هاونیشتمانە ئازادیخوازەکان!
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
تینوان وهۆگرانی ئاڵوگۆڕ لە ئێران!
رۆژی 24ی جۆزەردانی ئەمساڵ، خەلکی ئێران بۆ جارێکی دیکە چوونەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان تا وێڕای هەڵبژاردنی شووڕاکانی شار و دێ، لە نێو 6 کاندیدای پۆستی سەرکۆماریی ئێران دا، یەکێکیان هەڵبژێرن.
هەڵبژاردنی یازدەیەمین خولی سەرکۆماری لە ئێران دا لە بارودۆخێک دا بەڕێوە چوو کە:
- دوو لە بەهێزترین کاندیداکانی خولی پێشوو(میرحوسێن مووسەوی و مێهدیی کەرروبی) کە یەکەمیان براوەی هەڵبژاردنی خولی پێشووی سەرکۆماری بوو، وێڕای سەدان ناڕازیی دیکه لە دەسکاریی ئاکامەکانی ئەو هەڵبژاردنە هەر وا لە دەستبەسەری و بەندیخانە دابوون،
- زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەو کاندیدایانەی دەیانتوانی نوێنەرایەتیی بەشێک لە ویست و داخوازەکانی خەڵک یان تەنانەت ریفۆرمخوازانی دەرەوە و ناوەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامی بکەن، لە لایەن شووڕای نیگابانەوە، سەلاحیەتیان رەت کرابۆوه و مەیدانەکە بە تایبەتی بۆ کۆنەپارێزان و ئوسوولگەراکانی نزیک بە ناوکەی ئەسلیی دەسەڵات، ئاوەڵا هێشترابۆوە،
- حیزب و و رێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات، هەر وەها زۆر کەسایەتیی جۆراوجۆر و چالاکی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی لە دەرەوە و ژوورەوەی وڵات، بە هۆی دژەدیموکراتیکبوونی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی و رێزدانەنانی رێبەری و دامەزراوە داسەپاوەکانی دیکەی ئەو رێژیمە بۆ ئاکام و پەیامی هەلبژاردنەکان، هەڵبژاردنەکانی 24ی جۆزەردانیان تەحریم کردبوو.
لە لایەکی دیکەوە خەڵکی وڵاتی ئێران لە هەلومەرجێک دا بەرەو دوو هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شووراکانی شار و دێ چوون کە:
- ئەزموونی تاڵی 8سال دەسەڵاتدارەتی و بەڕێوەبەرێتیی سەرکۆمار و دەوڵەتێکی گوێ لە مستی بەیتی رێبەری و سوپای پاسداران و دەزگا و دامەزراوه نیزامی و ئەمنییەتییەکانیان بە نرخێکی گران تێدەپەڕاند،
- لە ئاکامی هەرچی یەکدەستکرانی دەسەڵات لە هەر سێ بیاڤی یاسادانان و بەڕێوەبەرێتی(دەوڵەت)، قەزایی دا،سەرکوت و دەمکوتکردنی نەک هەر چەشنە دەنگێکی جیابیر و ناڕازیی نێو خەڵک، بەڵکوو هی نێوخۆی نیزامیش، ببووە رەواڵێکی ئاسایی و، خەفەقان و زەبروزەنگ باڵی بە سەر هەموو ولات دا کێشابوو،
- سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەحمەدینەژاد و دەزگا و دامەزراوەکانی دیکە لە هەر دوو ئاستی نیوخۆیی و دەرەوە دا، کە شەخسی رێبەری نیزام هاندەر و پشتیوانیان بوو، خەڵک و وڵاتی ئێرانیان لە گەڵ گوشار وتەحریمی سیاسی و ئابووریی کۆمەڵگەی جیهانی و کێشە و قەیرانی جۆراوجۆریی نیوخۆیی بەرەوڕوو کردبوو.
بەم جۆرە هەڵبژاردنەکانی 24ی جۆزەردان، وێڕای بەربەستە جۆراوجۆرەکان لە سەرڕێی خۆپالاوتنی کاندیداکان و سەرەرای موهەندیسی کرانیان لە لایەن بەیتی رەهبەری و فەرماندەرانی سوپای پاسداران و شووڕای نیگابان، دەرفەتێک بوون لە بەردەم خەڵکی ئێران دا. جارێکی دیکە دەنگدەرانی ئێران کەوتنەوە سەر دووڕێیانێک. لە خێری هەڵبژاردنێکی نائازادی پڕ لەکەموکووڕی و بەربەست، چاوپۆشی بکەن و مەیدانەکە بۆ تاقمێک بڕیاربەدەستی نیزامی کۆماری ئیسلامی چۆل بکەن بۆ ئەوەی لە رێگای هەڵبژاردنێکی موهەندیسیی کراوەوە، بێ هیچ گرفتێک پاشماوەی بەرنامەکانیان ببەنە پێش؟ یان بە وشیاری و زیرەکییەوە بێنە نێو مەیدانەکە و لە چوارچێوەی زەرفییەتی بەرتەسکی هەرئەو جۆرە هەڵبژاردنانەش دا، ئیرادە و پەیامی خۆیان بە شێوازێکی هێمنانە و مەدەنی بە دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامی و بە دنیا نیشان بدەن؟
لە گەڵ ئەوەی ئەندازیارانی هەڵبژاردن لە ئێران، کاندیدایەکی ئەوتۆیان لە مەیدانی ململانێ دا نەهێشتبۆوە که پێکهاتە و توێژ و تەیفە جیاوازەکانی خەڵکی وڵات، داخوازەکانی خۆیان لە دروشم و بەرنامەکانی ئەو دا بدۆزنەوە، زۆرینەیەکی گەورە لە دەنگدەران، دەنگیان بە ئاغای حەسەنی رووحانی دا کە دروشم و بەرنامەکانی تا رادەیەکی بەرچاو لە دروشم و بەرنامەکانی 5کاندیدای دیکەی سەرکۆماری، جیاواز بوون. نزیکەی 19 میلیۆن دەنگدەر، کە لە نێویاندا زۆر کەس هەبوون بەرنامە و کاندیدایەکی تەواو دڵخوازی خۆیان شک نەدەبرد، لە رێگای دەنگدان به تاکە کاندیدایەک کە خوازیاری" ئیعتدال ومیانەڕەوی" و چاوخشاندنەوه بە سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، شکستێکی گەورە و تاڵیان بە ئوسوولگەراکان و کۆنەپارێزانی نێو کۆماری ئیسلامی چێشت و ئاکامی هەڵبژاردنی یازدەیەمین خولی سەرکۆمارییان، بە زیانی ویستی خامنەیی و بەیتی رەهبەری وسوپای پاسداران و هتد گۆڕی.
دیارە لە هەڵبژاردنی شووڕاکانی شار و گوندەکانیش دا، ئەگەر چی سەلاحیەتی ژمارەیەکی زۆر لە کاندیداکانی جێی پەسەند و پشتیوانیی خەڵک، لە لایەن دامەزراوەکانی سەر بە رێژیم رەتکرابۆوە و پێشگیری لە خۆپاڵاوتنی رێژەیەکی زۆر لە کەسانی جێی متمانەی خەڵک کرابوو، کۆمەلانی خەڵک بە ئیمکاناتی خۆماڵی، پشتیوانییان لە کاندیداکانی خۆیان کرد و لە گەڵ دەست و پێوەندەکانی دام و دەزگا سەرکوتکەر و سیخوڕییەکانی رێژیم، کەوتنە ململانێ و سەرەرای نایەکسانبوونی توانا و ئیمکانات و شانسەکان، لە زۆر شار و ناوچە و گوند، توانیان رێژەیەکی بەرچاو لە کاندیداکانی خۆیان سەرخەن.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، سەڕەڕای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی 24ی جۆزەردان، هەر وەک پێشتریش رای گەیاندبوو بۆ تەشخیش و بڕیاری خەڵکی کوردستان و ئێران لە پیوەندی لە گەڵ ئەم هەڵبژاردنانەدا رێز دادەنێ. هەڵوێستی پێشترمان بەرامبەربەم هەڵبژاردنانە، ئێمە لە دەرکی گرنگیی ئاکامەکانیان بە تایبەتی ئاکامی یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران، دوورناخاتەوە. بە باوەڕی ئێمە ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە، پێویستیی بە لێکدانەوەیەکی واقیع بینانە و بوێرانەی هەموو لایەک و هەڵوێستەکردنی جیددی و بەرپرسانەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە سەر پەیامەکانی خەڵکی ئێران هەیە. بە لێکدانەوەی ئێمە:
- ئەوخەڵکەی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، نەک بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی و خوڵقاندنی "حەماسەی سیاسی" بەو جۆرە کە خامنەیی وراگەیەنەکانی رێژیم ئیددیعای دەکەن، بەڵکوو بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان کە داوای گۆڕان ونارەزایەتیدەربڕین لە سیاسەتە نیوخۆیی و دەرەکییەکانی چەند ساڵی رابڕدووی دەسەڵاتدارانە، لە هەڵبژاردن دا بەشداربوون.
- هەروا کە هەڵوێستی تەحریمی هەڵبژاردن و پشتکردن لە سندووقەکانی دەنگدان، جۆرێکە لە ناڕەزایەتیدەربڕین لە دەسەڵاتی وڵات و نیشاندەری نادیموکراتیکبوون و وڵامدەرنەبوونی پڕۆسە و سیستەمی هەڵبژاردنە، بەشداریی واتاداری خەڵک لە هەڵبژاردن و دەنگدان لە سیستەمێکی داخراوی وەک کۆماری ئیسلامییش دا، وەک بە تەجرەبە دەرکەوتووە، جۆرێکی دیکه لە نارەزایەتیدەربڕین و "نا"گوتنە بە دەسەڵاتی وڵات و سیاسەتەکانی، کە لە هێندێک قۆناغ دا دەتوانێ رۆڵ و کاریگەریی خۆی هەبێ.
- دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتی خۆی دا و بە تایبەتی چڵەپۆپەی ئەم دەسەڵاتە واتە وەلیی فەقیه، دەبێ پەیامی نزیکەی 19میلیۆن دەنگدەری ئێرانی بە دروستی تێ بگا و ئەم هەڵبژاردنە وەک رێفراندۆمێک سەیر بکا کە زۆرایەتییەکی گەورە لە دەنگدەران، لە رێگای دەنگەکانیانەوە پەیامێکی روونیان بەوان داوە. خەڵکی ئێران خوازیاری گۆڕانن. گۆڕان لەو سیاسەتانە دا کە وڵاتەکەی ئەوانی لە جیهان دابڕیوە و بەرەورووی گوشار و گەمارۆی جیهانی و هەژاری وبرسیەتیی کردوونەوە، گۆڕان لە جۆری دەسەلاتدارەتییەک دا کە کەمترین ماف و ئازادی بە هاونیشتمانان رەوا نابینێ و ولاتی خۆیانی لێ کردوون بە زیندان و دۆزەخ. گۆڕان لەو قانوون وچوارچێوە و رێوشوێنانە دا کە بەرهەمی بڕیار و ئیرادەی خەڵک نین و تاقمێک بە ناوی دین وشەریعەتەوە بە سەر ئەوانیان دا سەپاندوون.
- سەرکۆماری هەڵبژێردراو ئاغای حەسەنی رەوحانی، کە توانیویەتی دەنگ و متمانەی ئەم ژمارە زۆرەی دەنگدەران بە دەست بێنێ و له ململانێ لە گەڵ5 کاندیدای دیکە دا سەربکەوێ، بەرپرسیارەتییەکی میژوویی کەوتۆتە سەر شان.ئەگەر ترۆپکی ئەو نیزامە وسروشتی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییش، هاندەر و یارمەتیدەری نەبن و تەنانەت لە بەردەمی دا رێگر بن، لە سەریەتی بە بەڵێنەکانی خۆی وەفادار بێ. ئەزموونی سەرکۆمارەکانی پێشوو، کە رەزامەندیی وەلیی فەقیه و رەچاوکردنی بەرژەوەندی نیهاد و ناوەندە ناخەڵکی و داسەپاوەکانیان خستە سەرووی پشتبەستن بە پشتیوانیی خەڵک وهەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی چاوەڕوانییەکانیان، دەتوانێ زۆر دەرسی بە نرخی بۆ ئەم سەرکۆمارە تێدا بێ. دەنگدانی خەڵک لە 2ی جۆزەردانی 1376، 22ی جۆزەردانی 1388 و 24ی جۆزەردانی ئەمساڵ دا،دەریان خستوە کە هەر کاندیدایەکی سەرکۆماری،ئاوڕ لە ویست و داخوازەکانی خەلکی وڵاتەکەی بداتەوە، خەڵک بوێرانە بە پێشوازییەوە دەچن و سەری دەخەن.شاراوەش نییە کە هەر سەرکۆمارێک خەڵکی لە پشت بێ، تەنانەت ئەگەر لە نیوخۆی سیستەمی دەسەڵاتیش دا کارشکێنیی بکەن، هەم لە ئاستی نیوخۆیی و هەم لە ئاستی نیودەوڵەتی دا،دەتوانێ سەرکەوتن بە دەست بێنێ.
- خەڵکێک کە سەرەڕای هەموو کۆسپ و لەمپەرەکان، بە یەکگرتوویی و وشیاریی سیاسی و دەنگدانی واتاداری خۆیان، توانیان ناوکەی سەرەکیی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی دا تووشی شکستێکی سەرسوڕهێن بکەن، دەبێ ئەم سەرکەوتنە بکەنە دەسمایەی خەبات و ململانێی لەمەودوای خۆیان لە گەل دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی. بە تایبەتی پێشەنگان و چالاکانی خەباتی هێمنانە و مەدەنی لە نیوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە رۆڵیان لە خستنە رووی پرسی کورد و سەرنجڕاکێشانی کاندیداکانی سەرکۆماری بۆ لای ستەملێکراویی نەتەوە بندەستەکان و بە تایبەتی نەتەوەی کورد لە ئێران راکێشا، پێویستە بە بڕوابەخۆبوونێکی زیاترەوە کاری خۆیان درێژە بدەن. دەنگەکانی رێژەیەکی جێگای سەرنجی خەڵک لە کوردستان بە ئاغای حەسەنی روحانی، هەڵگری واتا و وپەیامێکی زۆر روونن. ئەو دەنگانە، پێوەندیی راستەوخۆیان بەو مافانەی نەتەوەی کوردەوە هەیە کە زیاتر لە 30 ساڵە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، پشتگوێ خراون و ئێستا سەرکۆماری هەڵبژێردراو بەرعۆدە بوو، لانی کەمێک لەوان، دابین و دەستەبەر بکا. نەک هەر نابێ رێگا بە سەرکۆماری نوێ بدرێ ئەم بەڵێنانە لە بیر خۆی بباتەوە، بەڵکوو دەبێ هان بدرێ رێخۆشکەری هەنگاوی گەورەتر و ئالوگۆڕی زیاتر بێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان بەم لێکدانەوە و خوێندنەوەیە ریزبۆ بڕیاری خەڵکی ئێران و ئاکامی هەڵبژاردنی ئەوان دادەنێ. هەر لەو کاتەش دا بە پێی ئالوگۆرەکانی داهاتووی ئێران، روانگە و هەڵوێستی خۆی بە ئاگاداریی هەموو لایەک دەگەیەنێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
27ی جۆزەردانی 1392ی هەتاوی
17ی ژوئەنی 2013
⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!