ناو: ئەکبەر
نازناو: ئەکبەر سوورەمێری خانەقینی
ناوی باوک: حەیدەر موسا
ساڵی لەدایکبوون: 4319
شوێنی لەدایکبوون: شاری دیالە
$ژیاننامە$
کەسایەتی سەربازی و سیاسەتمەدار ئەکبەر حەیدەر موسا، ناسراو بە (ئەکبەر سوورەمێری و ئەکبەر سوورەمێری خانەقینی)، ساڵی 1960 پەیوەندی بە ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ەوە کردووە، ساڵی 1963 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، نوێنەری کۆنگرەی حەوتەم (1966) و نۆیەم (1979) و دەیەم (1989) ودوازدەیەم (1999) ی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و ساڵی 1993 لە کۆنگرەی یازدەیەمدا بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا بە ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە، هەڵگرى میدالیاى بارزانى نەمرە.
ساڵی 1943 لە دیالە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خانەقین تەواو کردووە. ساڵی 1992 لە خولی یەکەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و ئەندامی لێژنەی پێشمەرگە لە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان بووه. ساڵی 1998 ڕووی لە کۆماری نەمسا کردووە و دواتر لە نۆروێژ بۆ ماوەیەک گیرساوەتەوە. شارەزای زمانەکانی کوردی، فارسی، عەرەبی، نەرویجی و ئینگلیزییە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1960 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵی 1963 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە و هەمان ساڵ بەشداری شەڕی کورموری لە قەردەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی دژ بە هێزی زەمینی ئێڕاقی کردووە.
ساڵی 1963 لە خولی یەکەمی ئەکادیمیای سەربازیی شۆڕشی ئەیلوول وەرگیراوە و ساڵێک دواتر خولی یەکەمی ئەکادیمیای سەربازیی ماوەتی تەواوکردووە و پلەی مولازمی دووەمی وەرگرتووە. ساڵی 1965 لەلایەن دەزگای ئاساییشی حکومەتی ئێڕاقەوە بە تۆمەتی بەشداریی لە شۆڕشی ئەیلول، فەرمانی غیابیی لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە. لێرە بە دواوە وەکوو کادر و فەرماندەیەکی سەربازیی بە دیارکەوتووە و چەندین پلە و پێگەی سەربازیی وەرگرتووە و بەشداری لە چەندین شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دژ بە سوپای ئێڕاق کردووە.
نوێنەری کۆنگرەکانی حەوتەم (1966) و نۆیەم (1979) و دەیەم (1989) و دوازدەیەم (1999) ی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و ساڵی 1993 لە کۆنگرەی یازدەیەمدا بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا بە ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.
ساڵی 1975 لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بە پەنابەرى ڕووی لە وڵاتی ئێران کردووە. ساڵی 1980 کراوەتە کارگێڕی لێژنەی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵی 1981 ئەندامی مەکتەبی سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
ساڵی 1991 لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە کراوەتە فەرماندەی میحوەری خانەقین و بەشداری لە ئازادکردنی شارۆچکەی خانەقیندا کردووە.
ساڵی 1992 لە خولی یەکەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و ئەندامی لێژنەی پێشمەرگە لە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان بووه.
ساڵی 2003 کراوەتە جێگری بەرپرسی لێژنەی لقی پازدەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵی 2010 کراوەتە بەرپرسی لقی پازدە و هەمان ساڵ لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی ئەیلول، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەری، لەلایەن سەرۆک #مەسعود بارزانی# یەوە میدالیای بارزانیی نەمری پێبەخشراوە.[1]