گوندێکە، دەکەوێتە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #ماوەت# لە سنووری #شارباژێر#ی پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان.[1]
ئەم گوندە لە باکووری گوندی شینکی یە لە ناوچەی شینکایەتی شارباژێڕو بەسەر چەمی شینکی دەڕوانێت و ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. ئەم شوێنە تەنیا بۆ ئاژەڵداری دەشێت و بەهۆی دار و نزاری گردەڕەشەوە کەڵک لە دارەبەنەکانی وەردەگرن بۆ بنێشت، ئەوێش هەر پێڕانەگەیشتووە میوانان بەڕێ بکات و سەردەمانێک موسای سەفرەیی و شێخەلی و کوڕانی ئەمین بەگ لێی ژیاون، ئێستا دوو ماڵی لێیە لە نەوەکانی ئەمین بەگ.
لەبارەی ناوەکەیەوە، بەپێی ڕیواتەکان ناوەکەی لە باسکی ئاوەوە هاتووە، ئەو جێگایەی گوندەکەی لێیە چەند کانی و ئاوێکی لێیە پێیان وتووە باسکی ئاوێ، پاشان وردەوردە ناوەکە ئاسان کراوە بووە بە باسکاوێ - باساوێ.
یەکێک لەو بنەماڵانەی لەم گوندە ژیاوە بەرەبابی شێخ عەلییە، کە لە بنەڕەتدا دەچنەوە سەر تیرەی جوانمێرییەکان، ئەم تیرەیە بەزۆری لە ناوچەی #قەڵادزە# و #ڕانیە# و بتوێن نیشتەجێن. لە ئێستادا بەرەبابی شێخ عەلی بەشێکیان لە شاری #سلێمانی# نیشتەجێن.
شێخ عەلی یەکێک بووە لە پیاوە ناودارەکان، کە لە ڕۆژگاری خۆیدا خاوەنی دیوەخان بووە، هەمیشە دەرگای کراوە بووە بۆ هەژاران. شێخەلی دەورێکی باڵای بینییوە لە ئاشتی و ئاوەدانی ناوچەکە. ئەم پیاوە وەک تەریقەت شێخ نەبووە، بەڵام ئەوەندە عاقڵ و دانا و زانا بووە لەئەوەوە پێیانوتووە شێخ عەلی، خاوەنی ئاژەڵ و داراییەکی باش بووە، هەمیشە لەگەڵ پیاوانی بەناوبانگ و ئاغاواتی ئەو ڕۆژگارەدا هەڵسوکەوتی کردووە، هەر کۆڕێکی ئەو پیاوانە شێخەلی تیانەبوایە، جێگای دیار بوو، چونکە پیاوێکی ڕاستگۆ و قسە لەڕوو و نوکتەباز بووە، بەتایبەتیی لەگەڵ ئەمین بەگی قامیش هەمیشە لە گاڵتەوگەپدا بوون، نووسینی: عەزیز حاجی کەریم قامیشی. [2]