دەقی وتارەکەی #مەسرور بارزانی#:
سووپاستان دەکەم بۆ ئەم کۆبوونەوەیە، هەروەک پێشتریش ئێمە سەردانی چەندین وەزارەتمان کرد، لە بەرنامەماندایە سەردانی هەموو وەزارەتەکان بکەین، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەین و بەدواداچوون و پێداچوونەوەیەک هەم بەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چی کراوە و بۆ ماوەی داهاتووش بەرنامەکان چین و چۆن دەتوانین بەیەکەوە هاوکاری یەکدی بکەین بۆ باشتر خزمەتگەیاندن بە هاووڵاتیان.
سووپاسی ئێوە دەکەم بۆ ماندووبوونتان و ئه و خزمەتەی کردووتانە لە ماوەی ڕابردوو، دەزام زەحمەتی زۆرتان کێشاوە.
بابەتی کارەبا بەستراوەتەوە بە زۆر بابەتی ژیانی هاووڵاتیانەوە، چ لە ڕووی ژیانی ڕۆژانە، یاخود پێشکەوتنی ئابووری و زۆربەی سێکتەرەکانی دیکە، بەستراونەتەوە بە بابەتی کارەبا. بۆیە ئه و بابەتە زۆر سەرەکی و گرنگە، ئێمە هەرچی بکەین، دەبێت هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ ئەوەی 24 کاتژمێر کارەبا دابین بکەین.
هۆکارەکانی ئەوەی بۆ تا ئێستا نەکراوە، کارەبای هەمیشەیی دابین بکرێت، زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی ڕابردوو.
لێرە پرسیارێک دەخەمەڕوو، دوای ڕاپەڕین، ئەوەی من بیستوومە، ئه و کات 300 تا 350 مێگاوات کارەبا نەبووە، لە هەموو کوردستاندا، سەرچاوەی ئه و کارەباکە، زیاتر بەنداوەکان بوون. بەڵام ئێستا 3000 تا 3500 مێگاوات کارەبا هەیە، ئایا ئەگەر بەراوردی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان له و کاتەوە بۆ ئێستا بکەین، لە 350 مێگاواتەوە بەره و 3500 مێگاوات چووین، ئایا ژمارەی دانیشتوانیش ئەوەندە زیاد بووە؟، کەواتە بۆچی دوای ئه و هەموو مێگاواتەی زیاد کراوە، بۆ هێشتا کارەبا بەشی هەموو هاووڵاتیان ناکات، یاخود بۆ 24 کاتژمێر نییە، چونکە پێشتر 350 مێگاوات بەشی هەموو شتی دەکرد؟! پرسیارەکە بۆ ئەوەیە هەقە هاووڵاتی بزانێت لە دوای ڕاپەڕینەوە بزانێت چی کراوە و چی بەسەر کوردستاندا هاتووە؟ لەوانەیە هەندێک خەڵک هەڵسەنگاندنێکی دیکە بکەن، بەڵام ئەوەی بە ژمارە و واقیع کراوە، دەبێت بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە، کە هەرێمی کوردستان لە 1991 ەوە تا ئێستا لە 350 مێگاواتەوە بۆ 3500 مێگاوات کارەبای زیاد کردووە، ژمارەی دانیشتوانی ئەوەندە زیادی نەکردووە، هەقیقەتێک دەردەکەوێت، کە ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا لە لایەن هاووڵاتیان زیاد بووە، نەوەک دانیشتوان به و ڕێژەیە زیاد نەبووە، لەوانەیە هەریەکێک لەماڵ چەند گڵۆپ و تەلەڤزیۆن و یەخچاڵێکی هەبووبێت، ئێستا بەکارهێنانی کەرستەی ئەلیکترۆنی لە هەر ماڵێک زۆر زۆر زیاتر بووە، لە چاو جاران، دووەم، کارگەکانی پیشەسازی و ئیشکردن زۆر زیادیان کردووە و کارەبای زۆر بەکاردەهێنن، ئەمە ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی ئابووری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کە لە کوردستان ڕوویانداوە. بۆیە داوای بەکارهێنانی کارەبا زۆر زیاترە لە ڕێژەی زیادبوونی هاووڵاتیان.
شتێکی دیکەش هەیە، پێم وایە پێویستە گرنگی پێ بدرێت، لە ڕاگەیاندنەکان و وەزارەت خۆیشی لەسەری بوەستێت، بەکارهێنانی زیادە و بەهەدەردانی کارەبایە. زۆرجار خەڵک هەیە، بەداخەوە بێ ئەوەی پێویست بێت گڵۆپەکانی بەکاردەهێنێت و شەوان پێویستی پێی نییە نایانکوژێنێتەوە، ئه و کولتوورە زۆر جێگیر نەبووە، کە خەڵک کارەبا بەهەدەر نەدات. ئەمەش هیوادارم لە بەرنامەکانی ڕاگەیاندن و لە ڕێنماییەکانی وەزارەتدا هەوڵی ئەوە بدەین و داوا لە هاووڵاتیانیش بکەین، یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ئه و کارەبایەی پێویست نەبێت بەکاری نەهێنن، چونکە لە ئەنجامدا ئه و کارەبایە بۆ خۆیانە.
جەنابی وەزیر سێ حاڵەتی باسکرد، بەرهەمهێنان و گەیاندن و دابەشکردنی کارەبایە، بەڵام خاڵی چوارەمیش کۆکردنەوەی داهاتی کارەبایە. لێرەدا ئێمە کەموکورتییەکی گەورەمان هەیە. دەزانم و لە نزیکەوە لەگەڵ ئێوەش ئاگادارم کە لەم کابینەیە گرنگییەکی زۆر بە درووستکردنی ژێرخانی گەیاندنی کارەبا دراوە. پێشتر ئه و هێڵانەی بەکاردەهاتن، ڕەنگە له و ئاستە نەبووبن، درووستکردنی ژێرخانی گەیاندنی کارەبا کێشەی زۆر زیاتری درووستدەکرد ئەگەر چارەسەر نەکرابا. ئەمانە هەمووی ئه و بەرنامانەن، کە لە کارنامەی چاکسازی کابینەی حکومەتدا گرنگی پێدراوە. درووستکردنی ئەم ژێرخانە لەوانەیە خەڵک نەیبینێت، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەیە، ئێمە گەیشتووینەتە ئێرە و ژێرخانەکە درووستکراوە.
پرسی بەرهەمهێنانی کارەبا بەستراوەتەوە بە پرسی سووتەمەنی. پێشتر زۆربەی پشتبەستنەکە بە نەوت بووە، کە نرخیشی بەرزبوو، غاز کەمبوو، بەنداوەکانمان بە هۆی بێبارانی و پەککەوتن و دواکەوتنی سیستمەکانیانەوە نەمانتوانیوە نە بەنداوی نوێ درووست بکەین و ئەوانەی هەشن بە بڕی پێویستی خۆیان کارەبا بەرهەم بهێنن. واتە کەموکورتییەک لەوەدا هەبووە، نرخی سووتەمەنیش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر بوو، ئێستا خەریکە کار لە سیستمی جێگرەوە دەکرێت، ئەویش گازی بەهەدەر چووە، تەنانەت ئه و گازەی لە شوێنەکانی دیکە، داوامان کردووە، بەرهەم زیاد بکرێت، هیوادارین ئه و گازە دواتر زۆربەی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەموو کوردستان بەکاربێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەم نرخی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبکەینەوە و ئاستی بەرهەمی کارەبا زیاد بکرێت بۆ ئەوەی 24 کاتژمێر کارەبامان بۆ دابین بکات و ئەگەر زیادیشی کرد، بدرێتە شوێنەکانی دیکە وەک عێراق.
بۆ گەیاندن و دابەشکردنی کارەبا کارێکی باشتان کردووە، بە تایبەتی سیستمی زیرەکتان داناوە، ئه و سیستمە بۆ ئەوەیە بەخەساردان و بەهەدەردانی کارەبا کەمدەکاتەوە. ئەم سیستمە بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبایە، بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد ناکات، بەڵام ڕێگرە لە بەهەدەردانی.
پرسی کۆکردنەوەی داهات کێشەی گەورەیە، ئەمەش لە هەموو کوردستان وەک یەک نییە. پێشتریش کارمان کردووە بۆ ئەوەی بزانین چۆن هەوڵێکی وا بدەین ئەم داهاتە بگەڕێتەوە؟ هیوادارم ئەم خاڵە لە ڕاگەیاندن بۆ هاووڵاتیان ڕوونبکرێتەوە، بە هیچ شێوەیەک لەم کابینەیە، حکومەت هیچ باج و ڕسوماتێکی لەسەر هاووڵاتیان زیاد نەکردووە. تەنیا ئەوەی هەیە، دەیەوێت ڕێکیبخاتەوە، ئه و بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە سەر هاووڵاتی لەبەکارهێنانی کارەبا، هەقە یارمەتی حکومەتی خۆی بدات و ئه و پارەیە بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێت کارەبای زیاتر بەرهەمبهێنێت. لە زۆربەی شوێنی دنیا، کارەبا وەک سەرچاوەیەکی داهاتە بۆ حکومەت، بەداخەوە لای ئێمە پشتیوانی حکومەت بۆ هاووڵاتی ئەوەندە زۆرە، کە خەرجی کارەبا زۆر لە داهاتی کارەبا زیاترە. ئەمە وادەکات فشارێکی زۆری ماددی بکەوێتە سەر حکومەت، کە لەکارەبا خەرج دەکرێت، ئەگەر هاووڵاتی یارمەتی خۆی بدات و یارمەتی حکومەتەکەی بدات، بۆ ئەوەی کارەبا کەمتر بەکاربهێنێت و ئه و پارەیەی لەسەرییەتی بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە، ئه و کات حکومەت دەتوانێت ئه و پارەیە وەبەرهێنانی پێبکات لە کەرتی کارەبا و کارەبای زیاتریش بەرهەم بهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە دەبینین، هاووڵاتی پارەی خۆی هەر دەدات، پارەی زۆرتر دەدات بە مۆلیدەی کەسیی، ئەوانەی کە لەوانەیە دوو سێ ئەوەندەی نرخی گرانتر بێت لە کارەبای حکومەت. ئامادەیە ئەوە بدات، بەرگەی دووکەڵ و دەنگەکەشی دەگرێت، بەڵام ئامادە نییە نیوەی ئه و پارەیە، بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە، کە کارەبایەکی بەردەوامی 24 کاتژمێری بە بێ دووکەڵ و زەحمەت و منەتی ئەم و ئەوی بۆ دابین دەکات.
پێویستە ئه و خاڵانە بۆ هاووڵاتیان ڕوونبکرێنەوە، کە حکومەت لێرەیە خزمەتی هاووڵاتی بکات، پارێزگاری لە مافی هاووڵاتی بکات و پێداگیری لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بکات، خەڵکێکی دیکە دەیەوێت بۆشاییەک لە نێوان حکومەت و هاووڵاتی درووست بکات، پێویستە ڕوون بکرێتەوە و خەڵک متمانەی بە حکومەتەکەی هەبێت و بزانێت حکومەت بۆ خەڵکە و لە خزمەتی خەڵکە. ڕێگەش بگرێت لەوەی خەڵکێکی هەلپەرەست و بەرژەوەندخواز بێن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، خەڵک لە حکومەت تووڕە بکەن، بۆ ئەوەی ئەوان بێن خۆیان بکەنە بەدیلی حکومەت و وا خۆیان پیشاندەن، ئەوان لە خەمی خەڵکدان.
ئێوە لە ڕووی تەکنیکی و هونەرییەوە چی دەکەن، تەنانەت لە ڕووی ڕاگەیاندن و تێگەیاندنی خەڵکیش، ئێوە زیاتر لە هاووڵاتیان نزیک بن و ڕوونی بکەنەوە ئه و شتانەی دەیکەن بۆ دەیکەن و ئامانجتان چییە. هیوادارین بگەینە ئه و ئاستەی 24 کاتژمێر کارەبا دابین بکەین. ڕاستە لە وەرزێک بۆ وەرزێک خواست لەسەر کارەبا جیاوازە، زستان لەبەر سەرما، خەڵک سوود لە کارەبا وەردەگرێت بۆ دابینکردنی گەرما، ئەمەش کارێکی هاوبەشە، لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی، تەنانەت لە درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و خانووبەرە، بۆ ئەوەی ئه و ماددانە بەکاربهێنن، کە کەمتر کاریگەری سەرما و گەرمای لەسەرە، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی هەوای ژوورەوە به و کەرستانە بکرێت، کە کەمترین پێویستی بە بەکارهێنانی کارەبا بێت بۆ ساردی و گەرمی.
لە لایەکی دیکەوە پێویستییمان بەوەیە، ئێمە بەجددی بیر لە وزەی سەوز بکەینەوە، ئەوەی کە لە وزەی خۆر و ئاو و هەوا بەرهەمدێت. هەر جۆرێک له و وزەیە، کە پێویستە بیر لە جێگرەوەکان بکەینەوە و چۆن بتوانین هەنگاو بۆ ئه و بوارانە بنێین. پێم وایە شتی باش دەستپێکراوە.
ئێمە بەرنامەمان زۆرە، تەنانەت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش، بەشێکی دیکە لە بەکارهێنانی گاز، هیوادارین بتوانین سیستمێکی نێتۆرکی گازی بۆ هاووڵاتیان درووست بکەین، بتوانن بۆ گەرما سوود لە گاز وەربگرن، نەک کارەبا و هەروەها ڕێژەی بەکارهێنانی داریش بۆ سووتان کەمبکرێتەوە.
ئەمە هەمووی لە بەرنامەی حکومەتدایە، هەروەک باسم کرد، بەرنامەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و هەموو ئه و لایەنە پەیوەندیدارانەی پێویستە کاریان لەسەر بکەین.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!