بەرە بەیانی ئەمڕۆ 05-03-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستانحکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و راپەڕین بە وەچەرخانێکی مێژووی بەرامبەر بە ستەم و داگیرکاریی ناودەبات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
لە 33یەمین ساڵیادی راپەڕینی شکۆداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. رێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە کاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشکەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی کوردستاندا، رەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی لەم رێگەیەدا گیانیان بەخت کرد.
ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین رووداوە بەرهەمدارەکانی مێژووی کوردستان و شانازییەکی گەورە و سەروەرییەکی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، رەتکردنەوەی یەکجارەکی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو.
ئەمڕۆ کە یادی راپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و بەها بەرزەکانی راپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بەبوونی کوردستانەوە.
با یادی راپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
[1]
مەسرور بارزانیمەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
05-03-202405-03-2024
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!