- جەماوەری وڵاتپارێزو خۆڕاگری کوردستان
- کەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان
ئەمڕۆ 30 سى ساڵ بەسەر دامەزراندن و تەمەنی پڕ لە خەبات و بەرخۆدانی YNDK تێدەپەڕێت، لەم ڕۆژەدا YNDK وەک پێویستییەکى مێژوویى و بابەتیى، وەکو ڕێکخستنێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەری لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لەدایکبوو و، بووە هیوابەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و تێکۆشەران، YNDK لە کاتێکدا لەدایکبوو کە شەڕى ناوخۆ نەتەوەکەمانى بێئومێد و نیگەران کردبوو لە داهاتوو، لەدایکبوونى YNDK جارێکى دیکە هیواو دڵنیایى بۆ گەلى کوردستان گەڕاندەوە و، YNDK لەماوەیەکی کورتی تەمەنیدا توانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕى ماڵوێرانى ناوخۆ هەوڵەکانى چڕبکاتەوەو بەدەیان کۆبوونەوەى فراوانى حزبە کوردستانییەکانى لە بارەگاى خۆى ڕێکخست و توانى بوون و کاریگەرى خۆى بسەلمێنێت و، هەوڵەکانى YNDK لەم پێناوەدا بوونە هۆى خاوبوونەوەى گرژى و کێشەکان و زەمینەسازى بۆ ئاشتى.
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە سەرەتاى خەباتى خۆیەوە بەهۆی کاری بەردەوامی لەسەر خزمەتکردنى جەماوەر و کارکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان توانى کاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دروست بکات، YNDK توانیویەتی لەئاست بەرپرسیاریەتیدا بێت و بە شرۆڤە و خوێندنەوە و پێشبینییەکانی پیلانە نەگریسەکانی داگیرکەران و دوژمنانی کورد و کوردستان ئاشکراو ڕیسوا بکات و ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە پەروەردەى نەتەوەیی و ئاشناکردنی تاکى کورد بەناسنامەکەی و پەیوەستبوونی بە خاک و وڵات و کلتورى کوردى بە بنەما گرتووە، ئەوەش بۆئەوەی کەسایەتى تاکى کورد لەسەر بنەماى باوەڕبەخۆبوون بنیاتبنێتەوەو خۆڕاگرانە ڕووبەڕووی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان ببێتەوە، هزری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی YNDK وایکردووە زۆر بەخێرایی بەدیاربکەوێ و ببێتە خودان پێگەی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی مەزندا.
ئێمە لەکاتێکدا کەوا یادی (30)يەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK دەکەینەوە بەهۆی ئاڵۆزى ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر کوردستان هەن، وایانکردووە کوردستان بکەوێتە ڕەوشێکی زۆر ناسک و هەستیار، ئەوەتا لەلایەک حکومەتی عێراق بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنى سیاسەتى دژایەتیکردن و پەراوێزخستن و برسیکردنى گەلى کوردستان، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانى بەغدا تا ئێستاش دەستبەردارى عەقڵییەتى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى کورد نەبوون و هەمان ڕەفتارى ڕژێمى ڕووخاوى بەعس دووبارە دەکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە داگیرکەرانى کوردستان لەهەموو لایەکەوە بۆ دژایەتیکردنمان لە پیلانداناندان، ڕژێمی داگیرکەری تورکیا سەرەڕاى تۆپبارانکردن و هێرشەکانى بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانى باشوورى کوردستان، بەردەوامە لە هەڕەشەو پیلانگێڕان هێرش و موشەکباران لە دژى ڕۆژئاوای کوردستان و ژێرخان و خاکەکەی وێران و سوتماک کردووەو خەڵکەکەشی جینۆساید و ئاوارە کردووە، ئێستاش هەوڵدەدات دیمۆگرافیاى ڕۆژئاواى کوردستان بگۆڕێت، سەبارەت بە باکوورى کوردستان هەموو لایەکمان دەبینین کەوا ڕژێمى تورکیا چۆن کەوتۆتە دژایەتیکردنى نەتەوەکەمان و هیچ شتێکى پێ ڕەوا نابینێت و ئازادیخوازان زیندانى دەکات و دژى بوونى کوردە بە هەموو شێوەیەک، لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان ؛ ڕژێمى داگیرکەرى ئێران بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى گەنج و ئازادیخوازانى کورد، ڕژێمى سوریاش سەرەڕاى ڕەوشى نالەبارى خۆى ئامادە نییە چارەسەرى پرسى کورد لە ڕۆژئاواى کوردستاندا بکات، دواى گۆڕانکارییەکانى سوریاو ڕووخانى ڕژێمى بەعس لە سوریا، ئەوانەى کەوا دەسەڵاتى ئێستاى سوریایان گرتۆتەدەست، ڕوانینیان هەمان ڕوانینى ڕژێمى ڕووخاوى سوریایە بۆ پرسى کورد و دژى تەواوى پێکهاتەکانى سوریان، لە ڕۆژانى ڕابردوودا کە دەستوورى سوریایان دانا، دانیان بەهیچ پێکهاتەیەکى ناو سنوورى داتاشراوى سوریا نەنا، هەروەها هەموو لایەک بینیمان دەسەڵاتى ئێستاى سوریا چۆن جینۆسایدى پێکهاتەى عەلەوییەکانى کردو بەردەوامیشە لەسەر کارە تیرۆریستى و توندو تیژییەکانى، لێرەوە جارێکی دیکە ئەو هەڕەشە و پیلانانەى داگیرکەران ئیدانەو شەرمەزار دەکەین و وەک هەمیشە ڕەتیاندەکەینەوەو دژیان دەوەستینەوە، بەڵێ ئەوە ڕەوشى ئێمەى کوردستانییانە، ئەم ڕەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین.
بێگومان سەرەڕای پیلان و ئاستەنگەکان خەباتى گەلى کوردستان بەردەوامە و پێشڤەدەچێت، پێشڤەچوونی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە باکوورو باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان مایەی خۆشحاڵین و وەک هەمیشە پشتیوانی و هاوکاری تەواوی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین, لەم ڕەوشەدا بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزی گەلی کوردستان؛ لەسەر ئاستی نەتەوەیی جارێکى دیکە جەختدەکەینەوە سەر بەستنی (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان) بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، داڕشتنی بەرنامەی کارو خەبات بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان بەرەچاوکردنی بارودۆخیان بەکارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ دەزانین، لەم پێناوەدا ئێمە وەکو YNDK وەک هەمیشە ئەوەی لە تواناماندابێت دەیکەین، لەهەمان کاتدا بانگ لە هەموو لایەک دەکەین کەوا بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان کاربکەین و زۆر بەوردی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕەوشەدا بکەین و، بە هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ پاراستن و بەهێزکردنى قەوارەى سیاسى هەرێمى کوردستان، پاراستنى دەسکەوتەکانى ڕۆژئاواى کوردستان، بێگومان ئەمەیش تەنیا بە یەکڕیزی و یەکدەنگی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکڕێزى و یەکدەنگى بکەین.
-
جەماوەرى دڵسۆزو وڵاتپارێزى کوردستان ...
سەبارەت بە ڕەوشى ئێستاى باشوورى کوردستان؛ ئێمە واى دەبینینەوە کەوا ناوەندى سیاسى لێکترازاوو پەرش و بڵاوەو پێویستى بە ڕێکخستنەوەو یەکخستەوەیە، لەسەر ئاستى جەماوەریش گلەیى و گازاندەى زۆر هەن لەو ناعەدالەتییەى کەوا لە باشوورى کوردستاندا هەیە، ناعەدالەتى سیاسى و جەماوەرى و ئابوورى، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و جەماوەری کوردستان زیاتر لەیەکدی نزیکببنەوەو هاوکاری یەکتربن بۆ ئەوەى دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان لە خەمى خەڵکدا بن و کاربکەن بۆ نەهێشتنى گەندەڵى و ناعەدالەتى و باشترکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک، بۆ ئەم مەبەستە جارێکی دیکە داوای پێکهێنانی (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) وەک چەترێکى هاوبەش دەکەین، کە چەترێک بێت هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان بگرێتەخۆ، ئەمەش باشترین هەنگاوە بۆ ڕێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان و پاراستن و پێشڤەبردنى دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان.
لە کۆتاییدا؛ لەم یادە بەرزو شکۆدارەدا جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و (30)یەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK لە هەموو هەڤاڵان و تەواوی گەلی کوردستان پیرۆز دەکەین و، وێڕاى سڵاوو ڕێزمان ؛ هاوسۆزی خۆمان بۆ بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی تەواوی شەهیدانی کوردستان دەردەبڕین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و بەرخودانی نەتەوەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەرز ڕادەگرین و پشتیوانى خۆمانیان بۆ ڕادەگەیەنین و، پەیمان دەدەین وەک هەمیشە لەسەر ڕێبازی شەهیدان، ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بدەین لەپێناو هێنانەدی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد و یەکگرتوو دیموکرات.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید (سەربەست مەحموود) و تەواوی شەهیدانی ڕێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.
- مردن و ڕووڕەشی بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان.
- بێتەدى کوردستانێکى سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو و دیموکرات.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDKیەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
1 ى نەورۆزی
2725 ی کوردی -
21-03-202521-03-2025
هەولێرهەولێر - باشوورى کوردستان
[1]
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!