بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام ئێران بە پاساو و بیانووی 'درۆ و بێ بنەما' خەڵکی هەرێمی کوردستانی شەهید کردووە. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ #21-01-2024# سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامانجی ئەو هێرشانەی بەردەوام لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە یان مووشەکی بالیستییەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و #فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی#، پەکخستنی فڕۆکەخانەکە و ڕاگرتنی پڕۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنی هەرێمی کوردستانە.
#سەربەست لەزگین# ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵمان داوە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت. هەرگیز نەبووینەتە بەشێک لەو ناکۆکی و ململانێیانەی بەردەوام لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوون و ئێستاش هەن. هەموو کاتێک فاکتەرێکی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بووینە.
بە وتەی سەربەست لەزگین، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەیی نەرێنی لەسەر زۆرێک لە وڵاتان و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان هەبووە. بەتایبەت لەم دواییانەدا هەندێک وڵاتی دراوسێ بە ئاشکرا بە بیانووی بێ بنەما هێرش و پەلاماری هەرێمی کوردستانیان دا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا ئێراق و ئێران ڕێککەوتنێکی ئەمنییان واژووکرد. هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێککەوتنەکەدا هەبوو. ئێمە لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکەوە توانیمان مەترسی و نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان بڕەوێنینەوە و بارودۆخێکی نوێ هاتە کایەوە، بەڵام ئێران بە هەندێک بیانووی بێ بنەما و درۆ، خەڵکی سڤیلی ئێمە شەهید دەکات و وڵاتەکەمان مووشەک باران دەکات. [1]