشەویست و هەموو جێگەیەکی دیکەی کوردستان دەکەین و بە هیوای ئەوەی کە لە ڕێگای یەکیەتیی نەتەوەییەوە بتوانین گەلی خۆمان بەهێز بکەین و وڵاتێک ئاوادەن بکەینەوە کە دڵسۆزانە و شارستانیانە بەڕێوەی ببەین.
کۆنسەی بەرێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
#06-12-2019#[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!