ناو: ئاراس
نازناو: برادۆستی
ناوی باوک: نەجمەدین عەبدولغەفوور
$ژیاننامە$
ئاراس نەجمەدین عەبدولغەفوور ناسراو بە ئاراس برادۆستی لە ساڵی 1987 لە #سۆران# لەدایکبووە، ساڵی 2011 کۆلێژی پزیشکی لە #هەولێر# تەواوکردووە. فیسیۆلۆژی مێشکی لە زانکۆی تەفتسی ئەمریکا لە 2011-2012 خوێندووە. ساڵی 2014 فیسیۆلۆژی کلینیکیی لە زانکۆی ئوپساڵای سوێد خوێندووە. لە ساڵی 2012وە لە ڕووداو کاردەکات. خولی درێژی ڕاهێنانی ڕۆژنامەڤانی و پێشکەشکاری بینیوە لە ڕووداو لەلایەن ڕاهێنەرانی ئەوروپایی لە 2012-2013دا. لەگەڵ دەستپێکی پەخشی ڕووداو لە #29-05-2013# تاوەکوو ئێستا بەرپرسی دێسکی تەندرووستی ڕووداوە. خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی تۆڕی میدیایی ڕووداوە. ئەنتیتۆباکۆ کەمپینێکی ساڵانەیە، لە 31ی ئایاری هەموو ساڵێک ڕادەگەیێندرێت بۆ هاندانی خەڵک بۆ دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان. لە ساڵی یەکەم و دووەمدا زیاتر لە 12 هەزار کەس لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتان تێیدا بەشداربوون و وازیان لە جگەرەکێشان هێنا. ساڵی سێیەم زیاتر لە 28 هەزار کەس بەشدارییان تێداکرد و لە کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ چارەسەری پزیشکیی پێویستیان وەرگرت.سەرۆکی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی سەبارەت بە پڕۆژەکە ڕایگەیاند: جوانترین بیرۆکەیە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردووی کارکردنم لە ڕێکخراوەکەدا لە جیهاندا بینیبێتم.
خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی کێشڕێکیی تۆڕی میدیایی ڕووداوە، کە پرۆگرامێکی کێبڕکێیانەی تەندرووستییە بۆ دابەزاندنی کێش و ڕێکخستنەوەی ستایلی ژیان، یەکەم وەرزی بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات.
خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دەرمان دیکتیۆیە، کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان تۆڕی میدیایی ڕووداو و دەزگای کواڵیتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستانە. ئامانج لەو پڕۆژەیە بە کوردیکردنی زانیارییە زانستییەکانی دەرمانە. هەنگاوی یەکەمی پڕۆژەکە بریتییە لە ئەپڵیکەیشنێک کە هەموو زانیارییە پێویستەکان سەبارەت دەرمانە ڕێگەپێدراوەکانی کوردستانی تێدایە.
پێشکەشکاری بەرنامەی هەتوان بوو لە ڕووداو، کە شەش مانگ بەردەوام بوو و بەهاوبەشی لەگەڵ دکتۆر لۆنا قەرەداغی. دوای ئەوە دەستیکرد بە پێشکەشکردنی بەرنامەی نۆڕین بەشێوە و نێوەڕۆکێکی جیاواز. خۆی پێشکەشکار و پرۆدیوسەری بەرنامەی نۆڕین بوو لە ساڵی 2014ەوە.
نۆڕین بەرنامەیەکی هەفتانەبوو، لە ماوەی شەش ساڵدا 250 ئەڵقەی پێشکەشکران. نۆڕین بە سێ قۆناخی جیاوازی کۆنسێپت و نێوەڕۆکدا تێپەڕیوە. هەر هەفتەیەک بەشێوەیەکی ورد و زانستی بایەخی بە مژارێک دەدا. پڕبینەرترین بەرنامەی تەندرووستی بوو لە میدیای کوردی دا. نۆڕین یەکێک لە سەرکەوتووترین بەرنامەکانی ڕووداوە و لە سۆشیالمیدیای ڕووداودا خاوەنی ژمارەی پێوانەیی بینەرە، کە لە یەک هەفتەدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بینراوە.
پێشکەشکاری بەرنامەی (ڕەمەزاندرووستی) بووکە بەرنامەیەکی تەندرووستی گشتی بوو و لە مانگی ڕەمەزاندا پێشکەشدەکرا. ئەم بەرنامەیە لە ساڵی دووەمیدا بووە پڕ بینەرترین بەرنامەی میدیای کوردی لە ڕەمەزاندا، ساڵی 2019 لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا تەنیا لە سۆشیالمیدیای ڕووداو زیاتر لە 21 ملیۆن جار بینراوە.
بێژەر و پرۆدیوسەری هەواڵە تەندرووستییەکانی ڕووداو بووە لە یەکەم ڕۆژی پەخشی ڕووداوە وە. تاوەکوو ئێستاش لە کاری بێژەری بەردەوامە، ڕووماڵی گرنگترین ڕۆژ و بۆنە جیهانییە تەندرووستییەکانی کردووە.
دوای دابڕانێکی کورت، دکتۆر ئاراس ئێستا بە بەرنامەیەکی نوێ و جیاوازەوە هاتووەوە سەر شاشەی ڕووداو، بەرنامەکە شۆیەکی پزیشکییە بە ناوی دکتۆر ئاراس، بەرنامە نوێیەکەی دکتۆر ئاراس برادۆستی پێویستیی تەنیا بە هەفتەیەک بوو تا ڕیکۆردێکی نوێ لە سۆشیەڵ میدیای ڕووداودا تۆماربکات و ڤیدیۆکانی دووەم بەرنامەی لە ماوەی 24 کاژێردا زیاتر لە یەک ملیۆن جار بینران، ئێستا بەرنامەکەی بەردەوامە و هەفتانە لە ڕۆژانی شەممە پێشکەشدەکرێت.
بەرپرسی دێسکی تەندرووستی ڕووداوە، بەرهەمەکانی ئەم دێسکە جگە لە بەرنامەی نۆڕین و دکتۆر ئاراس، هەواڵی ڕۆژانەی تەندرووستییە کە لە میدیای کوردیدا تەنیا ڕووداو خاوەنی بوولتەنی تەندرووستییە. لاپەڕەی تەندرووستی لە ڕۆژنامە، ماڵپەڕ و سۆشیالمیدیای ڕووداو پڕ خوێنەرترین و متمانەپێکراوترین سەرچاوەی تەندرووستین لە میدیای کوردیدا، لە ڕادیۆی ڕووداویش بەرنامەی نۆژدار و بوڵتەنی هەواڵە تەندرووستییەکانیش بەرهەمی دێسکی تەندرووستین، دکتۆر ئاراس سەرپەرشتی گشتی هەموو بەرهەمە تەندرووستییەکانی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەکات. لە ساڵی2010 وەک ئەندامی هەمیشەیی پەیمانگەی سەرکردایەتی جیهانی The Institute for Global Leadership لە ئەمریکا هەڵبژێردرا. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەران و یەکەم سەرۆکی ڕێکخراوی IFMSAبووە لە کوردستان. ماوەی دوو ساڵ سەرۆکی پزیشکانی نیشتەجێی هەولێر بووە. سەرۆکی (گرووپی پارێز بۆ ئەرک و مافەکانی نەخۆش) بووە. ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکانی تیمار و هەتوان بووە.
دکتۆر ئاراس برادۆستی لە یەکەمین ڕێووێنەی هەڵبژاردنی پزیشکی ساڵ، بەهۆی ڕۆڵی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندرووستی خەڵکی کوردستاندا، لەلایەن وەزارەتی تەندرووستی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی و ڕێکخراوی ژیانی تەندرووستی، وەک پزیشکی ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.
ساڵی 2019 وەک سەرۆکی یەکەمین لووتکەی تەندرووستیی کوردستان دەستنیشانکرا. لووتکەکە بە بەشداری نوێنەرانی 13 وڵاتی جیهان و زیاتر لە 600 پزیشک و کارمەندی تەندرووستی لە شاری هەولێر سازکرا، ئەنجامی لووتکەکە دانانی نەخشەڕێگەی بەهێزکردنی کەرتی تەندرووستیی هەرێمی کوردستان بوو.
ڕۆڵێکی گەورەی لە کاری خێرخوازیدا هەیە، لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بەشداری لە چەندین پڕۆژەی خێرخوازیدا کردووە، لەوانەش دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی کامپەکان لە باشووری کوردستان، ڕزگارکردنی ژیانی چەندین منداڵ بە دابینکردنی چارەسەرە پزیشکییە خێراکان بۆیان .
خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی تواناسازیی پزیشکییە کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لە پڕۆژەکە ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ پزیشکانی کوردستان تاوەکوو خوێندنی باڵای پزیشکی لە ئەڵمانیا تەواو بکەن.
بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی (لا ساپیانتسا)ی ئیتاڵی، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردستانی ئیتاڵییە.
بایەخی زۆر بە شێوەی ژیانی تەندرووست دەدات، هەفتانە پێنج ڕۆژ وەرزش دەکات. حەزی لە یاری تۆپی پێیە، هاندەری یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیتاڵیایە.
یاریزانی تۆپی پێ بووە لە تازەپێگەیشتووانی یانەی ئاسۆ و هەولێر، پاشان لەلایەن یەکێتی ناوبژیوانانی ئێراق و کوردستان دوای چەندین تاقیکردنەوەی جەستەیی و زانستی بە ناوبژیوانی پلە سێی ئێراق هەڵبژێردراوە، دواتر بەرزکراوەتەوە بۆ پلە دوو، بەڵام بەهۆی بایەخدانی بە خوێندنی پزیشکی وازی لە ناوبژیوانی هێناوە.
زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و ئیتاڵی دەزانێت و هێشتا سەڵتە و ژیانی هاوژینی دەستپێنەکردووە. [1]