ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پەژاک #سیامەند موعینی# ئاماژەی بەوەدا شەڕی ئیسرائیل-ئێران دەرئەنجامی هەرێمی لەگەڵ خۆییدا دێنێت و وتی، پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان لە ئێران لەم پڕۆسە مێژووییەدا یەکگرتووبن و بەپێی بەرژەوەندییەکانی گەل بجوڵێنەوە.
ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سیامەند موعینی لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە هەڵسەنگاندی بۆ کاریگەریی و دەرئەنجامەکانی شەڕی ئیسرائیل-ئێران کرد لەسەر هەرێمەکە. هەروەها پەیوەست بە کاریگەر و دەرئەنجامەکانی شەڕەکەوە بانگەوازی بۆ یەکگرتوویی هەموو هێزە کوردییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە وەک پەژاک لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەن بۆ پاراستنی گەل.
موعینی دەستنیشانیکرد لەگەڵ جەنگی ئیسرائیل-ئێراندا قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوی پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە و وتی، ئەم شەڕە لەسەر بنەمای بەرژوەندییەکانی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیە، کە بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لە گەلان و فرەڕەنگییەکان دەکەن و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن.
موعینی ئاماژەی بەوەدا شەڕی ئیسرائیل-ئێران شەڕ و ناکۆکییەکانی هەرێمەکە قورستر و ئاڵۆزتر دەکات و ڕایگەیاند ئەم شەڕە خزمەت بەئازادی گەلان ناکات، ئەوەی هەیە دەرئەنجامی حیساباتەکانی هەژموونی هەرێمی هەردوو دەوڵەتەکەیە.
موعینی ڕایگەیاند وەک پەژاک هەوڵدەدەن گەلی کورد لە دەرئەنجامە ڕوخێنەرەکانی جەنگ بپارێزن و دەستنیشانیکرد پەیوەست بە شەڕ و دەرئەنجامەکانییەوە هەموو کاتێک بە هەموو شێوەیەکەوە ئامادەن.
موعینی ئەوەیشی بیرهێنایەوە گەلی ئێران ساڵانێکە لەژێر فشاری دەوڵەتی ئێراندایە و تووشی قەیرانێکی ئابووری سەختی کردوون و وتی: پێویستە گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد خۆیان بۆ ئەم پڕۆسەیە ئامادەکەن و پێویستە گەلی کورد لە یەکێتیی و ڕێکخستنییدابن و پێکەوە هەنگاوبنێن. گەر لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەنەبین، ڕەنگە ڕژێمی ئێران بە ستەمی فاشیستیانەی خۆییەوە هێرشی سەر گەلەکەمان بکات. بۆیە ئەرکی بنەڕەتییمان پاراستنی گەلەکەمانە.
موعینی جەختی لەوەکردەوە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە دژی هەرجۆرە دەستوەردانێک لە دژی گەل ئامادەن و وتی: گەر هەر جۆرە هێرشێک بکرێتەسەر گەلەکەمان ئەوا ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانین.
ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پەژاک سیامەند موعینی داوای لە هەموو هێز و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد جیاوازییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانیان بخەنەلاوە و پێکەوە لەم پڕۆسەیەدا بجوڵێنەوە و وتی: پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان لەم پڕۆسەیەدا جیاوازییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانیان بخنەلاوە و پێکەوە لەیەک بەرەدا بن. ئامانجی ئەم بەرەیەش پێویستە پاراستنی گەلەکەمان بێت لە بەرانبەر هێرشەکانی ڕژێم. [1]